Home / بەشی مێژووی كورد / عەلی مەردان خانی بەختیاری، بەر لە کوشتنی چی بە بکوژەکانی گوت؟

عەلی مەردان خانی بەختیاری، بەر لە کوشتنی چی بە بکوژەکانی گوت؟

124533

عەلی مەردان خانی بەختیاری، بەر لە کوشتنی چی بە بکوژەکانی گوت؟

 

 

عەلی مەردان خان

بەرەبەیانی ساڵی 1934 ژاندارمەکانی حکوومەتی دیکتاتۆری شا، لەناو حەوشی زیندانی قەسری تاران، بۆ کوشتنی یەکێک لە کەڵەپیاوەکانی بەختیاریی رۆژھەڵاتی کوردستان، تفەنگەکانیان تاقی دەکردەوە. ئەو کەڵەپیاوە، عەلی مەردان خانی بەختیاری بوو.

عەلی مەردان خان کە بە (شێرعەلی مەردان)یش ناسراوە، کوڕی عەلیقولی خانی کوڕی محەمەد عەلی خانە. دایکی عەلی مەردان خان، بی بی مریەم کۆێخای ناسراوی بەختیارییەکان بوو. لە لایەن دایکییەوە وەک گەنجێکی ئازادیخواز پەروەردە کرا.

بی بی مریەم یەکێک لە کەسە ناسراوەکانی شۆڕشی مەشرووتە و گرتنی ئەسفەھان و تاران و جەنگ لەگەڵ رووسیا بوو و لە مێژوودا وەک یەکەم کوێخای ژنی ئێران ناوی ھاتووە.

لەمێژ بوو سیاسەتە نەگریسەکانی رەزاشا، کڵپەی شۆڕشی لەناو بەختیارییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستاندا ھەڵگیرساندبوو.

عەلی مەردان خان پاش راوێژ لەگەڵ گەورەکانی عەشیرەتەکەی، بڕیاری دا سەرپەرشتیی شۆڕشی بەختیارییەکان دژی رەزاشا بکات. زۆری نەخایاند، عەشیرەتەکانی چوارلنگ و ھەفت لنگ لەدەوری کۆ بوونەوە و زۆرترین خان و کوێخاکان کەوتنە ھاوکاریکردنی ئەو شۆڕشە.

عەلی مەردان خان ساڵی 1929 بە دوو ھەزار چەکدارەوە ”شاری کورد“ی گرت و ئەو تورکانەی لەو شارە بەرپرس بوون، دەستگیر و زیندانی کرد. بەشێک لە ئەسفەھانیش کەوتە دەست بەختیارییەکان. حکوومەتی ناوەندی لە چەندین قۆڵەوە ھێرشی گەورەی کردە سەر بەختیارییەکان، بەڵام سوپاکەی عەلی مەردان خان شکستی بە لەشکرەکانی شا دا و ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە سەربازییەکانی حکوومەت بە رووت و قووتی لەناو ”شاری کورد“ سواری گوێدرێژ و ھێستر کران.

لە ئەنجامدا حکوومەت زۆرترین ھێز و لەشکرەکانی لە چوار قۆڵەوە لە شاری کورد نزیک کردەوە و پاش ساڵێک شەڕکردن، بە میانگیری و ناوبژیوانیی ژمارەیەک کوێخا، عەلی مەردان، خۆی رادەستی تاران کرد. پاش رادەستبوونی عەلی مەردان خان، حکوومەتی ناوەندی ھەرچی بەڵێن بوو خستیە ژێر پێ و بڕیاری کوشتنی بۆ ئەو شۆڕشگێڕە دەرکرد.
سەید جەعفەری پیشەوەری، لە زاری یەکێک لە زیندانبانەکانەوە بەم جۆرە چیرۆکی کوشتنی عەلی مەردان خانی بەختیاری دەگێڕێتەوە: لە دوایین ساتەکان کە دەیانویست بیبەنە بەردەم ژاندارمەکان بۆ تیربارانکردن، کڵاوە پاڵەوییەکەی بە ھێمای نەفرەت لە حکوومەتی پاڵەوی فڕێ دا و بۆ خۆی ھەستایە سەر پێ و رۆیشت. دواتر بە تەقەی چەند فیشەکێک بێدەنگ کرا.
”بزورگی عەلەوی“ نووسەر و رۆماننووسی ناسراوی ئێران لەبارەی شەھیدکردنی عەلی مەردان خان دەنووسێ: ”عەلی مەردان خان، پۆشاکێکی جوان و رازاوەی لەپێ کرد و قژ و پرچی داھێنا و بە ھەنگاوە قورسەکانی وەک مەنسووری حەلاج بەرەو شوێنی کوشتنی کەوتە رێ.

رۆیشت تا بە شەھیدبوونی پەڵەیەکی رەش بخاتە سەر مێژووی رەشی حکوومەتی دیکتاتۆریی پاڵەوی و شانازیی مێژوو بۆ خۆی تۆمار بکات. کاتێک نزیک بووەوە بە بزەیەکەوە نەیھێشت پیاوکوژەکان چاوی ببەستن و بە ئارامی پەڕۆی سەرچاوی لادا و گوتی: بھێڵن با ئەم دیمەنە جوانە کە گومانم نییە فەرماندە و بەرپرسە باڵاکانتان خۆشحاڵ دەکا، منیش لە دواچرکەساتی ژیانم بیبینم، چونکە من تا ئێستە شێرێکی دەست و پێ بەستراوم لەناو کۆمەڵێک چەقەڵ نەدیوە.“

 

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …