سوپایەك لەقوڕ

سوپایەك لەقوڕ

swpa1262

نەمسا، گراتس – بەدەل رەڤۆ
لەپێشانگەی نێودەوڵەتیی شاری گراتسی نەمسا، سوپای قوڕینی چین لە پێشانگەی “تیرا كۆتا” نمایشكرا، ئەو سوپایەی تایبەتە بە یەكەم ئیمپراتۆرییەتی چین‌و بە یەكێك لەكارە ناوازەكانی جیهان دادەنرێت.
هەندێك پێیانوایە ئەو سوپای قوڕە، هەشتەم دروستكراوی سەرسوڕهێنەری جیهانە، پێشانگەی “تیرا كۆتا”ش بەگەشتێكی بێوێنەو نائاسایی بۆ چینی كۆن واتە دەوروبەری 2200 ساڵ لەمەوپێش، دادەنرێت. لەو پێشانگەیەدا زۆر لایەنی دروستبوون‌و بنیاتنانی سوپای قوڕین‌و ژیانی یەكەم ئیمپراتۆری چین “چین شی هوانگ دی” خرابووەڕوو.
لەو كارە نمونەییەدا، كە گێڕانەوەیەكی بەرجەستەیی مێژووییە، 300 پارچەو ئەنتیكە دروستكراون‌و بە وردی‌و تەكنیكێكی گەورە كاری لەسەركراوە، بەجۆرێك سوپا قوڕینەكە هاوشێوەی ئەو كارە دەستكردە مێژووییەیە كە عەرەبانەی جەنگ‌و چەك‌و كەلوپەل‌و ئامرازی سەردەمی كۆنن‌و لەئەنجامی كنەو پشكنین دۆزراونەتەوەو دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی یەكەم ئیمپراتۆرییەتی چین‌و ئێستاش بە قوڕ دروستكراوەتەوە.
پسپۆڕانی دەستڕەنگینی‌و هونەرمەندان‌و پەیكەرتاشان‌و شێوەكاران راوبۆچوونی خۆیان لەبارەی ئەو كارە ناوازەوە دەربڕی‌و پێیانوایە جوانی‌و رەسەنایەتی بە پێشانگەكە داوەو كارەكەش زۆر هاوشێوەی ئەو كارە ئەسڵیەیە، بەڵام تەنها 2200 ساڵیان جیاوازە.
ئەوانەی سەردانی پێشانگەی مێژوویی “تیرا كۆتا”یان دەكرد بەر لەكۆتایی ساڵی 2015، وەك ئەوە بوو گەشتێك بكەن بۆ ناو جەرگەی گۆڕستانی یەكەم ئیمپراتۆرییەتی چین، چونكە روبەرەكەی 1800 مەتر چوارگۆشە بوو، هەر لەو روبەرەدا زۆر بابەت تیشكی خرابووەسەر‌و جێی سەرنجی سەردانكەران‌و بایەخدانیان بوو، لەوانەش: مێژووی یەكەم ئیمپراتۆرییەتی چین، تیشك خستنەسەر سوپاكەی، هەڵمەتە سەربازییەكانی، دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتەكە، دروستبوونی سەربازانی سوپای قوڕ “تیرا كۆتا”، گۆڕی ئیمپراتۆر، مێژووی كنەو پشكنینەكانی ئاسەوار.
هەموو ئەو چین‌و توێژو تەمەنانەی سەردانی پێشانگەكەیان دەكرد، خۆشحاڵبوون بە بینینی سوپای قوڕینی هاوشێوەی ئەسڵی، هەرچەندە سوپایەكی كۆپیكراوە، بەڵام رەونەقی تایبەتی هەبوو، چونكە 170 جەنگاوەری قوڕین‌و كۆپی هاوشێوەی عەرەبانەی برۆنزی نمایشكرابوون، كە ئەسڵییەكەی لەكاتی كنەو پشكنینی ئاسەوار دۆزراوەتەوە.
ئەوەی جێی تێڕامانە، لەنێو سوپای قوڕیندا، سەربازی پیادە، سوارچاك، تیرهاوێژ، ئەفسەر، جەنەڕاڵ، ئەسپ‌و عەرەبانەی قەبارەی سروشتی هەیە.
مێژووی دۆزینەوەی هەشتەم سەرسوڕهێنەری جیهان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1974، كە لە یەكێك لە هەرێمەكانی چیندا جوتیارێك سەرقاڵی هەڵكەنینی بیر دەبێت، بەڵام ئەو سوپا قوڕینەی وڵاتەكەی دەدۆزێتەوە. ئەو دۆزینەوەو هەڵكەندنەش، بە گەورەترین كرداری كنەو پشكنین دادەنرێت لە سەدەی 20دا، كە كۆمەڵێك جەنگاوەرو ئەسپی لە قوڕ دروستكراوی زەبەلاح لەخۆدەگرێت. لەساڵی 1987یشە گۆڕی ئیمپراتۆری چین چۆتە لیستی یونسكۆوە بۆ ئاسەوارەكانی جیهان.
لەو سەردەمەدا ئیمپراتۆر سووربوە لەسەرئەوەی دەستڕەنگینەكانی مەملەكەتەكەی كاتێك ئەو كارە دەكەن، نابێت رووخسارو جەستەو جوڵەی سەربازەكان وەك یەك دروست بكەن‌و تەنانەت لە یەكیش نەچن، ئەوەش هێندەی تر كارەكەی وەك نهێنی هێشتۆتەوەو ئەوەندەی تر سەرنجڕاكێش بووە. لەوەش زیاتر بۆتە مەتەڵێكی جیهان‌و زۆر فیلمی سینەمایی‌و فیلمی دۆكیومێنتاری لەسەر بەرهەمهێنراوەو توێژینەوەی دوورودرێژو پڕ بایەخ‌و كتێبیشی لەبارەوە ئامادەكراوە.
لەڕێی ئەو پێشانگایەوەو راكێشانی چاوی هاووڵاتیان‌و زوومی كامێراكان، سوپای “تیرا كۆتا” توانی شاری گراتسی نەمسا داگیربكات.

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …