Home / بەشی مێژووی كورد / یەکێتی نوسەرانی کورد

یەکێتی نوسەرانی کورد

یەکێتی نوسەرانی کورد

FB_IMG_1456570667631

كوردستانی نوێ
لەدەیەی یەكەمی ئەم مانگەدا، یەكێتیی نووسەرانی كورد تەمەنی بووە 46 ساڵ، تەمەنێك پڕ لە بەخشیش بە رۆشنبیریی كوردی، تەمەنێك لە خزمەتكردن بە خوێندەوارانی ئەم میللەتە.
جیا لە هەر یادێكی ساڵانی رابردوو، رۆژی 13/2/2016 لەڕێوڕەسمێكی تایبەت‌و شایستەدا لە كتێبخانەی گشتیی سلێمانی، بەبۆنەی 46 ساڵەی تەمەنییەوە، ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نووسەرانی كورد رێزیان لێنرا.
رێزلێنان لەدەستەی دامەزرێنەر
لەو رێوڕەسمەدا، وتاری‌ یەكێتیی‌ نووسەرانی كورد خوێنرایەوە، پاشان وتاری وەزارەتی رۆشنبیریی‌و لاوان‌ لەلایەن خەلیل عەبدوڵڵاوە خوێندرایەوەو پیرۆزبایی وەزیری‌ رۆشنبیریی گەیاندە سەرۆك‌و ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرو تەواوی ئەندامانی‌ یەكێتیی‌ نووسەرانی‌ كوردو رووناكبیرانی كوردستان. لەبەشێكی‌ تری‌ وتارەكەدا ستایشی‌ قەڵەمە ئازاكانی دەستەی دامەزرێنەری‌ یەكێتیی‌ نووسەرانی‌ كردو رۆڵی دیارو جوامێرانەیانی‌ لەهێنانەكایەی ئەو رێكخراوە‌و خزمەتكردنی كاروانی ئەدەبی‌و رووناكبیریی لەكوردستاندا بەرزنرخاند.
هەر لەو رێوڕەسمەدا، خەڵاتی‌ رێزلێنان بەخشرایە دەستەی‌ دامەزرێنەر كە بریتی بوون (كاكە مەم بۆتانی، د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ، د.كاوس قەفتان، د.مارف خەزنەدار، د.نەسرین فەخری، د.ئیحسان فوئاد، جەمال بابان، نوری عەلی ئەمین، محەمەدی مەلا كەریم، حسێن عارف‌و خالید دلێر).
هاوشانی چەكی پێشمەرگە
46 ساڵ لەمەوبەر‌و بەدیاریكراوی لە10ی شوباتی 1970دا، بەهەوڵ‌و هیممەتی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نوسەرانی كورد، مۆڵەتی رەسمی كاركردنی ئەو رێكخراوە لەوەزارەتی ناوخۆی عیراق وەرگیراوە، لەو كاتەوە هاتە مەیدانی كارو خزمەتی ئەدەبی‌و رۆشنبیری‌و لەو بوارانەدا خزمەتێكی زۆری پێشكەشكردووە.
هەرچەندە ئەم رێكخراوە، رێكخراوێكی كەلتوری‌و پیشەیی شاربوو، بەڵام قەڵەمەكانی هاوشانی چەكی پێشمەرگە لەخزمەتی شۆڕش‌و گەل‌و نیشتماندا بوون، چەندین نووسەر تووشی گرتن‌و راونان بوون‌و بەشێك لەو قەڵەمە جوامێرانە لەكۆڕی خەباتی شارو شاخدا گیانی خۆیان بەئازادی كوردستان بەخشی‌و شەهیدبوون.
یاخی لە بەعس
لەوتارەكەی وەزارەتی رۆشنبیریدا ئاماژە بۆ ئەوە كرا، كە رژێمی بەعس وەك رێكخراوێكی یاخی سەیری یەكێتیی نووسەرانی كوردی كردووە، هەربۆیە ساڵی 1980 هەڵیوەشاندەوە‌و كردی بەبەشێك لەرێكخراوی (ئەدیبان‌و نووسەرانی عیراق). راستە یەكێتیی نووسەران وەك رێكخراو هەڵوەشایەوە، بەڵام نووسەرانی ئازا‌و خاوەن هەڵوێست هەر لەبەرەی گەل مانەوە‌و قەڵەمەكانیان لەخزمەت وشەی پیرۆزی كوردی‌و كوردستاندا بوون‌و بەرهەمەكانیان بەناوی خوازراو لەبڵاوكراوەكانی شاخدا بڵاودەكردەوە.
دوای راپەڕین دامەزرایەوە
لەدوای راپەڕینی ئازادیی ساڵی 1991، جارێكی تر یەكێتیی نووسەران دامەزرایەوە‌و هاتەوە مەیدانی تێكۆشانی ئەدەبی‌و رووناكبیری‌و تائێستاش بەردەوامە‌و لەمێژووی پڕشكۆی تەمەنیدا خزمەتی زۆری كردووە‌و خاوەنی خەرمانێك دەستكەوتی ئەدەبی‌و رووناكبیرییە.
لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

2292021134bedirhan-1[1]

ڕابوونێکی تر: بەدرخانییەکان‌و میللییەکان‌و ڕەگی خێڵەکیی ناسیۆنالیزمی کوردی لە سووریادا

ماڵباتی بەدرخان ستێفان وینتەر – زانکۆی کوێبیک – مۆنتریاڵ / کەنەدا لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق …