Home / بەشی مێژووی كورد / ئەمەی لەدەرسیم ڕویدا

ئەمەی لەدەرسیم ڕویدا

ئەمەی لەدەرسیم ڕویدا

FB_IMG_1456571867345

تەها سلێمان 
ناوی كتێب: ئەمە لە دەرسیم ڕوویدا
 «لەدەمی قوربانییەكانەوە»
ئامادەكردن بە زمانی توركی: موتزور چەم
وەرگێڕانی بۆ كوردی:
 ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل
ساڵی چاپ بە توركی: 1999
ساڵی چاپ بە كوردی: 2013
قەبارە: نیوئەی فۆر، 184 لاپەڕە
لە ساڵی 2015، لە دەزگای بەدرخان بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە نووسەرو وەرگێڕ مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل، دانەیەك لە كتێبی ئەمە لە دەرسیم روویدا « لەدەمی قوربانییەكانەوە»ی بە دیاری پێشكەش كردم. بۆ یەكەم جار كتێبەكەم خوێندەوە، ئەگەرچی پێشووترو لە بارەی تاوانی كۆمەڵكوژی لە دەرسیم لەسەردەستی دەوڵەتی توركیا، كە ئەندازیارەكەی «مستەفا كەماڵ ئەتا تورك»ە، كتێب و سەرچاوەی ترم بەردەست كەوتبوو، بەڵام دانی پێدا دەنێم كە تا «ئەمە لەدەرسیم روویدا»م نەخوێندەوە، وەك پێویست لە قورسایی و گاریگەری تاوانەكە تێنەگەیشتبووم، یان راستترو رەوانتر بەخوێندنەوەی ئەم كتێبە، كاریگەری زۆرم لەسەر درووست بوو، تا ئاستی گۆڕانكاری لە جیهانبینی و خوێندنەوەم بۆ تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا دژ بە باكووری كوردستان بە گشتی و گەلی كورد بە تایبەت. بۆیە بڕیارمدا، دووبارە كتێبەكە بخوێنمەوەو بە پێی توانا خوێندنەوەی بۆ بكەم.
به‌شه‌کانی کتێبه‌که‌
كتێبەكە لەم بەشانە پێكدێ‌ «دەنگدانەوەی میژوو لە دێرسیم، پێشەكی وەرگێڕ، پێشەكی چاپی یەكەمی توركی»و پاشان ناونیشانی گێڕانەوەی چیرۆكەكانی تاوانەكە لە دەمی قوربانییەكانەوە بەم شێوەیە «هەڵخەڵەتاین، سەربازێكمان ببینیایە دڵمان دادەخورپا، ساڵی 38 ژاربوو تۆفان بوو، تۆفانەكەی ساڵی 38 ئێمەشی گرتەوە، سەربازیمان بۆ دەوڵەت كردو بەكارمان نەهات، لەناو ئەو هەموو زاڵمانەشدا پیاوی بە بەزەیی هەبوو، دوای 38 یش زوڵم هەر بەردەوام بوو، ئێمە لە چنگی فەلەك قوتاربووین، 38 هەرەسێك بوو هات ئێمەشی گرتەوە».
چیرۆكی سەدان تراژیدیایە
لە پێشەكی چاپی كوردییەكەدا، پرۆفیسۆر دكتۆر جەبار قادر، دەنوسێ‌» ئەمە لە دەرسیم روویدا، چیرۆكی سەدان تراژیدیایە كە لە سییەكانی سەدەی رابوردوودا لە دێرسیم «لای ئێمە دەوترێ‌ و دەنوسرێ‌ دەرسیم»، قەومان.  هەروەها دەشنوسێ‌» چیرۆك و بەسەرهاتەكان پێویستیان بە شرۆڤەو لێكدانەوە نیەو هەر هەموویان خوێنیان لێدەچۆڕێ‌». هەر لەسەرەتاشەوە پرۆفیسۆر جەبار قادر ئەوەشمان بۆ پشت ڕاست دەكاتەوە، ئەوەی لەم كتێبەدا دەیخوێنیتەوە دەچێتە بواری مێژووی زارەكییەوە كە بەشێكی گرنگ و زیندووی مێژووە. مێژووی زارەكی «دەنگی رابووردووە» وەك دكتۆر جەبار بە پشت بەستن بە بۆچوونەكانی «پاوڵ تۆمپسۆن» و ئاماژەكردن بۆ كتێبێكی بەناو بانگی ئەو سەرنجمان بۆ ئەم بەشەی مێژوو «مێژووی زارەكی» رادەكێشێ‌.
 كارەساتی وا رووینەداوە
وەرگێڕی كتێبەكە «ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل»، لە پێشەكیەكەی خۆیدا دەنوسێ‌: ساڵی 1938 لە باكووری كوردستان، لە دەرسیم و دەوروبەریدا راپەڕینێك بەرپا بوو، دەوڵەتی توركیش بەو پەڕی تووندوتیژی و بێ‌ بەزەییانە راپەڕینەكە كپ دەكەنەوەو خەڵكێكی زۆری بێتاوان بوونە قوربانی.. دانیشتوانی دەیان گووندی بەكۆمەڵ كوشت كە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا كارەساتی وا رووینەداوە، تەنیا بە قەتڵ و ئەو سیڤیلانە دڵیان ئاوی نەخواردوەتەوە، كانیان وشكردوەو ئەشكەوتیان تێكداوەو دارستانیان سووتاندوە تا درێخیان لە كوشتنی ئاژەڵیشدا نەكردوە».
بەیەكەوە بەستراون
نووسەری كتێبەكەش مونزور چەم، لە پێشەكی چاپە توركییەكەی كتێبەكەدا، دەنوسێ‌» ئەمساڵ ساڵی لەچاپدانی كتێبەكە 1999، «75» ساڵ بەسەر دامەزراندنی كۆماری توركیا تێدەپەڕێ‌ و «60»تەمین ساڵوەگەڕی كۆمەڵكوژییەكەی دەرسیمە. بێگومان ئەم دوو ڕووداوە بەیەكەوە هەیەو بەیەكەوە بەستراون». بۆ ئەوەی بەسەرماندا تێنەپەڕێ‌، ئەوەی مونزور چەم باسی دەكات «دامەزراندنی دەوڵەتی توركیاو كۆمەڵكوژی دەرسیم»، راستەوخۆ پەیوەندی دامەزرێنەری دەوڵەتی كۆماری توركیا «مستەفا كەماڵ « هەیە، چونكە زۆربەی بۆچوونەكان و ژێدەرەكان «مستەفا كەماڵ» بە ئەندازیاری داڕێژەری ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی دەرسیم دادەنێن.
هیتلەر هەمان سیاسەت و بۆچوونی هەبوو
هەروەك مونزور چەم و سەرچاوەكانی تریش باسی دەكەن، مستەفا كەماڵ نەتەوەی تووركی لەسەرووی هەموو نەتەوەو رەگەزو رەچەڵەكێك دادەناو بەردەوامیش ئەوەی گووتوەو دووپاتی كردوەتەوە» خوێنێكی پاك و خاوێن لە دەماری توركاندایە»، ئەمەش ئاماژەیەكی روون و ئاشكرایە بۆ لەناودان و كۆمەڵكوژكردنی هەر نەتەوەو رگەزو رەچەڵەكێكی تری جیا لە تورك. وەك لەسەرچاوەكانیشدا دەیخوێنینەوەو «مونزور»یش ئاماژەی بۆ كردوە، دوای دەساڵ لەم قسانەی «مستەفا كەماڵ»، «هیتلەر» هەمان سیاسەت و بۆچوونی هەبوو، ئەوەی «مستەفا كەمال» وتبووی، «هیتلەر»یش لە بارەی ئەڵمانەكانەوە هەمان شتی دەگووت. ئەوەی موستەفا كەماڵ و دەوڵەتی توركیا بەرامبەر كورد لە باكووری كوردستان لە «جینۆسایدكردن، سڕینەوەی كلتوورو شوناس، سووتاندنی خاك، بەتاڵانبردنی سەروەت و سامان» لە ساڵەكانی 1937، 1938، 1939،  ئەنجامیدا. هیتلەرو دەوڵەتی ئەڵمانیای نازی لە 1933 تا 1945 لەدژی جولەكە ئەنجامیاندا، كە بە گەورەترین تاوانی جینۆساید لەسەرئاستی دنیا دادەنرێ‌، وەك جولەكە خۆیان دەڵێن «تاوانی شوا» واتا تاوانی گەورە. خۆ ئەگەر بمانەوێ‌ نموونەی نزیكتریش بێنینەوەو بەراوردی بكەین بە بۆچوونەكانی «موستەفا كەماڵ» و دەوڵەتی توركیاو كۆمەڵكوژی دەرسیم، ئەوە مشیل ئەفلەق وەك دامەزرێنەری بەعس و ماوەی حكومڕانیان لە عێراق و كاراكتەرەكانی «بەتایبەت سەدام»، و ئەنجامدانی كۆمەڵكوژییەكانی «بەرزانیەكان، هەڵەبجە، ئەنفال، قەڵادزێ‌، سەید سادق» و دەیان تاوانی تر، بەسن بۆ ئەوەی لە ناوەڕۆكی فەلسەفەو پەیامی رەگەزپەرستی «موستەفا كەماڵ» و دەوڵەتی توركیاو هاوشێوەكانیان تێبگەین.
خوێن و ئازار لەم چیرۆكانە دەچۆڕێ‌
چیرۆكی كۆمەڵكوژیی دەرسیم، چیرۆك گەلێكی سەخت و پڕ ئێشن، تا هەنوكەش خوێن و ئازار لەم چیرۆكانە دەچۆڕێ‌، كاتێك مرۆڤ ئەم چیرۆكانە لە كتێبی «ئەمە لەدەرسیم روویدا – لەدەمی قوربانییەكانەوە» دەخوێنێتەوە، وشك دەبێ‌ و ناتوانێ‌ بڕوا بەوە بكات، ئەوانەی ئەنجامدەری تاوانەكە بوون، لە توخم و رەگەزی مرۆڤ بن، یان بڕوا بەوە دێنێ‌ ئەوانەی بەسەرپەرشتی موستەفا كەماڵ و دەوڵەتی توركیا تاوانەكەیان ئەنجامداوە، یەك تۆزقاڵ هەستی مرۆڤایەتیان تێدا نەبوەو بەتاڵ بوون لە مرۆڤ بوون. بیهێنە پێشچاوی خۆت» ژن، مناڵ، پیر، خەڵكی بێتاوان» بە نیزەی تفەتگ سكی هەڵبدڕرێ‌، دوای كوشتنی ئافرەت دەست درێژی سیكسی بكرێتەسەر، وەك دڕندەو سەگی هەوشار هەڵبكوترێتە سەر موڵك و ماڵی خەڵك، بۆ یاری كردن بە كەرامەتی مرۆڤ سەرو سمیڵی پیاوەكان و پرچی ئافرەتەكان بتاشرێ‌، و ئەمانەو دەیان رەفتاری تر لە دوو توێی ئەنجامدانی تاوانەكە، كە تا ئێستا لە یادەوەری بەشێك لە كەس و كاری قوربانیەكاندا، وەك شەبەح دێن و دەچن.
بۆ راستی و درووستی و سەلماندنی ئەو قسانەی سەرەوە، چەردەیەك لە قسەی شاهید حاڵەكان لێرەدا وەك خۆیان دادەنێینەوە، كە لەدوو توێی كتێبەكەدا تۆماركراون.
نەیهێشت لەكانیەكە ئاو بخۆینەوە
جبراییل حەمێ‌ دولدی، دەڵێ‌: باوكم دەیگوت دوو بە دوو بەیەكەوەیان بەستینەوە، دەستم لەگەڵ دەستی براكەمەوە بەسترابوو.. مەستۆ لەبەر ئەوەی توركی دەزانی لەدوای گشتەوە لەگەڵ سەربازەكان بوو، كەوتینەڕێ‌، گەشتینە سەركانییەك، ئەو سەربازەی بۆمان دەگریا نەیهێشت لەكانیەكە ئاو بخۆینەوە، ئێمە سەرمان لەمە سوڕما، بۆمان دەگری و ناهێڵێ‌ ئاو بخوۆینەوە!، تومەز سەربازەكە بە مستۆ دەڵێت: دەزانی لەبەرچی نەمهێشتن ئاو بخۆنەوە؟ حەزرەتی حوسێن لەكەربەلا بە تینوێتی شەهید كرا، ئاویش بخۆنەوە هەر دەتانكوژن. دەبا وەك حەزرەتی حوسێن شەهید بن كە نەیانهێشت ئاو بخواتەوە.. ئەوجا زانیمان سەربازەكە عەلەوییە».
پڕی بوو لەسەری بڕاوە
یەتەرە، ژنێكی دەرسیمیەو باسی ئەوە دەكات و دەڵێ‌: «ژنێك هەبوو ناوی «كەو» بوو، ئەو دەیگێڕایەوە دەمەو عەسرانێك، هەندێكیان هاتنە ماڵی ئێمە «مەبەسی جەندرمەكانە»، من نانم دەكرد، هەندێك جەواڵیان لەبن دیوارەكە دانا، خوێنی لێدەچۆڕا.. بێ‌ ئەوەی هەستی پێبكەن و پێی بزانن، چوین دەمی جەواڵەكانمان كردەوە، پڕی بوو لەسەری بڕاوە..!! سەری قۆپۆو ژنەكەی و كچەكانی لەناو جەواڵێكدا بوون، كچەكان كەزی و قژە درێژەكانیان ئاڵۆسكابوو.. خوێناوی ببوون.. كە ئەوەمان بینی، خۆمان پێڕانەگیراو دەستمان بەشیوەن كرد.. سەری قۆپۆو ژنەكەیان بڕیبوو، هاتبوون لە ماڵی ئێمە خزمەتیان بكەین و نان بخۆن!! ئێمە لەو شیوەن و زارییەدا بووین، سەربازەكان هاتن، دەستیان بەقسەی ناشرین كرد.. سەری جەواڵەكانیان گرێدایەوە».
بەدەم سووتانەوە دەگەوزایەوە
شاهید حاڵێكی تر باسی دیمەنێكی ترسناك دەكات و دەڵێ‌: چاوم لێبوو چۆن ناریكەو مناڵەكانیان كوشت.. بەنێزە «حەربە» كوشتنیان.. كە ئەوەم بینی ترسام و بەرخەكانم كۆكردەوەو گەڕامەوە».. هەروەها شاهێد حاڵێكی تر باسی دیمەنێكی تر دەكات و دەڵێ‌: لەولایانەوە لاشەی چەند كەسێكی تر كەوتبوون، بە سۆنگە سكیان هەڵتلیشابوو.. ئافرەتەكان بەدەشتەوە بوو، لاقەی كچی عازەبیان كردبوو، بەو خوێنەوە دیاربوو كە لەناو گەڵیدا رژابوە سەر خۆڵەكە»..!  شاهێدحاڵێكی تر باسی ترسناكترین دیمەنی سووتاندن دەكات و دەڵێ‌: یەكێك ناوی یتە كاكا بوو، ئاگرێكیان هەڵایساندو بەچوار دەستە فڕێیان دایە ناو ئاگرەكەوە وەك گاڵتەپێكردن، لەناو ئاگرەكە گڕی گرت، لەحەژمەتا هەواڵی دەرچوونی دەدا.. بەدەم سووتانەوە دەگەوزایەوە، بەملاو بەولادا دەهات. بوە تۆپەڵێك ئاگری بڵێسەدارو تا كوڵ و كۆی دامركاو بوە چنگێك خوڵە مێش».
گوناهی هەبووبێت یان نەبووبێت گرنگ نەبوو
نەوەی یەكێك لە خێزانی قوربانیەكانی تاوانی جینۆسایدی دەرسیم، لە زمانی دایكییەوە باسی دەكات و دەیگێڕێتەوە، بەم شێوەیە: «چۆن سەیلێك دێت و هەرچی بكەوێتە بەردەمی دایەماڵێ‌ و دەیبات، ئەوانیش ئاوا.. كەس نەیدەپرسی تۆچیت كردوە، یان گوناهت چیە؟ پیاوە ناودارەكانیان كۆكردەوەو بردنیان.. تۆفانەكە بردنی..گوناهی هەبووبێت یان نەبووبێت گرنگ نەبوو.. ئەوەی تووش بوو فەوتا، كوژرا.. بڕیار وابوو».
زەینەڵ، لە كاتی ئەنجامدانی تاوانەكە تەمەنی «13» ساڵان بوەو زۆر بەباشی رووداوەكەی بیرەو دەڵێ‌: سەربازەكان لە رێگای موختارەكانەوە، خەبەریان بۆ ناردین: دەبێت گەورەو بچوكی حەیدەرییەكان خۆیان تەسلیم بكەن، ئەوەی لەدێكەدا بمێنێتەوە دەیكوژین.. ئەمجا، خۆیان هاتن و هەموومانیان كۆكردەوە، لە «گۆمێ‌ مشێ‌» دارتوو هەبوو، هەموومانیان لەوێدا كۆكردەوە، خەڵكێكی زۆریان هێنابوو، دانیشتوانی «كورتە سوورە، گۆمێ‌ مشێ‌، پورتك، وەلی كاسۆ»، هەموو لەوێدا كۆیان كردینەوە نزیكەی «600 بۆ 700» كەسێك دەبووین. تا ئەو كاتەش هیچ سۆراخی ئەو پیاوانە نەدەزانرا كە بۆ ئازووقەدان بردبونیان « پێش كۆكردنەوەی ئەمان كۆمەڵێكی تریان بە ناوی ئازووقە پێدان براون، مەبەستی ئەوانەیە»، دەمەو ئێوارە ئێمەیان بردە گووندی «ولێ‌ پاخێ‌»، لە رێگاكە سەرەو ژوورێك هەیە، لەوێدا بەدزییەوە هەڵگژامە سەربەرزاییەكەو رامكرد.. سەربازەكان بینیمیان دەستیان بە تەقە كرد، بەڵام من خۆم رزگاركرد.. بۆ بەیانی ئەو هەموو مرۆڤانە لە دۆڵێكدا گوولە باران كرابوون، تومەز پیاوەكانیش كە بۆ ئازووقە هێنابوویان هەر لەوێدا كۆمەڵكوژكرابوون.. ئەو شوێنە كە كۆمەڵكوژییەكەی تیا ئەنجامدرا، دۆڵی «زوو خوری» پێدەڵێن.
دۆكۆمێنتی سەلماندنی تاوانی جینۆسایدی دەرسیمە
كتێبی «ئەمە لەدەرسیم روویدا- لە دەمی قوربانییەكانەوە»، یەكێكە لە كتێبە گرنگ و پڕبایەخەكان، باشترین دۆكۆمێنتی سەلماندنی تاوانی جینۆسایدی دەرسیمە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە، بە پشت بەستن بە بنەما سەرەكییەكانی رێككەوتننامەی ساڵی 1948ی نەتەوە یەكگرتوەكان. ئەوەی منیش لێرە خستمە روو جگە لە چەند سەرنجێك، هەمووی لە ناوەڕۆكی كتێبەكەوە دەرهێنراوەو وەرگیراوە. لەم پەراوێزەی خوارەوەش هەندێ‌ روونكردنەوەی پێویست هەن بۆ خوێنەر.
پەراوێز:
-دەستەواژەی كارەسات یان تراژیدیا، هی ئێمە نین. بەڵكو نووسەری كتێبەكەو دكتۆر جەبار قادرو وەرگێڕی كتیبەكەش «ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل» بەكاریان هێناوە، كە ئێمە پێمان وایە «تاوان –جینۆساید- كۆمەڵكوژی» لە شوێنی «كارەسات- تراژیدیا» راست و درووستترە، چونكە ئەوەی لە «دەرسیم» روویداوە، بە هەموو پێوەرێك تاوانی جینۆسایدە.
-لە جینۆسایدی دەرسیمدا ساڵەكانی 1937، 1938، 1939 پشت بە یاساكانی رژێمی توركیا بەستراوە، بۆنموونە لە 31- 5- 1926 ئەنجومەنی گەورەی نیشتمانی توركیا، یاسای ژمارە «88»ی دەركرد، بەگوێرەی ئەویاسایەهێرش و پەلاماردانی سەرناوچە كوردییەكان كاری رەوان و هیچ بەربەستێك لە پێشیاندانیە.
– لەساڵی 1936 بۆ 1939هێزە سەربازییەكانی توركیا، بەسەرپەرشتی جەناراڵ «ئالب دۆغان» پاش بۆردوومانكردن بەفڕۆكە، دواتر بەتانك و زریپۆش و سووپایەكی گەورە پەلاماری شاری دێرسیمیاندا، سەرەڕای ئەوەی كورد پەیامی ئاشتیخوازانەیان بۆ سوپای توركیا نارد، بەڵام سوپای كۆماری توركیا ئەمەی قبوڵ نەكردو لەساڵی 1937، 1938، 1939 یەكەمین كۆمەڵكوژی لەدژی كوردەكان ئەنجامدا. ژێدەرو ئامارو بەڵگەنامەكان ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە، كەلەم كۆمەڵكوژییەدا، لەساڵی 1937 «10» هەزارو «737» و لەساڵی 1938 «6» هەزارو «868» كەس بەهۆی كۆمەڵكوژی هێزەكانی توركیا لەدژی كوردان گیانیان لەدەستداوەو كۆمەڵكوژكراون.
-لە 23ی نۆڤەمبەری 2011 ئەردۆگان لە كۆبوونەوەی لە گەڵ بەرپرسی لقەكانی پارتەكەی باسی تاوانەكانی دژ بە دەرسیمی كردو وی وت « مەخابن لە ساڵانی 1937، 1938، 1938 لە دەرسیم درامایەكی گەورە روویدا، لە ئاسمان و زەوییەوە ناوچەكەو دانیشتوانی تۆپباران دەكران، تەنانەت بۆمبی گازی ژەهراویش لەدژی خەڵك بەكار هێنرا. لە دەرسیم هەرشتێ بجوڵایەتەوە لێی دەدرا. مناڵان، ژنان گولە باران دەكران». هەر ئەوكاتیش ئەردۆگان ئامادەی ئەوە بوو داوای لێبوردن بكات. بەڵام ساڵ دێ‌ و دەڕوا، ئێستا بەبڕیاری ئەردۆگان و حكومەتەكەی و حزبەكەی ئەردۆگان، جارێك كۆمەڵكوژی شەرناخ و دواجاریش ئێستا بە شێوەیەكی دڕندانە كەوتوەتە وێزەی باكووری كوردستان و كۆمەڵكوژكردنی كورد لە باكوری كوردستان، باشترین نموونەش ئەنجامدانی كۆمەڵكوژییە لە شاری جەزیرەو ئابڵووقەدانی دانیشتوانەكەی.
-ئەوەی تا ئێستا جێگای سەرنجی جەوهەرییە، جینۆسایدی دەرسیم لە هیچ دادگایەكی ناوخۆیی توركیاو هیچ دادگایەكی نێودەوڵەتی و لەلایەن هیچ دەوڵەتێكەوە، بە فەرمی وەك تاوانی جینۆساید نەناسێنراوەو بڕیاری لە بارەوە نەدراوە.

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …