Home / په‌رتووكخانه‌ / پەرتووكخانەی مێژووى کورد / سەلام ناوخۆش : لە سەروەری مەلای خەتێ وە بۆ سەروەری دکتۆر عوسمان عەلی

سەلام ناوخۆش : لە سەروەری مەلای خەتێ وە بۆ سەروەری دکتۆر عوسمان عەلی

257470_546816662015048_881955565_o

لە سەروەری مەلای خەتێ
وە بۆ سەروەری دکتۆر عوسمان عەلی
سەلام ناوخۆش –پرۆفیسۆری ھاریکار
قسەی بن دیوار و بێ ئارگومێنت ناخوێنمەوە
لەم بابەتمدا قسە لە سەر دوو پرس دەکەم ، ھەردوو پرس لای ھەندێ رۆناکبیری بێ ئارگومێنت ، بوونەتە قسەی بن دیوار لە جیاتی پیرەمێرد و بەساڵاچووەکان بیگێڕنەوە و مەجلیسی بێھودەیان پێ گەرم بکەن ، ھەندێ میدیا دەھۆڵیان بۆ لێدەدەن. شڕۆڤەنەکردنی پرس ، کوردی بەم دۆخە تەماوییە گەیاند. خوانەخواستە ئەمجارە پرسی کورد بەرەو لێژی بچێت ، بەشی ھەرەزۆری گوناھەکە بۆ حیزب و قەڵەمبەدەست و شەھادەداری کورد دەچێت .
ئەو دوو پرسەی دەمەوێ قسەی لە سەر بکەم بریتین :
یەکەم ، بێ گوناھی مەلای خەتێ لە کەوتنی میرنشینی سۆران ،
دووەم ، پرسی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوا
یەکەم ، خیانەتی مەلای خەتێ یا خیانەتی میری سۆران و موکریانی ؟
( پازدە) ساڵ زیاترە کار لە سەر مەلای خەتێ و میرنشینە کوردییەکانی سەدەی نۆزدە دەکەم ، پرۆژەی تیشک لە سلێمانی لە مانگی دوازدەی ساڵی ٢٠١٢ خەڵاتی مەلای خەتێ-م بۆ نووسین وەرگێڕان بەدەستھێنا . لەو کۆنفراسەدا مێژوونووسی گەورەی کورد ھەریەک لە دکتۆر کەمال مەزھەر و حەسەن مەحموود ئامادەبوون.
لەبەشی یەکەمی نووسینەکەم ھەوڵدەدەم بە داتا نەک قسە بن دیوار و جواوە بسەڵمێنم کە مەلای خەتێ بێ گوناھە و ئەوە میری سۆرانە بە ھەندێ دیاری و بەڵێنی ڕەشید مستەفا و ریچارد ود قەناعەت دەکا و تەسلیم دەبێ ، حوزنی موکریانی قەڵەمداری زەمەنی خۆی فەتوایەک بەناوی فەتوای مەلا خەتێ دادەتاشی .
مەلای خەتێ ١٧٧٥-١٨٦٠ناوی موحەمەدی کوڕی ئەحمەدی کوڕی عەبدولرەحمانی ئیسماعیلی شێخ سولێمانە . زۆر قسە لە سەر فەتوایەک کراوە بە ناوی فەتوای مەلای خەتێ . ئەو فەتوایە لە پاش ساڵی حەفتاکانی سەدەی بیستەمەوە ھەرایەکی گەورەی لە نێوان لایەنگران و دژەکانی نایەوە .
من ئاماژە بە پاساوی ھیچیان ناکەم , چونکە دوای دەرچوونی دوو کتێبی ئینگلیزی , گەیشتمە قەناعەتێکی یەکلاکەرەوە کە ھیچ فەتوایەک بوونی نییە , ئەوی میری سۆرانی قەناعەت پێکردووە دوو نامەکەی ڕەشید پاشا و دبلۆماسیەتی ڕیچارد ودی پیاوی ئینگلیز بووە .
دوو کتێبە ئینگلیزیەکە باس لەوە دەکەن کە ڕیچارد ود ھاوچەرخی مەلای خەتێ و میری سۆران بووە , لە سەر ڕازیکردنی میری سۆران , قونسولی بەریتانی سوپاسی کردووە , چونکە ھەوڵەکانی موحەمەد عەلی کوردی و ئیبراھیمی کوڕی و ھەوڵی میری سۆران خەتەربوون لە سەر بەرژەوەندی ئینگلیز لە ناوچەکەدا.
دوو کتێبە ئینگلیزیەکە بریتین لە :
١. Curringham١٩٦٦. The Early Correspondence of Richard Wood ١٨٣١-١٨٤١ ,
٢.David McDowwall ١٩٩٧ . A modern History of The kurds.
بە باش و خراپ باسی مەلای خەتێ ناکەن , چونکە ئەوە خودی ڕیچارد ودی ئینگلیزی بووە , کە قەناعەتی بە میری سۆران کردووە تەسلیمی ئەستەنبۆل ببێت . ود بە دبلۆماسیەتی خۆی قەناعەتی بە میری سۆران کرد , چی دی شەڕی عوسمانی بکات . لە سەر ئەمەش قونسولی بەریتانی لە موێڵ پیرۆزبایی لە ریچارد ود کرد , ھەروەک لە پەیوەندیە بەراییەکانی ود لە نێوان ١٨٣١-١٨٣٢ دەردەکەوێت . ئەو زاتەی ھەولێر لەو تۆمەتە بەرییە!
لە سەرباسی (ب )دا , خوێندنەوەیەک بۆ پەڕاوی ( میرانی سۆران ) دەکەین ھەروەھا قسەی یەکلاکەرەوە لە سەر ئەفسانەی فتوای مەلای خەتێ دەکەین , کە دوور و نزیک پەیوەندی بەو فتوا ساختەیەی موکریانی نییە , چۆن ( شیعری ھرمزگان ) داھێنانی عەقڵی دکتۆر سەعید کوردستانی بوو , بە ھەمان شێوەش فتواکەی ” مەلای خەتێ ” , داھێنانی موکریانی بوو . بە ڕاستی ئەو دوو دەقە ساختەیە , ماوەیەک لە زاکیرەی خوێندەواری کورد مانەوە , بەڵام ئەمڕۆ زۆر نووسەری عەلمانی پێی ساختەن !!
ئێوە و خوێندنەوەی پەڕاوی مێژووی میرانی سۆران :
ب. خوێندنەوەیەک بۆ پەڕاوی میرانی سۆران
پەڕاوی ” مێژووی میرانی سۆران ” لە نووسینی حسێن حوزنی موکریانی-ە , چاپی دووەمی لە ساڵی ١٩٦٢ لە چاپخانەی کوردستان چاپکراوە و لە دوتوێ ی ١٢٦ لاپەڕەی مامناوەندی بڵاوکراوەتەوە . ئەو کتێبە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی “فتوای مەلای خەتێ ” بوو ھەروەھا ئەو کتێبە پڕە لە پەرادۆکسیەت.
کتێبەکە بە ناو مێژووی میرانی سۆرانە , بە ڵام تەنیا ٢٨ لاپەڕەی لە سەر میرانی پێش میر موحەمەدە لە لاپەڕە ٢٩ ھەتا لاپەڕە ٨٧ لە سەر میر موحەمەدە . لەو ٥٨ لاپەڕەیە تەنیا قسە لە سەر ٦ لاپەڕەی نێوان ٨٢-٨٧ دەکەین , کە کرۆکی بابەتەکەی ئێمەی تێدا باسکراوە . لەو ٦ لاپەڕەیە لە سێ ناونیشانی خوارەوەدا تاوتوێدەکەین :
١. ستەمی میران سۆران
لەم نوسینەدا ئاماژە بە شەڕەکانی نێوان میرنشینەکانی کورد ناکەم , لەو بارەوە ھەر ھێندە دەڵێم ئەو شەڕانە بیرۆکەی یەکێتی نەتەوەیی یان سەربەخۆیی نەتەوەیی ھەڵدەوەشێننەوە .
دەیڤید ماکدۆل و زۆربەی نوسەرانی دی باس لەوە دەکەن کە میری گەورە میرێکی زۆر توند بووە , بە جۆرێک وەک حوزنی موکریانی لە لاپەڕە ٣٣-٣٤ و ٣٤-٣٨ دەنوسێت میر موحەمەد , عەبوڵڵای خەزێنەدار و تەمەرخان بەگی مامی و مەحمود بەگی برازای خنکاند . موکریانی , لە ل ٣٤ نایشارێتەوە کە کوشتنی عەبوڵڵای خەزێنەدار ترس و سام –ی لە نێو ھاوسێکانی بڵاوکردۆتەوە. وێڕای ئەوە , ڕیچ لە گەشتەکەیدا دەڵێت : ” میر لە شەڕی ئامێدی دا ئەو شەڕڤانانەی توندتر دەکوشت , کە توندتر بەرەنگاری سوپای میریان دەکرد .”
٢. تەسلیمبوونی میری سۆران
لە سەر پرسی تەسلیبوونی میر موحەمەد ئاماژە بۆ سێ شت دەکەین :
ڕ. فەتوای مەلای خەتێ ,
ئەوەندەی من ئاگادار بم , ئەو کتێبەی موکریانی یەکەم کتێبە کە ئاماژەی بۆ فتوایەک بە ناوی فتوای مەلای خەتێ کرد بێت و ببوبێتە سەرچاوە بۆ کتێبی تر .
پاش بڵاوکردنەوەی ئەو فتوایە لای موکریانی , بەبێ دیتنی ئەو فتوایە , ھەندێ نوسەر و شاعیر پەیدابوون مەلای خەتێیان وەک میرابۆ و مەدرسەی خیانەت دیت , لەو لاوەش نوسەری دی پەیدابوون بیانوویان بۆ ئەو فەتوایە دەدۆزیەوە , ھەندێکی تر ھەر نەفی ھەر جۆرە فتوایەک دەکات!
دەپرسین کێ فتوا دەدات ؟ ئایا وەزیفەی مەلای خەتێ لە دام و دەزگای میرنشینی سۆران چی بوو؟
لە ڕووی ڕسمیەتەوە مفتی وڵات یا مفتی میرنشین فتوا دەدات . مەلای خەتێ مفتی میرنشینی سۆران نەبوو , ھەتا فتوا بدات . موکریانی لە لاپەڕە ٨٧ ی کتێبی مێژووی میرانی سۆران خۆی بێئەوەی ھەست بکات , دەنووسێت :” کە مەلا عزیز مفتی ڕواندز بووە ھەر ئەویش ئامۆزای میر بووە و ھەر ئەویش یاوەری میر و ڕەشید پاشای بۆ ئەستانە –ئەستەمبۆل کردووە .” کەواتە مەلای خەتێ لەو ھاوکێشەیە لە کوێیە؟ بە ڕاستی ئەو فتوایە تەنیا لە ھزری موکریانی بوونی ھەیە . ئەگەر مەسەلەکە داتاشینی خیانەت بێ بۆ مەلای خەتێ , چونکە موکریانی کێشەی لەگەڵ نەوەکانی مەلای خەتێ ھەبووبێ , ئەوە زۆر نوسەریش موکریانی تۆمەتبار دەکەن کە پیاوی ئینگلیز بووە و پێی لە سەفارەت و قونسولیەی بەریتانیا نەبڕاوە ! ئایا ئەوە ڕاستە؟ بە ڕای من چەند فتوایەکەی مەلای خەتێ بوونی ھەیە , ھەر ئەوەندەش موکریانی پیاوی ئینگلیز بووە!
ب. نامەکانی موستەفا رەشید پاشا بۆ میری سۆران ,
لەو پرسەدا میری سۆران کراوەتە پالەوان و مەلای خەتێ لە خوت و خۆڕا کراوەتە میرابۆ ؟ وەک وتمان پاش ئەوەی سولتان مەحمود لە ڕێککەوتنامەی یاوز-بدلیسی پەشیمانبۆوە و ویستی دەوڵەت بەرەو سیستەمی مەرکەزیەت بگێڕێتەوە , چارەنووسی میرنشینەکان کەوتنە خەتەرەوە . دەوڵەت لە دوو میرنشینی باشووری کوردستان , سۆران و بابان , یەکەم جار پەلاماری میرنشینی سۆرانیدا . سوپاکەی مستەفا ڕەشید پاشا وەک موکریانی لە لاپەڕە ٨٣ دەنووسێت :” پێکھاتبوو لە ٤٠ ھەزار سەربازی دیاربەکر و بەغدا و موێل و سیواس و موش و بتلیس و ئەرزەڕۆم چووە دەشتی ھەریر .” ھەر موکریانی لە لاپەڕە ٨٥ و ٨٦دا باس لە دوو نامە دەکات کە ڕەشید پاشا بۆ میری ڕواندزی ناردووە :
ڕ. نامەی یەکەم
مستەفا ڕەشید پاشا نامەی یەکەمی لە ئاکرێوە بۆ میر نارد , نامەکە چەند بەڵێنێکی دەوڵەتی لە خۆ گرتبوو , لەوانە
– بە پێوەری ئیسلامی و پەیمانی خولەفای ڕاشیدین مامەڵەت لەگەڵ دەکەم,
– ھەرچی پێت ناخۆش بێت دەرھەقت ئەنجام نادەم,
– تەنیا دەمەوێ لە ژێر سێبەری خودا و حوکمڕانی ئەمیر لموئمنین دابیت ,
– ئێوە وەک منداڵی خۆم حسێب دەکەم,
– فەرمانی میری میرانت لای خەلیفە بۆ دابیندەکەم,
– دژی دوژمنەکانت یارمەتیت دەدەم”
دوای ئەو نامەیە , موکریانی لە لاپەڕە ٨٦ دا بانگەشەی ئەوە دەکات , کە خۆی لە خۆیدا پارادۆکسیە ,کە مەلای خەتێ وتویەتی :”ھەر کەسێک شەڕ لەگەڵ لەشکری عوسمانی بکا , بەبێ ئیمانی دەمرێ و لە ژیانیا تەڵاقی دەکەوێ.”
کاکی مێژوونووس میرنشین مفتی خۆی ھەیە , خێرە مەلا خەتێ فتوا لە بریتی ئەو دەدات؟؟! نامەکەی ڕەشید پاشا ھێندەی لە قازانجی میری سۆران دایە , زەڕەیەک لە قازانجی مەلای خەتێ دا نییە! بۆیە دەڵێم ئەگەر بڕیار بێت دادگایەکی ناسیونالی دابنێین , دەبێ میری سۆران لەو دادگایە دادگایی بکرێت , نەک مەلای خەتێ , چونکە نە کاربەدەست بووە وە نە موفتی میرنشین ھەتا فتوا بدات ھەروەھا بە ھیچ جۆرێک کارەکتەری شانۆی سیاسی میرنشین نەبووە , چونکە نەیتوانیوە لە کێشەی نێوان میری سۆران و ئیبن ئادەمی مامۆستای وتەیەک بدات یان لە کێشەی سۆران –بادینان , سۆران –بابان , سۆران –ئێزیدیەکان!
ب. نامەی دووەم
وەک خودی موکریانی لە ل٨٦ دا دەنووسێت پاش ئەوەی ڕەشید پاشا گەیشتە دەشتی سۆران , نامەیەکی دی بۆ میری سۆران نووسی , کە ئەمە دەقەکەیەتی :” دووبارە بەڵێنت پێدەدەم , کە دەوڵەت بتکاتە میری میران و ڕوتبەی پاشایەتیت بۆ تازە بکەمەوە .”
ھەردوو نامە لە کتێبەکەی موکریانی نەیاری مەلای خەتێ ھاتووە , بەو پێوەرە بێت مەلای خەتێ یان میری سۆران قەناعەتی بە نامەی دەوڵەت ھێناوە و تەسلیم –ی دەوڵەت بووە ؟؟؟؟
ت. گفتوگۆی ڕیچارد ود لەگەڵ میر موحەمەد
گفتوگۆی ڕیچارد ود لەگەڵ میری ڕواندز لە ھەردوو کتێبە ئینگلیزیەکە , ئاماژەی پێکراوە و بە ھیچ جۆرێک باسی مەلای خەتێیان نەکردووە , بە جۆرێک ڕیچارد ود ھاوچەرخی مەلای خەتێ بووە , جا ئەگەر فتوایەک ھەبووایە سەد لە سەد ئاماژەی پێدەکرد , چونکە لە نامەکانیدا ئاماژەی بۆ زۆر شتی سەردەم کردووە .
ئەو دوو کتێبە برای بەرێزم مامۆستا سوداد ڕەسول لە ھەندەران بۆی ھێناوم , بۆیە کتێبی یەکەم باوەڕ ناکەم , ھیچ کوردێک , جگە لە چەند کەسێک , دیتبیتی , بۆیە ئاماژە بەو لاپەڕانە دەکەم کە باسی میری سۆرانن.
کتێبەکە ناوی
١.The Early Correspondence of Richard Wood ١٨٣١-١٨٤١ , ١٩٦٦
دکتۆر کونینغام بۆ کۆمەڵگای شاھانەی مێژوویی نامەکانی ریچارد ودی لە نێوان ساڵانی ١٨٣١-١٨٤١ ئامادەکردووە . ئەم کتێبە ٢٨١ لاپەڕەیە . ئەم لاپەڕانەی خوارەوە تایبەتن بە میری رواندز , کە ئەو بە رواندز بێی ئاماژەی پێکردوون . لاپەڕەی ١٢-١٥ , ١٧ , ٩٠ , ٩٢-٩٥ , ٩٧ , ٩٨ , ١٠٢-١١٠ , ١١٢ , ١١٦-١٢٠ , ١٢٤.
لە لاپەڕە ١١٠ ( وێری ) کونسوڵ لە دەسپێکی نامەی ١٠ی ئۆکتۆبەری ١٨٣٦ سوپاسی ڕیچارد ود دەکات لە سەر ڕازیکردنی میر موحەمەدی ڕواندز و لە نێوبردنی میرنشینەکەی…ھەروەھا لە لاپەڕە ١١١ دا ئاماژە بە نامەی کۆلۆنێل تەیلۆر کراوە کە لە ٣٠ی ئۆکتۆبەری ١٨٣٦ بۆ ڕیچارد ود نووسراوە “ئاشکەر پاشای قائمقام لە ٤ی نۆڤێمبەری دابێ دەچێتە کەرکوک وەک پاشای کوردستان لە ڕواندز…”
کتێبی دووەم , کتێبەکەی دەیڤید ماکدوێل-ە , بە ناوی مێژووی نوێی کوردەکانە , ئەو کتێبە چاپە ئینگلیزیەکەی لە ساڵی ١٩٩٧ چاپکراوە بە ناوی :
٢.David McDowwall ١٩٩٧ . A modern History of The kurds.
ئەوەندەی من ئاگاداربم بەم دوایە تەرجومەی عەرەبی و فارسی و کوردی کراوە. ئەبوبەکر خۆشناو بە ناوی مێژووی ھاوچەرخی کوردی لە شێوەی دوو بەرگ لە فارسیەوە وەریگێڕاوە , مۆدرنی ئینگلیزی واتای ھاوچەرخبوون نادات , ئەوەش یەکێک لەو ھەڵانەیە , کە وەرگێران لە زمانی دووەم دەکرێت و بەراورد ناکرێت بە زمانی یەکەم (زمانی دەق پێ نووسراو ) . لە لایەکی دی کتێبەکە ٤٨٠لاپەڕەی داگرتووە , کەچی تەنیا لاپەڕە ٤٤٥-٤٥٨ لە بارەی نۆوەدەکانی سەدەی بیستەم .
ماکدوێل ھەر سێ لاپەڕەی ٤٢ ,٤٣ , ٤٤تایبەت کردووە بە میر موحەمەدی ڕواندز و کەوتنی میرنشینی سۆران .ئەو سێ لاپەڕەم لە ساڵی ١٩٩٩ تەرجومەی کوردی کردوو لە گۆڤاری ھەولێر بەبێ پێشەکی بڵاوکردەوە , بەڵام ماوەیەکی تر بە پێشەکیەک لە گۆڤاری مەتین ( لە دھۆک ) بڵاوکردەوە .
لە لاپەڕە ٤٤ی کتێبەکەی ماکدۆل , بۆت دەردەکەوێ کە نووسەرانی لایەنداری موکریانی بە قەد تەمەنی خۆیان داوای لێبوردن لە مەلای خەتێ و بنەماڵەکەی بکەن , ھێشتا کەمە!
گوێ بگرن , ڕیچارد ود لە ڕواندز چی دەگێڕێتەوە ؟؟ میر موحەمەد بە قسەی مەلای خەتێی کردووە ؟؟ یان لە نێوان پێشنیازی جاسوسی قاجاری و ریچارد ودی پیاوی ئینگلیز دۆش داماوە . دەیڤید ماکدۆل لە زمانی ڕیچارد ود دەگێڕێتەوە : ” مانەوەکەی ڕیچارد ود لە ڕواندز زۆر زەحمەت بوو سەرکەوتوو بی , چونکە لە رواندز جاسووسی قاجاریشی لێ بوو خەریکی قایلکردنی میر موحەمەد بوو کە بەرەو ئیران ڕابکات , لەوێش ئیران یارمەتی دەدات دژی دەوڵەتی عوسمانی ! ڕیچارد ود توانی ئەو پلانەی جاسووسی ئیرانی ھەرەس پێ بێنی بەوەی بە جاسووسەکەی وت چۆن ئیران دەتوانی لە ھەمان کاتدا پەناگە بە میر بدات؟ میر موحەمەد ھێزەکانی عەلی رەزا تەنھا چوار سەعات ڕێی پیادەیی لێرە دوورن….میر پلانی ھەڵاتنی بۆ ئیران ڕەتکردەوە , ڕازی بوو خۆی بە دەست سوپاکەی ڕەشید پاشا بدات و ھەر لە ژێر چاودێری ئەویش بۆ ئەستەمبۆل چوو… .”
ئیشی نووسەری لایەنداری موکریانی ئەوەبووە , ئەوەی ڕیچارد ود کردوویەتی داویەتە پاڵ مەلای خەتێ و خەتێی شوبھاندووە بە میرابۆی شۆرشی فەرەنسی یان سینۆنیمی خیانەت !
جگە لەو دوو کتێبە ئینگلیزیە, کە بەڵگەی یەکلاکەرەوەن لە پرسی فتوایەک بە ناوی ” فتوای مەلای خەتێ , بەڵگەیەکی دی رۆژئاوا , کتێبی کورد لە ئینسایکلۆپیدیای ئیسلامە , کە لە لاپەڕە ١٥٤ دێتە سەر کەوتنی میرنشینی سۆران دەڵێت:” میری رەواندوز بە فێڵ و دەھۆ دەستگیر کرا .”
خودایە , دەبێ کەسایەتی چەندان زاتی کورد بە دەست کورد و غەیرە کورد شێواندرا بێت ؟؟
٣. وەرگرتنی باجی تەسلیمبوونی میری سۆران
ڕ.خەڵاتی میری سۆران بۆ ڕەشید پاشا
میری سۆران لە سەر نیازپاکی موستەفا ڕەشید پاشا خۆی تەسلیمی سوپای عوسمانی کرد . موکریانی لە لاپەڕە ٨٧ لە مەلا ئەسعەدی خەیلانی زادە و حاجی قادری ئیشک ئاغاسی زادە دەگوازێتەوە کە میری سۆران باری ٢٠٠ ئێستر دراوی بە ڕەشید پاشا داوە.” ھەر موکریانی لە لاپەڕە ٨٧ بە بێ ئاگا ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەشید پاشا لە سەر قسەی خۆی بووە , چونکە ” ڕەشید پاشا بە حورمەتەوە پێشوازی لە میری سۆران کردووە , عەفوی لە لایەن سوڵتانەوە بۆ دابین کرد و فەرمانی روتبەی میری میران و پاشایەتی بۆ ستاند , ھەتا فەرمانی گەڕانەوەی لە ئەستانەوە بۆ سۆران بۆ وەرگرت .” ئەفسووس لەو دەمەدا ڕەشید پاشا مرد ,عەلی ڕەزای دژە میر و ڕەشید پاشا باب عالی تیغ تیغەدا کە ئەگەر میر بگەڕێتەوە , عیراق لە نێو دەچێ و لە دەست دەچێ , بۆیە بابی عالی فەرمانیدا لە نێوان تەرەبزۆن –سیواسدا , میری سۆران شوێن بزر بکرێ و بە نھێنی ئیعدام بکرێ!!
کەواتە مەلای خەتێ و ڕەشید پاشا و سوڵتان مەحمود بەریئن لە کوشتنی میری سۆراندا , عەلی ڕەزا و سەرۆک وەزیرانی عوسمانی تاوانبارن لە کوشتنی میری سۆراندا.
ب.سوپاسی قونسولی بەریتانی بۆ ڕیچارد ود
ئایا لۆژیکیە قونسولی بەریتانی لە خۆڕا سوپاسی ڕیچارد ود بکات ؟ ئامادەکاری پەیوەندیە نامەیەکانی ڕیچارد ود ئاماژە بەوە دەکات کە قونسولی بەریتانی سوپاسی ڕیچارد ود دەکات . لەمەدا دەردەکەوێ ئەوەی ئەو دەورەی بینیوە ( ڕازیکردنی میر بە تەسلیمبوون ), ریچارد ود بووە , نەک مەلای خەتێ . ئەو ڕازیکردنەی میری سۆران لە لایەن ریچارد ودەوە لە ھەردوو کتێبە ئینگلیزیەکەوە جەختی لە سەر کراوەتەوە , لە سەر ئەو کارەش وێری قونسول , لە لاپەرە ١١٠دا سوپاسی ڕیچارد ودی لە ١٠ ی ئۆکتۆبەری ١٨٣٦ کردووە , وەک لە نامەکەی بۆ ود ھاتووە.
ڕیچارد ود ھاوچەرخی مەلای خەتێ بووە , ھەردووک لە سەدەی نۆزدە ژیاون , دەیڤید مادوێل کوردناسێکی ناوداری رۆژئاوایە. ئەو دوو کتێبە ئینگلیزیە, بە ئاماژە ش باسی مەلای خەتێ ناکەن . کتێبی دووەم لەو مەسەلەیەدا سودی لە کتێبی یەکەم بینیوە .
دوو کتێبە ئینگلیزیەکە بریتین لە :
١.The Early Correspondence of Richard Wood ١٨٣١-١٨٤١ , ١٩٦٦
٢.David McDowwall ١٩٩٧ . A modern History of The kurds.
ئەو دوو کتێبە تەواو ئەو تۆمەتانە لە سەر مەلای خەتێ ڕەتدەکەنەوە , ھیوادارم نوسەری لایەنداری داماو موکریانی پاش زانینی ئەو ڕاستیە ھێندە بوێر بن , داوای لێبوردن لە گیانی مەلای خەتێ و ماڵباتەکەی بکەن .
دووەم ، پرسی کوردی باکوور و ڕۆژئاوا
ھەر لە میانی ئیشکردنم لە میرنشینەکانی سەدەی نۆزدەوە ، ماوەیەکی زیاتر بە دۆزی کورد لە باکوور خەریک بووم ، ھەتا کتێبی وەک :
١.پرۆسەی داگیرکردنی کوردستان ( ٥ جار چاپکراوە )،
٢.کوشتاری ئەرمەن یا کوشتاری کورد؟
٣.مێژووەک لە پەرتەوازەیی ،
٤.کوردستانەکان لە ٩ک-٤٠ک…
ھەر ژمارەی لاپەڕەکانی ئەم چوار کتێبە خۆی لە ٨٠٠-٩٠٠لاپەڕە دەدات ، ئەو کتێبانەش تاک و تەرای نەبی لە بازاڕ نەماوە.
من نامەوێ ناوەڕۆکی ھیچ یەکانێک لەو کتابانە باس بکەم ، تەنیا ئەوەندە نەبێت دەمەوێ پرسیارێک لە تاکی کوردی دەرەوەی ھەژموونی حیزبی کوردی بکەم : ئایا لە ١٩٢١ەوە ھەتا ٢٠٠١ ھیچ حیزبێکی عەلمانی لە تورکیا دەرگای لە شوناسی کورد کردەوە؟؟ ئەوەی عەدنان مەندەریس و جەلال بەیار لە پەنجاکان کردیان بە ئینقلابێکی جەندرمە و جەمال وەڵامدرایەوە و گیانی سەدان کەسی وەک عەدنان مەندەریس لە تورک و کورد…ھەڵوشی!
لەو ھەشتا ساڵە شوناسی کوردی ، زمانی کوردی ، دۆزی کوردی ، ئاڵای کورد تەواو قەدەغە و بڤە بوو، چونکە بەپێی دەستووری ئینقلابچیەکانی تورکیا یەک نەتەوە و زمان و ئاڵا ھەبوو .
زۆربەی کوردی باکوور ھەموو لە چواردەورەی ھەدەپە کۆبوونەتەوە،ئەوانیش زۆربە ئۆجەلان بە ڕێبەری خۆیان دەزانن ، ئۆجەلانیش لە شوباتی ١٩٩٩ دیلە لای تورکەکان ، کەواتە دەبوو پرسی ھەبوونی کورد و بەردانی ئۆجەلان لە کارە بەراییەکانی ھەدەب بوایە , دەمیرتاشی ئۆبامای کوردانی چەپ دەبوو دوای بردنەوەی لە ھەڵبژاردن کاری لە سەر شوناسی کورد و گۆڕینی دەستووری تورکی …بکردبایە ، بەڵام ئەو ئۆمابایە یەکسەر دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی حوزەیرانی ٢٠١٥ بە زەبر و دیماگۆژی ئەمریکا وتی :” ھەدەپ حکومەت لەگەڵ ئاکپارتی پێکناھێنێت!!!!” برادەرێک بۆی گێڕاماوە کە کاتی خۆی سجادی لە شێخ مەحموودی پرسی بوو : چۆن بوو دەوڵەتێکی کوردیت دانەمەزراند؟ ئەویش وتی : ھەرزەکاری سیاسی کورد نەیھێشت!!! زۆر نوسەر و شاعیری کورد دژ بە شێخ بوون( مێژووەک لە پەرتەوازەیی)!!
ھیچ کەسێک چاوەڕێ ناکات ئەردۆگان وەک کوردێک و موسلمانێکی عەقیدەیی بیربکاتەوە.ئەو ئیسلامیەی ئەو بانگەشەی بۆ دەکات ئیسلامیەکەی مێژووییە ، نەک عەقیدەیی ، بەڵام ھەر ئەو حیزبەکەی بوو چۆکی بە عەلمانیەتی عەسکەری تورکیا دادا . ئەو دەرگاکردنەوەی ئەردۆگان لە کورد دەبوو حیزبی کوردی باکوور تەواو پاڵپشتی بکردبایە ، چونکە ٨٠ ساڵە کورد لە شوناس و مافی دەستوری و سەرکردەکەی دوورە، بەداخەوە بالەکانی پەکەکە لە باکوور و رۆژئاوا خەریکی دروستکردنی قەڵەمڕەوی ئایدیۆلۆژی ئیکسپایەر بوو .
ئەو ئەمریکا و رووسیایەی ھەردەم خەون بە لەناوبردنی ” ئیسلامی کەمانجەژن”یشە ، جا بالەکانی پەکەکە لە باکوور و رۆژئاوا بوونەتە ئامێرێک بە دەست دژەکانی ئەردۆگان!!
لە باشوور حیزبی کوردی بە عەلمانی و ئیسلامی بۆتە مۆتەکەیەک! بۆنموونە ساڵانێک لافی ئەوەیان لێدەدا کە خەباتی شاخیان ھەیە . موحەمەد موکری لە سەگوەڕ و فەرھاد پیرباڵ لە رۆمانی ملازم تەحسین…تەواو کایە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیان لە شاخ خستە ژێر پرسیارەوە . نامیلکەی ” لم یعد الێمت ممکنا ” کە کۆمەڵە لە ١٩٨٥ دەربارەی ھەندێک لە قیادەکانی خۆی خستیە ڕوو ، سەدان گومانی لە سەر کەسە باڵاکانی ئەمڕۆ دەخاتەڕوو . ئەفسووس لای نەوەی نوێ ئەو کەسانەی ١٩٨٥ ، ئەمڕۆ بوونەتە سمبۆڵ!
ئەو بنوەرییە دووبارە لە ھەموو بەشەکان دووبارە دەبێتەوە ، جا کەسانی وەک دکتۆر عوسمان و بەندە نایانەوێ گێژەلوکەکەی سارتەر دووبارە بێتەوە ! ھەندێ قەڵەمدار نایانەوێ ئێمەی کورد بەرەو داھاتوو ھەنگاو بنێین ، بەڵکو ھەر بەرەو پاشەوە بگەڕێینەوە ناھەقیان نییە ئەوان تەڵقیندراو ن ، نەک ئاکتیڤ ، ئەگینا لە نێو کورددا کەم مێژوونووسی وەک دکتۆر عوسمان ھەن …ئاخر دکتۆر عوسمان چ بکا پەیەدە قەبووڵی سوپای بەشار لە قامیشلۆ بکات ، بەڵام قەبووڵی ھێزێکی کوردی نەکات ! من دژی پەیوەندی پەیەدە و بەشار نیم ، چونکە موعارەزەی سوری لە بەشار شەریفتر نین ، ئەوانیش باوەڕیان بە مافی کورد لە سوریا نییە!
ئەوەی لای من گرینگە ، پەیەدە با لافی کوردیبوونی لێنەدا ، چونکە ئەو کۆمەڵە کوردێک لە کوڕان و کچانی کورد لە پێناو ستراتیژیەتی ئەمریکا و ڕووسیا و بەشار ….بە کوشت دەدا . ئەو قومارە وەک ئەمڕۆی باشووری لێدێ ، چونکە خوێندنەوەیەکی دروستی شاخمان نەکرد تا ئەوان دووبارە لە شار دووبارەدەبنەوە و دەبنەوە !!
لە کۆتایی
گەر ئەوھا کوێرانە سەیری دوێنێ بکەین و زاتی وەک مەلای خەتێ بە خیانەت تۆمار بکەین ، ڕقلێبوونەوەمان لە ئەردۆگان چاو لە ساویلکەیی ھەدەپ و پەیەدە بپۆشین …مێژووی ئایندەشمان دەبێتە بنوەری لە دوای بنوەری !

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …