Home / بەشی مێژووی كورد / بیرۆکەی ئیسلامگەرایی سولتان عەبدولحەمید و کاریگەری لەسەر بوژانەوەی بیری نەتەوایەتی کورد به‌شی 1

بیرۆکەی ئیسلامگەرایی سولتان عەبدولحەمید و کاریگەری لەسەر بوژانەوەی بیری نەتەوایەتی کورد به‌شی 1

 

esh2535_3

شاسوار هەرشەمی..

تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌ پێش 6 ساڵ نوسراوه‌، به‌ڵام بۆ یه‌که‌مین جاره‌ که‌ بڵاوی ده‌که‌مه‌وه‌.

سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، لە ساڵی ١٨٧٦ زاینی ھاتە سەر تەختی خەلافەتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. دوای ٣٣ ساڵ پاشایی، واتا لە ساڵی ١٩٠٩ی زاینی، لە لایەن کۆمەڵەیه‌کی سیاسی نھێنی بە ھێز، لە کاربەدەستانی گەورەی دەوڵەت، بە ناوی تورکانی لاوەوە، تاجی لەسەر وەکەل نراو، لەسەر تەخت ھێندرایە خوارێ. ئەو لەلایەن تورکانی لاوەوە، بە کۆنەپەرستی تاوانبار کرا. دوای لە کار وەلانانی، عەبدولحەمید، تا دەمی مەرگی، لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩١٨ ز، بە دەستبەسەری ژیانی بردە سەر. سوڵتان عەبدولحەمید، جگە لە تورکی، زمانی فارسیشی باش دەزانی. ئەو مێژو و ئەدەبی خوێندبوو. سوڵتان شەیدای ئۆپراو دارتاشی و وێنە گرتن بوو. ھەمیشە ئەم کارانەی، وه‌ک که‌سێکی ئارەزومەند دەکرد. سوڵتان وێنەکانی لە ١٢ بەرگ بڵاو کردۆتەوە. ئەو بۆخۆیشی چەند ئۆپرایەکی نوسیوە. زۆر حەزی لە خوێندنەوەی ڕۆمانی پۆلیسی بوو. وەک ئاماژەمان پێکردووە، ئەو نزیکەی ٣٣ ساڵ لەسەر تەختی پاشایەتی مایەوە. سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، بە دوا خەلیفە و سوڵتانی عوسمانی دادەنرێت، کە خاوەنی دەستەڵاتێکی ڕەھا بوو. ئەو بە خەلیفەی موسڵمانانی سوننە دادەنرا. لە سەردەمی دەستەڵاتی ویدا، زۆر ڕووداوی گەورە و بچوک ڕویانداوە، کە ئاراستەی ڕووداوەکان بەیەکەوە، ڕێڕەوی مێژوی ناوچەکەیان گۆڕی.

باری شەپڕێوی دەوڵتی عوسمانی، پێش دەرکەوتنی عەبدولحەمید

کاتێ کە سوڵتان عەبدولحەمید تاجی نایە سەری، ئەو بوو بە سوڵتانی دەوڵەتێک، کە پتر لە پەنجا ساڵ بوو، بە ھەنگاوی خێرا، ڕووی لە کزی و کەنەفتی دەنا. زۆر پێش ئەو مێژوەش، بۆ دۆست و دوژمنانیش ئەوە دەرکەوتبوو، کە دەوڵەتی کەنەفتی عوسمانی، چیدی ناتوانێت بەرگری لە قەڵەمڕەوەکەی لە ئەوروپا و، تەنانەت لە ئاسیاو ئافریکاش بکات. شکستە گەورەکانی عوسمانیان، لە بەرامبەر سوپای تساری ڕووسیا، ھێما بوون بۆ داڕزان و داتەپینی تواناکانی دەوڵەت.

خاڵی وەرچەرخان لە بەرەو پاشەوە کشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی، لە ھەڵگیرسانی شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی گەلی یۆنانەوە دەستی پێکرد، لە نێوان ساڵانی (١٨٢١-١٨٢٧)زاینی. یۆنان ھەمیشە مایەی ئیلھامی گەلانی ئەوروپا بووە. ئەی ئەوە یۆنانیەکان نەبوون، کە بناغەی شارستانیەتی ئەوروپیان دامەزراند؟. کتێبی پیرۆزی گشت کەنیسە مەسیحیەکان، لەبەر سەرچاوەی جێباوەڕی یۆنانیەوە وەرگێڕدراوە، ھەر بۆیەشە زمانی یۆنانیش، جۆرێک لە پیرۆزی لای کەنیسە ھەیە. ئەی یۆنانیەکان نین، کە باوکی گشت زانستە ھاوچەرخەکانن. ئه‌ی ئه‌وه‌ ئه‌وان نه‌بوون که‌ پێش گەلانی دی، توانیان لەسەر بناغەی بیرۆکەی ماددی بیر بکەنەوە؟. لەگەڵ سەرھەڵدانی شۆرشی یۆنان، نوسەران و ڕۆشنبیرانی ئەوروپی، ھەڵمەتێکی گەورەی گوشاریان، بۆ سەر فەرمانڕەواکانیان دروست کرد، تا لە بەرامبەر کوشتاری یۆنانیان، بەدەست تورکانی عوسمانیەوە بێدەنگ نەبن و، بە ھاواریانەوە بچن. ئەوان کەوتنە بە بیر ھێنانەوەی شانازیەکانی یۆنانی، بۆ ھەموو ئەوروپاو، تەنانەت بۆ ھەموو مرۆڤایەتیش. ھەندێ لەو ڕۆشنبیرانە، لە بابەتی شاعیری ئینگلیزی (لۆرد بایرۆن)، ھەر بە گوفتار نەوەستان و، ھاتنە پاڵ شۆڕشگێڕەکانیش. (بایرۆن) لە یۆنان گیانیشی کردە قوربانی ئازادی ئەو وڵاتە. بایەخدان بە یۆنان، ئەو کاتە تین و تاوی پتر سەند، کاتێک کە کەشتیڕانی جەنگی عوسمانی، بە ھاوکاری برایم پاشای کوڕی موحەمەد عەلی والی میسر، بە یەکەوە لە ساڵی ١٨٢٥ زاینی، لە نیوە دورگەی مورە، ڕاپەڕیوانی یۆنانیان تارو مار کرد. بەریتانیای مەزن، فەرەنسا و ڕووسیا، سەرەتا تەنیا کەوتنە ناردنی کۆمەک و پشتیوانی بۆ ڕاپەڕیوانی یۆنان. بە تاوسەندنی کێشەی یۆنان، ئەو سێ دەوڵەتە لەمەشیان تێپەڕاند. ئەوە بوو ڕۆژی ٢٠ / ئۆکتۆبەری ١٨٢٧ ز، کەشتیڕانی ھەرسێ دەوڵەت بەیەکەوە و، لە ھەڵمەتێکی نەخشە بۆ داڕێژراوی ھاوبەشدا، لە نەڤارین، پەلاماریان بردە سەر کەشتیڕانی عوسمانی – میسری و، ھەموو کەشتیەکانیان لە ئاو نقوم کردن. دوای ئەو شکانە گەورەیە بوو، کە عوسمانیەکان ناچار بوون ڕۆژی ٢٢/مارسی ١٨٢٨ز، ڕێککەوتننامەی لەندەن مۆر بکەن، کە تیایدا دان بە سەربەخۆیی وڵاتی یۆنان دەنێن.

کاتێ کە ڕوسەکان بە کێشەی یۆنانەوە خەریک بوون و، لەگەڵ عوسمانیان کەوتبونە شەڕ، قاجاریەکانی دەستەڵات لەدەستی ئێران، ویستیان سود لەو ھەلە وەربگرن و، پەلاماریان بردە سەر ڕوسیا. قاجارەکان لە پەلامارەکەیاندا شکان و، ناچار بوون بە گوێرەی ڕێکەوتنامەی ئاگربەسی تورکمانچای، دەست لە نیوەی ئازەربێجان و نەخچەوان و ئەرمەنستان و گورجستان ھەڵگرن و، بۆ ڕووسه‌کانی جێبێڵن. وەک بەرەنجامی ئەو شەڕە، چەند ھەزار تورکمانێکی قەرەپەپاغی سوننە، لە ترسی تۆڵە لێکردنەوەی سوپای روس، گورجستانی وڵاتی خۆیان جێھێشت و، ڕەگەڵ ئوردوی شکاوی ئێران کەوتن. قاجارەکان ئەوانیان لە دەشتی سندوسی نێوان شنۆو نەغەدە نیشتەجێ کرد، کە تا ئەمڕۆش ھەر لەوێن و، بەشێکی گەورەی دانیشتوانی نەغەدە پێکدێنن.

عوسمانیەکان، لە دوای شکانیان لە بەرامبەر پەلاماری سێقۆڵی ڕووسیا –بەریتانیا – فەرەنسا، ناچارکران تا پەیمانی ئاگربەسی (ئەقەرمان)، لەگەڵ ڕوسەکان مۆر بکەن، کە لە بەندێکیدا عوسمانیەکان بەڵێن دەدەن بە باشتر کردنی باری مەسیحیەکانی ناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. سوڵتان مەحمودی دووەم، لەو دۆڕان و شکانە یەک لە دوای یەکانە، توشی شەرمەزاری ببوو. بۆیە بێ خۆئامادەکردن، ڕۆژی ٢٠/١٢/١٨٢٧ جیھادی لە دژی ڕووسیا ڕاگەیاند. ڕووسه‌کان وەڵامی جیھادی سوڵتانیان، خێرا دایەوە و، بە یارمەتی و چاوساغی ئەرمەنەکان، پەلاماری خاکی عوسمانیان دا. ئەوان بە سود وەرگرتن لە شارەزایانی ئەرمەن، دەستیان گرت بە سەر شارو ناوچە کوردیە سنوریەکانی, بایەزیدو قارس و ئەرزەرۆم. ڕووسه‌کان کاربەدەستانی عوسمانیان ناچارکرد، تا لە ڕێککەوتننامەیەکی نوێدا لە ١٤/١٢/١٨٢٩ز، دان بە ھەردوو ڕێکەوتننامەی ئەقەرمانی پێشو و، تورکمانچای لەگەڵ تورکانی قاجاری شیعە مەزھەب لە ئێراندا بنێن.

ئەوەی جێگای سەرنجی خەڵک و کاربەدەستان بوو، بریتی بوو لە بەشداریکردنی بەرچاوی ئەرمەنەکان، شان بە شانی سوپای روس، لە داگیرکردنی شارەکانی بایەزید و قارس و ئەرزەرۆم دا.

ئەرمەنەکان پێشتر، هه‌ر بە ھەمان شێوە، لە شەڕی نێوان ڕووسیاو قاجارەکان، چالاکانە بەشدار بوون. بەشداری خۆبه‌خش و خۆبەختکەرانەی، دەستە و تیرەی دی مەسیحیش، لە پاڵ سوپای ڕووسیا تێبینی کرا، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر لە ئەرمەنیان. ئەوەی لێرەدا بایەخی مێژویی ھەیە، ئەمەیە کە دوای ئاگربەسی نێوان ڕووسیاو عوسمانی، بۆ یەکەمین جار تۆڵەی خەڵکی ناوچەی قارس لە ئەرمەنەکان تۆمار دەکرێت. دیارە ئەرمەنەکان لە ھەموو چالاکیەکانی دی ڕووسه‌کانیش، بە شێوەی جۆراوجۆر بەشداریان کردبوو، بۆیە ڕووسه‌کان دواتر بایەخی تایبەتیان بۆ ئەو بەشداری کردنانە دانا، کە بریتی بوون لە شێوەی جۆراوجۆری زانیاری کۆکردنەوە و چاوساغی کردن، تا بەشداری ڕاستەوخۆ لە چالاکیەکانی شەڕی. ڕووسه‌کان لە ھەردوو ڕێککەتننامەی ئاگربەسدا، چ لەگەڵ قاجارەکان (تورکمانچای) و، چ لەگەڵ عوسمانی (ئەقەرمان)، مەرجێکیان بۆ ھەردوو دەوڵەت دانا، تا ڕێگا لە ھیچ ئەرمەنێک نەگرن، ڕوو لە ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی ڕووسیا بکات. ڕووسه‌کان بە دانانی ئەو خاڵە لە ڕێککەوتنیان لەگەڵ ھەردوو دەوڵەتی دۆڕاو، دەیانویست زۆرترین ژمارە لە ئەرمەنەکان لای خۆیان کۆبکەنەوە و، مەشقیان پێ بکەن، تا لە شەڕو چالاکیەکانی جەنگی داھاتویاندا، لە ناوچە سنوریەکان بەکاریان بێنن. لە ماوەیەکی کەمکدا ٤٠ ھەزار ئەرمەنی، ئێرانیان بەجێھێشت و چونە ڕووسیا. لە خاکی عوسمانیش، سەرجەم ٨٤ ھەزار ئەرمەنی لە سنور پەڕینەوە و، چونە ناو ڕووسه‌کان.

وەک بەرەنجامی تێکشکانەکانی عوسمانی، لە شەڕی سێ قۆڵی دەریایی و، دواتریش شەڕی لەگەڵ ڕووسیادا، موحەمەد عەلی دیاربەکری والی عوسمانیان لە وڵاتی میسر، ھەلی لاوازی عوسمانیەکانی قۆستەوە و، سەربەخۆیی خۆی لە میسر ڕاگەیاند. تەنانەت یەکەمجار نیازی لەوەش گەورەتری ھەبوو. ئەو لەشکرێکی بەرەو شام بەڕێکرد و، ھەموو شامی گرت. بیری بۆ گرتنی ئەستەمبۆڵیش دەچوو، بەڵام لە دەوروبەری حەڵەب شکاو گەڕایەوە. سەرکێشیەکانی میری سۆران، موحەمەد پاشای گەورەش، بۆ ھەمان سەردەم دەگەڕێتەوە. میر موحەمەد لە پردێوە تا ناوچەی جزیرێی، خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. ئەو ماوەیەک لە شام، ھاوسنوری موحەمەد عەلی پاشا بوو. ھەندێک بەڵگەی نادڵنیا، باس لە جۆرێک پەیوەندیش دەکەن، لە نێوان میر موحەمەدی سۆران و برایم پاشای کوڕی موحەمەد عەلی، کە فەرماندەی سوپای میسر بوو لە شام. دوا شەڕی گورچکبڕی روسان لە دژی عوسمانیان، پێش ھاتنە سەر کاری عەبدولحەمیدی دووەم، شەڕی ناسراو بە (کیرم، قرم) بوو، لە ساڵانی (١٨٥٣-١٨٥٦زاینی). ڕووسه‌کان بە ناوی بەرگری کردن و پاراستنی مەسیحیانی ئەرتەدۆکس، ساڵی ١٨٥٣ پەلاماری رۆمانیاو مۆلداڤیایان دا. ڕووسه‌کان بۆ گوشاری پتر خستنە سەر عوسمانیەکان، لە ڕۆژھەڵاتیش بەرەی شەڕیان کردەوە. ئەمجارە دەستەی تایبەتیان، لە چەکدارانی ئەرمەنی ڕێکخستبوو. ڕووسه‌کان دیسان بە یارمەتی ئەرمەنەکان، دەستیان گرتەوە بەسەر شارەکانی بایەزید و ئەرزەرۆم و قارس. عوسمانیەکان توانای بەرگریان لەدەست دا و، لە بەرامبەر سوپای ڕووسیا کەوتنە پاشەکشێ. ڕووسه‌کان لە باکورەوە زۆری نەمابوو بگەنە ئەستەمبوڵ. ئەم پێشڕەویە خێرایەی ڕووسیا، ھەردوو بەریتانیا و فەرەنسای ترساند، لە بەھێزبوونی ڕووسیا و، مەترسی دروست بوون، لەسەر بەرژەوەندیەکانیان. ھێزێکی ھاوبەشی دەریایی بەریتانیاو فەرەنسا، لە نیوە دورگەی (کیرم، قرم) پەلاماری ئەستولی کەشتیڕانی ڕووسیایان دا. دوای شەڕێکی درێژو خوێناوی، ڕووسه‌کان شکان. ئه‌وان ناچار کران، تا لە قارس و ناوچەکانی دیش پاشەکشە بکەن. وەک بەرەنجامی ئەو شەڕانەبوو کە، رۆمانیا لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی، مافی خۆبەڕێوەبردنی پێدرا.

لە دوای شەڕی (کیرم)ەوە، ئیدی ئاشکرا بوو کە دەوڵەتی عوسمانی، ڕۆژەکانی دیاریکراوە و، چیتر ناتوانێت بەبێ یارمەتی ئه‌وروپیان، لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت. زاراوەی (پیاوە نەخۆشەکە) بۆ ئەو دەوڵەتە، لەو سەردەمەوە داکەوت. شەڕی (کیرم)، بریتی بوو لە دواخستنی داتەپین و ھەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی، بۆ کاتێکی دی لە بارو گونجاو، بۆ ھەردوو بەریتانیاو فەرەنسا. لە دوای شەڕی (کیرم)ەوە، ئەو دوو دەوڵەتە و دواتر ئەڵمانیاش، دەستیان واڵا بوو، بۆ دەست خستنە ناو کاروباری وڵاتەکە. باڵوێزخانە و کونسوڵخانەکانی ئەو وڵاتانە، لە زۆر شوێنی دوورە دەستی خاکی عوسمانی کرانەوە. ئەوان دەستەڵاتیان ئەمەندە زۆر بوو، تەنانەت ھەندێ جار دەیانتوانی (ھاوڵاتی بوون)ی خەڵکیش، بۆ خۆیان بکڕن. کاری لەمەودوای زلھێزەکان، بریتی بوو لە زەمینە خۆشکردن، بۆ دابەشکردنی که‌وشه‌نی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، بە گوێرەی بەرژەوەندیەکانی خۆیان.

* * *

 

بەم جۆرە لە سەروبەندی ھاتنە سەرکاری عەبدولحەمیدی دووەمدا (١٨٧٦زاینی)، دەوڵەتی عوسمانی، یۆنان و ھەموو باکوری ئافریکای لە دەست دەرچوو بوو. لە باشوری ئەوروپاشدا، دەستەڵاتێکی کزو لاوازی مابوو. بەرەی ناوخۆ شڵەژابوو. ریفۆرمی سوڵتانەکانی پێشتر، بۆشاییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورەیان، لە ناو خێڵ و ھۆزەکان دروست کردبوو. کۆمەڵگای عوسمانی، لە ئاستانەی گۆڕانکاری گەورەدا بوو. پێشەنگی ئەو گۆڕانکاریە، وەک ھەر گۆڕانکاریەک، جۆرێک لە ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی بەدواوەبوو. ھاوکات دەوڵەت، وەک خەلیفە و نوێنەری موسوڵمانان، واتا بە بەرگێکی ئاینیەوە، ھەرگیز نەیتوانی یەکسانی لە نێوان موسوڵمانان و، کەمایەتیە مەسیحیەکان دابین بکات. ئەو دیاردەیەی لە دوای شۆرشی فەرەنساوە، لە ئەوروپا پەرەی سەندبوو، بە دانانی ھاوڵاتی بوون، لەجیاتی ئاین، نەتەوە و زمان، نەک لە جیھانی ئیسلامی، بەڵکو لە ڕۆژھەڵاتی ئەوروپاش، ھێشتا ڕەنگی نەدابووەوە.

بارودۆخی نابەرامبەری و، چەوساندنەوە و، پێنەدانی ھەلی یەکسان بۆ کار و، زۆر ھۆی دیش، مەسیحی و کەمایەتیەکانی دی وەک جوەکانی پەراوێز خستبوو. ئەو کەمایەتیە مەسیحیانە، ھەمیشە چاویان لە ڕێی ڕزگاریکەرێک بوو. ئەرمەنەکان بە ئاشکرا ئامادە بوون، تا ببنە پێشقەرەولی ھەر پەلامارێکی دی ڕووسه‌کان. ھەرسێ وڵاتە زلھێزەکەی دی، بەریتانیا و فەرەنساو ئەڵمانیا، بەبێ سڵەمینەوە دەستیان ژەنیبووە ناو کاروباری وڵات و دەستەڵات. بە کورتی و پوختی، دەوڵەتی عوسمانی، لە سەروبەندی دەستەڵات گرتنەدەستی عەبدولحەمید، ھەموو نیشانەکانی داتەپین و ھەڵوەشاندنەوەی پێوە دیار بوو. سەیر لەوەدا بوو، کە لە ھەڵبژاردنی دەمی مەرگیش، دەستەڵاتدارانی عوسمانی، ئازادیان لە دەست دەرچوو بوو. بەریتانیەکان بەرژەوەندیان وابوو، کە دەوڵەتی عوسمانی جارێ بەسەر پێوە بمێنێ و، ڕێگر بێت لە خۆبەرفراوانکردنی ڕووسیا، بەرەو ئاوە گەرمەکان(١)، لە خوارەوە.

کاربەدەستانی ئیمپراتۆریەت، لە بێدەستەڵاتی خۆیان بە ئاگابوون. بێتواناییان گەیشتبووە ڕادەیەک، نەک ھەر نەیاندەتوانی ڕێ لە دەست تێوەردانی زلھێزەکانی ئەو سەردەم بگرن، بەڵکو ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، جێبەجێ کەری پیلانەکانی وانیش بوون. ئەو وڵاتانەش، بە شێوەیەکی سیستێماتیک و پلان بۆ داڕێژراو، بەردەوام بڕوبیانوی تازەیان دێنا پێش، تا بەو ھۆیانەوە، پتر دەست بخەنە ناو کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەوە. ئەوان بەو کارانەیان، خەریکی خۆ ئامادەکردن بوون، بۆ ڕۆژی چاوەڕوانکراو، تا بتوانن زۆرترینی بەرژەوەندیە دوورو نزیکەکانی خۆیان پیادە بکەن. بیانوی پاراستنی دەستە مەسیحیەکان، یەکێک بوو لەو ئامرازانەی، کە ئەو وڵاتە زلھێزانە کەوتبوونە بەکارھێنانی. کاربەدەستانی عوسمانی لە بێتواناییانەوە، ڕازی بوون تا ڕووسیا، فەرەنسا و بەریتانیا، بە رەسمی ببنە پارێزەری دەستە جۆراوجۆرەکانی ھاوڵاتی مەسیحی ناو ئیمپراتۆریەتەکە(٢).

وا باو بوو کە نوێنەری یەکێک لە وڵاتە زلھێزەکان، بە شێوەیەکی دیوانیی، داخوازیان پێشکەش بە سوڵتان دەکرد، کە ئەوان، له‌ جیاتی ده‌وڵه‌ت، ببنە پارێزەری دەستەیەکی دیاری کراوی مەسیحی، لەو دەستە ناسراوانەی کە لە سنوری ئیمپراتۆریەتەکە دەژیان. وەک: نەستوریە ئاسوریەکان، ئەرمەنیەکان و سریانە ئەرتەدۆکسەکان. یان کلدانی و سریانە کاتۆلیکەکان. سوڵتانیش وەک چاوەڕوان دەکرا، فەرمانی دەردەکرد کە ستاتوسی (میللەت)ی بەو دەستە مەسیحیە بەخشیوە. ئیدی نوێنەرایەتی ئەو دەستەیە، بۆ چارەسەرکردنی ھەر کێشەیەک، کە دەھاتە بەردەمیان، چ لەگەڵ خەڵک با، یان لەگەڵ کاربەدەستانی دەوڵەت، ئەوا ڕوویان لە نوێنەری دەوڵەتە زلھێزەکە دەکرد، کە بە دیوانیی بۆتە پارێزەری بەرژەوەندیەکانیان. زۆری نەبرد، ھەموو کەمایەتیە مەسیحیەکان، بە شێوەی جۆراوجۆر و، له‌ سه‌رده‌مێکی کورتدا، ستاتوسی (میللەت)یان وەرگرت و، لە ژێر پارێزگاری لێکردنی وڵاتانی بێگانەش داندران. بەڵام کامە وڵات؟ ئەو وڵاتانەی کە لە بنەوە خەریکی بەکارھێنانی مەسیحیەکان بوون، بۆ پیادەکردنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان. ئەوانەش ھەمان ئەو وڵاتانە بوون، کە دواتر لە ژێرەوە و، بە ڕێکەوتنی (سایکس-پیکۆ)، خاکی عوسمانیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کرد. بە ھەڵگیرسانی شەڕی جیھانی یەکەمیش، ھەرسێ زلھێزەکە، بەریتانیا و فەرەنساو ڕووسیا، پەلاماریان بردە سەر سنورەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و، وڵاتەکەیان داگیرکرد. وەک چاوەڕوان دەکرا، دەستە مەسیحیەکان باجێکی قورسی ئەو گەمە سیاسیەیان دا. ئەوان بەر لە ھەڵگیرسانی شەڕی جیھانی، نازیان بەو پارێزگاری لێکردنەی برایانی ھاوئاینیەوە، لە ئەوروپا دەکرد، بەڵام لە گەرمەی شەڕدا، وەک چاوەڕوان دەکرا، ئەوان کەوتنە بەر ڕقی کاربەدەستان و خەڵک. ھەموو ھاووڵاتیەکی مەسیحی، تەنانەت بێ وەی و بێچەک و ئاشتیخوازیش بایە، لە لایەن کاربەدەستان و خەڵکەوە، وەکو بەشێک لە ھێزی وڵاتانی زلھێزی پەلاماردەر، سەیریان دەکرا(٣). ئەرکی سوڵتانی داھاتوو ئەوەبوو، تا ڕێگا چارەیەک بۆ ئەو پاشاگەردانیە بدۆزێتەوە و پیادەی بکات، بە مەبەستی لەسەر پێ ڕاگرتنی دەوڵەت.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …