Home / ئەمرۆ لەمێژوودا / ڤیتگۆر هۆگۆ

ڤیتگۆر هۆگۆ

فيكتؤر هؤكؤ1

ڤیتگۆر هۆگۆ

لە 26ی شوباتی 1802 لە پاریس لەدایكبووە. باوك، كە شاعیریش بووە، لە سوپاكەی ناپلیۆندا ئەفسەر بووە، هەر ئەویش خۆشەویستی ئەدەب و نوسینی لە ڤیكتۆردا دروست كردووە. بەهۆی سروشتی كاری باوكیشیەوە، لەتەمەنی زووەوە لەگەڵ خانەوادەكەی لە نێوان پاریس و مەدرید و چەندین شاری تردا هاتوچۆیان كردووە، ئەمەش رەنگدانەوەی بەسەر ڤیگتۆر هۆگۆوە هەبووە و بەمە توانای داهێنان تێیدا چەكەرەی كردووە.

یەكەم ئەزموونی شیعر و وەرگێڕان

لە تەمەنی 10 ساڵیەوە بەهرەی شیعر و نوسین تێیدا دەركەوتووە. ئەوكات بەرهەمەكانی شاعیری رۆمانی “ڤیرجیل”ی دەخوێندەوە. جارێكیان یەكێك لە شیعرەكانی وەردەگێڕێتە سەر زمانی فەرەنسی و نیشانی مامۆستاكەی دەدات، بەڵام لەجیاتی هاندانی مامۆستاكەی (كە ئەمیش شاعیر بووە و ناوی دیكوت بووە)، بە هۆی ئیرەیی پێبردنەوە سەركوتی دەكات و دەیەوێت لەم هەوڵانەی ساردی بكاتەوە. بەڵام ئەم منداڵە بەهرەمەندە سوور دەبێت لەسەر كارەكەی، بۆ پێشبڕكێیەكی قوتابخانەكەشی بە شیعرێك بەشداری دەكات، كە بەهۆیەوە پلەی یەكەم و خەڵات بەدەست دەهێنێت. لەمەوە ئیدی ڤیكتۆر هۆگۆ لە نێوان نیگاركێشان و نوسیندا، خۆی بۆ ئەدەب یەكلایی دەكاتەوە.

یەكەم ئەزموونی خۆشەویستی

بەهۆی ئەوەی هەر لە تەمەنێكی زووەوە بەهرەی نوسینی تێدا دەركەوت و بووە مایەی سەرنجڕاكێشانی دەوروبەر، ڤیگتۆر هۆگۆ هیچ سەختیەكی لە رازیكردنی كچە دراوسێكەیان (ئەدیل فۆشیر) و دروستكردنی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵیدا نەبینی، تا گەیشتنی بە پێكهێنانی خێزانێكی بەختەوەر لە تەمەنی 19 ساڵیدا، هەرچەندە هێندەی نەمابوو لە رۆژی ژنگواستنەوەكە، هۆگۆ بە دەستی براكەی خۆی (ئۆجین) بكوژرێت، كە ئەویش هەمان كچ (واتە ئەدیل)ی خۆشدەویست، بۆیە ئۆجین دەست دەداتە تەورداسێك و پەلاماری ڤیكتۆر دەدات، بەڵام هەوڵەكەی سەركەوتوو نابێت.

دوای ئەوە ئۆجین شێت دەبێت و تەواوی ژیانی لە شێتخانە بەسەر دەبات، ڤیكتۆریش لەگەڵ خۆشەویستی ئەدیلدا، سەركەوتن دوای سەركەوتنی بەدەست دەهێنا، هێشتا دیوانە شیعرێكی تەواو نەكردبوو، كە شانۆگەریەكی بۆ پێشنیار دەكرا، تەواوی رۆژنامە و گۆڤارەكان پێشبڕكێیان بوو بۆ بڵاوكردنەوەی وتار و شیعرەكانی. هیچ ناخۆشیەكی نەبینی، تا ئەوكاتەی منداڵەكەی (لبوبولد) و دواتریش دایكی بە دوای یەكدا مردن.

“قەمبوورەكەی نۆتردام”

سەرەڕای رووداوە ناخۆشەكانی ژیانی، ڤیگتۆر هۆگۆ بەردەوام بوو لە داهێنان. شانۆگەریەكی بە ناوی “هرنانی” نوسی، تێیدا دەڵێ “لەم دەقە شانۆییەدا هەموو تیۆر وهونەرەكانی نمایش و مەزهەبەكانی شانۆگەری تێكدەشكێنم، رووی راستەقینەی جوانیی نیشان دەدەم و دەمامكی كۆنی لەبەردا دادەماڵم، لێرە بەولاوە هیچ رێستا و نمونەیەك لە كاری هونەرییدا نیە”!!

لەكاتی سەرگەرمبوون بە خۆشی سەركەوتنی شانۆگەریەكەیەوە، هۆگۆ بۆی دەركەوت كە (ئەدیل)ی هاوسەری خیانەتی لێدەكات و لەگەڵ هاوڕێ خۆشەویستەكەی، رەخنەگری ناسراو (سانت بییف) دەستی تێكەڵ كردووە!!

ئەوكات تازە ڤیكتۆر هۆگۆ خۆی بۆ نوسینی رۆمانێكی تازە ئامادە دەكرد، دوای ئەم رووداوە، لە بەرەبەیانی 4/9/1830، تا ئێوارەی 15/1/1831 (واتە چوار مانگ و 11 رۆژ) بەبەردەوام سەری بەسەر نوسیندا گرت و شاكاری “قەمبوورەكەی نۆتردام”ی نوسی، هەرچەندە پێشتر 3 ساڵ ئامادەكاریی بۆ كردبوو!!

“بێ نەوایان”

بەر لە هەڵگیرسانی شۆڕش، هۆگۆ سەرقاڵی نوسینی رۆمانی “بێ نەوایان بوو”. لە بەرەبەیانی رۆژی 30/6/1861 دەستی لە نوسین هەڵگرت و رۆمانەكەی تەواو كرد. رۆمانەكە رۆڵێكی زۆر كاریگەری لە شۆڕش لە دژی فەرمانڕەوایەتی مەلەكیدا هەبوو، وەك ئینجیلی شۆڕشگێڕان وابوو، ئەوكاتە بوو كە توانیان كۆتایی بە سیستەمی شانشینی بهێنن و سیستەمی كۆماری دابمەزرێنن.

پێشتریش لە ساڵی 1851 دوای كودەتاكەی ناپلیۆنی سێیەم بەسەر سیستەمی كۆمارییدا، ڤیكتۆر هۆگۆش لەگەڵ خەڵكی ناڕازی رژایە سەر شەقامەكان، تەنانەت جارێكیان هێندەی نەمابوو بكوژرێت، ئەوە بوو هاوڕِێكانی یارمەتیان دا و لەرێی پەساپۆرتێكی ساختەوە ناردیانە دەرەوەی وڵات.

دوای نزیكەی 20 ساڵ لە ژیانی تاراوگە، لە ساڵی 1870 گەڕایەوە فەرەنسا. دوای گەڕانەوەشی (ئەدیل)ی هاوسەری كۆچی دوایی كرد.

هۆگۆی نیگاركێش

هەرچەندە ناوبانگی ڤیكتۆر هۆگۆ وەك شاعیر و رۆماننوس رۆیشتووە، بۆیە رەنگە زۆر لە خوێنەرانی ئەوە نەزانن، كە هۆگۆ نیكاركێشێكی بلیمەتیش بووە، هەندێك كەس لە ئاستی “گۆیا” و “رامبرانت”ی دادەنێن. چەند كتێبێك لەبارەی ئەم لایەنە شاراوەیەی ژیانی ڤیكتۆر هۆگۆوە نوسراون، تێیدا وەك نیگاركێشێكی بلیمەت وەسفی دەكەن. ئاماژە بەوەش دەدەن، كە هۆگۆ شاكاری نیگارەكانی لەو ماوەیەدا كێشاون، كە لە تاراوگەدا ژیاوە.

لە 26ی شوباتی 1882، كاتێك هاوڕێی تەمەنی (جۆلێت دروبیە) گیان لە دەست دەدات، ڤیكتۆر هۆگۆ سەر بەسەر تەرمەكەیدا شۆڕ دەكاتەوە و پێیدەڵێ “ئەوە تۆ مردی؟ كەواتە پێویستە منیش بمرم”! دوای ئەوە ڤیكتۆر هۆگۆ نەخۆش دەكەوێت و چاك نابێتەوە، تا لە 2/3/1885 كۆچی دوایی دەكات و نزیكەی دوو ملیۆن كەس بەشداری لە مەراسیمی بەخاكسپاردنەكەیدا دەكەن.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

خوێنده‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ په‌یماننامه‌ی هاوكاری و دۆستایه‌تی تاشناقی ئه‌رمه‌نی و پارتی خۆییبوون له‌ 1927 – 1930

گۆڤاری مێژووناسی گۆڤارێكی مێژوویی وەرزییە —————————— ژمارە (1) به‌هاری 2022، ساڵی یەكەم خاوەنی ئیمتیاز/ پ.د. …