Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی نوێ و هاوچه‌رخی كورد / بەکر شوانی : بەسەرهاتی کتێبێکی ساختەی عوسمانی دەربارەی کورد

بەکر شوانی : بەسەرهاتی کتێبێکی ساختەی عوسمانی دەربارەی کورد

old-book-28787592

کۆماری تورکیا پاش دامەزراندنی لە ساڵی ١٩٢٣دا پرۆژەی “کۆمەڵگەیەکی خاوەن یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک کولتوور و یەک مێژوو”ی خستە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام تورکەکان زۆر زوو هەستیان کرد کە کوردەکان گەورەترین و تاکە تەگەرەی بەردەم پراکتیزەکردنی پرۆژەکەیانن. ئاخر هەرچی ئەرمەنییەکان بوون، بەشێکیان لە کۆمەڵکوژییەکەی بەهاری ساڵی ١٩١٥دا کوژرابوون و ئەوانی تریشیان ئاوارەی وڵاتان ببوون. بەشی ڕەهای یۆنانییەکانیش لە چوارچێوەی کردەوەی گۆڕینەوەی گەورە (بیوک موبادەلە)داڕەوانەی یۆنانستان کرابوونەوە. کەواتە گەلی کورد تاکە ئەستەنگی بەردەم بنیاتنانی نەتەوە-دەوڵەتی تورک بوو. ڕوودانی سێ ڕاپەڕینی کوردی لە ماوەی هەشت ساڵی تەمەنی کۆماردا ئاماژە بوو بۆ لە سەرەتاوە هەرەسهێنانی هەموو ئەو سیاسەتانەی کە کۆماری تورکیا بۆ ئاسیملەکردن (بەتورککردن)ی کورد دایڕشتن و پەیڕەوی کردن. ئەو سیاسەتەی کۆماری تازە دامەزراو لەسەری دەڕۆیشت، لە ساڵانی کۆتایی دەوڵەتی عوسمانیدا کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی (اتحاد و ترقی جمعیەسی) ئاوی بۆ ڕشتبوو. سەرانی ئەو کۆمەڵەیە ساڵی ١٩١٣ بەتەواوی دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت و کەسانی بەهێزی ناویان کە بە سێکووچکەی ئەنوەر و تەلعەت و جەمال پاشا ناسرابوون، تا ئەوپەڕی سنوور تورکچی و تورانی بوون. ئەمانە لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی جیهانیی یەکەمدا دەسەڵاتی دەوڵەتیان گرتە دەست و لەبەرەوە دەست بەکار بوون بۆ پراکتیزەکردنی بیرۆکەی دەوڵەتی یەک نەتەوە. حکوومەتی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی لە ساڵی ١٩١٦دا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی عەشایەرەکان و کۆچبەران (عشائر و مهاجرون مدیریت عمومیەسی)ی دامەزراند. ئەرکی ئەو دامەزراوەیە بریتی بوو لە ئەنجامدانی توێژینەوە و داڕشتنی سیاسەت و بەرنامەی کاریگەر و گونجاو بۆ ئاسیملەکردن و تواندنەوەی کورد و عەلەوی و هەموو گەل و گرووپە ناتورکەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی. نۆبەرەی کاری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بریتی بوو لە سازکردنی زەمینەی گونجاو بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئاسیملاسیۆن ئەویش لە ڕێی ئەنجامدانی توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی کتێبەوە. ئەو بەڕێوەبەرایەتییە پاش ئەوەی کتێبێکی لەسەر عەلەوییەکان بڵاو کردەوە، ئەمجار کتێبێکی زۆر سەمەرەی لەبارەی کوردەوە بە ناونیشانی (کوردەکان – توێژینەوەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی) و بە زمانی تورکیی عوسمانی چاپ و بڵاو کردەوە. ناوی کتێبەکە بە تورکی: (کردلەر-تاریخی واجتماعی تدقیقات). بەپێی زانیارییەکانی سەر بەرگی یەکەم، کتێبەکە لە (ئەکادیمیای ڕۆژهەڵاتناسیی بەرلین) دەرچووە و نووسەرەکەیشی کەسێکی ئەڵمانە بەناوی دکتۆر فریچ. لە یەکەم نیگادا هیچ کێشەیەک بەدی ناکرێت و تەنانەت ڕۆشنبیرانی کوردی ئەو سەردەمە زۆریان بەلاوە گرنگ بووە کە دەوڵەت کتێب دەربارەی کورد بڵاو دەکاتەوە. بۆ نموونە؛ لە ژمارە ١٣٠ ی ڕۆژنامەی (اجتهاد)دا کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٨ دەرچووە، وتارێکی کامەران عەلی بەدرخان سەبارەت بەو کتێبە بەرچاو دەکەوێت. بەڵام کاتێک مرۆڤ دەست بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە ٣٨٨ لاپەڕەیییە دەکات، هیچ هۆکار و هاندەرێکی تێدا بەدی ناکات بۆ دڵ پێخۆشبوون، چونکە ئەو کتێبە بە زمانێکی زۆر ناسک هەندێک تێز دەخاتەڕوو و تیایاندا نکۆڵی لە هەبوونی میللەتێک بەناوی کورد دەکات و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە ئەم میللەتە هیچ ڕۆڵێکی لە مێژوودا نەبووە و تەنانەت زمانێکی سەربەخۆ و تایبەت بە خۆیشی نەبووە و نییە. بەوجۆرە کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی بە بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە هەوڵی داوە زەمینەی سیاسی بۆ ئاسیملەکردنی کورد خۆش بکات.
وەک ئەوەی زانای کۆمەڵناس پرۆفیسۆر د. ئیسماعیل بێشکچی و توێژەر عالیشان ئاکپنار لە دوو لێکۆڵینەوەدا ئاماژەیان بۆ کردووە، لە ڕاستیدا کەسێک بەناوی دکتۆر فریچ بوونی نییە و کتێبەکە لەلایەن کارمەندێکی ئاسایشەوە بەناوی هابیل ئادەم کە ناوی ڕاستەقینەی (ناجی ئیسماعیل پەلیستەر)ە، نووسراوە. بەڵام بۆ ئەوەی کتێبەکە بەهەند وەربگیرێت و ڕای گشتی گومان لە ناوەڕۆکەکەی نەکات، نووسەر لە هەنگاوێکی ساختەکارانەدا ناوی خەیاڵیی دکتۆر فریچی خستووەتە سەری و وەک یەکێک لە توێژینەوە و بەرهەمەکانی ناوەندێکی خاوەن ئیعتیباری (ئەکادیمیای ڕۆژهەڵاتناسیی بەلین) خستوویەتیە بەردەستی خوێنەران. ئاکپنار لە ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی ئەوروپا گەڕاوە و سۆراخی ناوی دکتۆر فریچی کردووە. بەڵام هیچ نووسەر و ڕۆژهەڵاتناسێکی بەو ناوەوە نەدۆزیوەتەوە. ئێستا بەتەواوی دەزانرێت کە نووسەری کتێبی (کوردەکان – توێژینەوەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی) ساختەکار ناجی ئیسماعیل پەلیستەری بەڕەچەڵەک ئەلبانی و کارمەندی ئاسایشی ئەو سەردەمەیە. ئەوەی تا ئێستا ڕوون بووەتەوە، پەلیستەر کۆمەڵێک کتێبی نووسیووە و لە هەر کتێبێکێشدا ناوێکی جیاوازی بەکار هێناوە، لەوانە: هابیل ئادەم (وەک وەرگێڕ)، دکتۆر فریچ، فرایلیچ، پرۆفیسۆر جۆنس مۆل، پرۆفیسۆر ڤایت، پرۆفیسۆر لیباهـ (ئەگەر سەرنج بدەن، ئەمەیان هەر هابیلە، بەڵام بە خوێندنەوەی لە چەپەوە بۆ ڕاست)، تەبرێزی ناجی ئیسماعیل و چەند ناوێکی تر.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبی (کوردەکان – توێژینەوەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی)

کتێبەکە ساڵی ١٩١٨ وەک سێیەمین بڵاوکراوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی عەشایەرەکان و کۆچبەران چاپ و بڵاو کراوەتەوە. لە دوای پێشەکی، چەندین سەرباسی وەک: “عەشیرەتەکانی کورد، کوردەکانی ئێران، کوردەکانی ناو سنوورەکانی ئەمڕۆی تورکیا، کوردەکانی ویلایەتی موسڵ، بەگ-میرەکانی مەروان، بەگزادەکانی فازوولییە، بەگزادەکانی لورستانی بچووک، میرەکانی حەسەنکێف، میرەکانی بابان، فەرمانڕەوایانی بتلیس و هتد… لەخۆ دەگێت. ئەوەی مایەی سەرنجە، تەنیا خوێندنەوەی پێشەکی بەسە بۆ ئەوەی خوێنەر لە مەبەست و نیازی نووسەر حاڵی ببێت. وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێ دا، نووسەر بە زمانێکی فرە ناسک هەوڵ دەدات لە خوێنەر بگەیەنێت کە میللەتێک بەناوی کورد نییە و ڕەچەڵەکی کورد دەباتەوە سەر تورک. بەڵام ڕاستەوخۆ ناڵێت کوردەکان تورکن، چونکە لە سەردەمی بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبەدا هێشتا کارێکی هێندە ئاسان نەبووە تێزێکی لەو جۆرە ببرێتە مێشکی خەڵکەوە. پێویستە ئەوەمان لەبیر نەچێت کە لەو سەردەمەدا کۆمەڵێک ڕۆشنبیری کورد لە ڕۆژنامەکانی ئیستانبوڵدا دەیاننووسی، یان خۆیان ڕۆژنامەی کوردی-تورکییان دەردە‌هێنا. ئەو کوردانە کە بە ناسنامەی کوردبوونی خۆیانەوە ناسرابوون، هەندێکیان لە ڕیزەکانی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقیدا بوون و بگرە تیایاندا هەبوو لە دامەزرێنەرانی ئەو کۆمەڵەیە بوو. بۆیە هێشتا مەحاڵ بوو بتوانرێت بێ پەردە و بەئاشکرا نکۆڵی لە هەبوونی کورد بکرێت. بۆ زیاتر تێگەیشتن لەو دۆخە دەکرێت ئەم نموونەیە بخەینەڕوو: “کۆمەڵەی تورک” کە دوای مەشرووتەی دووەم هاتە دامەزراندن، سەرەتا بارەگای نەبوو، بۆیە کۆبوونەوەکانی خۆی لە شوێنانی وەک “دار الفنون”، بارەگای ڕۆژنامەی “یەنی گازەتە” و “یانەی کوردی” ئەنجام دەدا کە هەموویان لە بەیئۆغڵوی ئیستانبوڵ بوون. واتا کەسانی هەڵگری بیری تورکایەتی لەو سەردەمەدا وەک هەر ناسنامەیەکی تر بۆ ناسنامەی کوردیان دەڕوانی. ئەمەیش هابیل ئادەمی ناچار کردووە زۆر “وەستایانە” ڕەچەڵەکی کورد بباتەوە سەر تورک.
نووسەر سەرەتا هەندێک لە تێزە باوەکانی سەبارەت بە کورد بەدرۆ دەخاتەوە و “دەیسەلمێنێت” کە کوردەکان بەڕەچەڵەک عەرەب و گوورج و کافکاسیایی نین و پێی وایە: “کوردەکان لەبەر ئەوەی مێژوویان نەبووە، کولتووری میللی و ئەدەبیاتی نووسراویان نییە. ئەوان تەنیا خاوەنی شەرەفنامەن (شەرەفخانی بتلیسی) کە ئەویش تاقانە مێژوونووسی کوردەکانە.” نووسەر لە باسی زمانی کوردیدا دەنووسێت: “ئەم زمانە بەپێی ڕێزمان سەر بە کۆمەڵەی زمانەکانی هندو-ئەوروپایییە و لەسەر بناغەی زمانی فارسییە و وا دێتە پێش چاو وەک ئەوەی لە نێوان فارسیی ئەمڕۆ و زمانی ئێرانی شا عەباسدا مابێتەوە. بۆیە بەتەواوی زمانی میللەتێک نییە، بەڵکو دەکرێت بە زمانێکی ژێر کاریگەریی جۆراوجۆر دابنرێت. بەتایبەتی شایەنی باسە کە وشە هاوبەشەکانی نێوان هۆزە کوردەکان وشەگەلی کۆنی کوردی، پەهلەوی، زەند و فارسیی کۆن نین، بگرە وشەی تورکی، تورکی-عەرەبی (وشە عەرەبییەکانی ناو زمانی تورکی)، فارسیی نوێ و فارسیی سەردەمی شا عەباسن.” نووسەر پاش “سەلماندن”ی ئەوەی کە کوردەکان کۆمەڵێک مرۆڤی بێ مێژوو و بێ کولتوور و بێ زمانن و بۆ ئەوە ناشێن پێناسەی میللەت بیانگرێتەوە، ئەمجار بەخشکەیی دێتە سەر خاڵی مەبەست و دەنووسێت: (دەزانین لە سەردەمی ئاشوورییەکاندا لە کوردستانی ئەم سەردەمەدا حکوومەتێکی تورانی هەبووە بەناوی (لوردەهو). ئەمانیش وەک جەنگیز وشەی (کورد)یان بەکارهێناوە و دەشێت پێشبینی بکرێت کە لەگەڵ گەیشتنی عەشیرەتە کوردەکاندا بەو سەردەمە، ئەو وشەیە چووبێتە زمانی ڕۆژانەیانەوە. وشەکە (کورد) ناسناوی میرەکانی لوردەهو بووە و پاش ئەوەی کوردەکان جێی سەرگەورەکانی خۆیان گرتووەتەوە، یان لەگەڵ یەکەم هاتنیاندا کاتێک ئەو خزمەتە گرنگەیان بینیووە، ناوی (کورد)یان لە خۆیان ناوە. ئەمە بەهێزترین بیردۆزەیە. بەمجۆرە دەکرێت پەیوەندی لە نێوان ناو و ناولێنراویشدا بدۆزرێتەوە. دکتۆر سییچ پێی وایە وشەی (کورد) لە وشەی (لوردەهو)ەوە هاتووە. ئەمەیش بۆچوونێکی گرنگە…”
لێرەوە نیازی نووسەر ڕوون دەبێتەوە و ئیدی هەموو شتێک زەڵاڵ و ئاشکرایە. ئەو پێی وایە وشەی کورد لە وشەی لوردەهو داتاشراوە. لوردەهویش دەوڵەتێکی تورانی، واتە تورکی بووە و بەم پێیە کوردەکان بەڕەچەڵەک تورانی-تورکن!!!! ئەم بیردۆزەیە کە یەکەمجار ساڵی ١٩١٨ لەلایەن هابیل ئادەمەوە خراوەتەڕوو، سەرەتا هێندە بەهەند وەرنەگیراوە. بەڵام کۆماری تازە دامەزراو دوای ساڵی ١٩٢٥ “نرخ و بەها”ی کتێبەکەی ئادەمی بۆ دەردەکەوێت. دوای دامرکاندنەوەی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران کە یەکەم گەورەترین ڕاپەڕینی گەلی کورد بوو لە مێژووی تازە کۆماردا، دەست کرا بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی بە تورککردن و کتێبەکەی ئادەم بوو بە “شاکار” بۆ ئەوانەی کە پێیان وابوو کوردەکان بەڕەچەڵەک تورکن و زمانی کوردیش تێکەڵەیەکە لە تورکی و عەرەبی و فارسی. ژەنەراڵ ناجی تناز ناوێک سساڵی ١٩٢٦ کتێبێکی بەناوی (مێژووی وان – توێژینەوە لەبارەی کوردەکانەوە) سەبارەت بە کورد چاپ کردووە و تیایدا بەئاشکرا نکۆڵی لە هەبوونی کورد دەکات و ڕەچەڵەکی کوردەکان دەباتەوە سەر تورک. ئەوەی کە لەمەڕ کتێبەکەی تناز لە هەمان کاتدا مایەی غەم و پێکەنینە، ئەوەیە کە نزیکەی هەموو بۆچوونەکانی خۆی لەبەر ڕۆشنایی تێزە هەڵبەستراوەکانی ناو کتێبە ساختەکەی ئادەم داڕشتووە.

سەبارەت بە بیرۆکەی ئامادەکردنی ئەم بابەتە

من پێشتر وتارەکەی پرۆفیسۆر د. ئیسماعیل بێشکچیم دەربارەی ئەو کتێبە خوێندبووەوە و ئەو بابەتە سەرنجمی ڕاکێشابوو. بۆیە مەراقم بوو هەرچۆنێک بووە کتێبەکە ببینم. مانگی ئایاری ڕابردوو لە میانەی سەردانمدا بۆ کوردستان هاوڕێی نووسەر و ڕۆژنامەنووس خالید سڵێمان پێمی گووت کە شاعیر و نووسەر فەرهاد شاکەلی بە ئیمایل کتێبێک و دوو وتاری تورکی بۆ ناردووە و دەڵێت کتێبەکە ساختەیە و دژی کوردە. هەروەها گووتی شاکەلی پێشنیاری کردووە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکان ئەو نووسینانە بکەن بە کوردی و کتێبەکەیش ڕاڤە بکەن بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ری کورد وێنه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی له‌سه‌ر پاشخانی ئه‌و یارییه‌ هه‌بێت. من یەکسەر حاڵی بووم کام کتێبە، بۆیە بە کاک خالیدم گووت ڕەنگە من ناونیشانێکی باش بم بۆ ئەوەی ئەو بابەتەم ئاراستە بکرێت. ئەویش بە سوپاسەوە بابەتەکانی بۆم نارد. ئەوەی لێرەدا خوێندتانەوە هەوڵێک بوو بۆ ئاشناکردنی کتێبەکەی ئادەم بە خوێنەرانی کورد. ڕاڤەکردنی تەواوی کتێبەکە و وەرگێڕانی وتارەکانی بێشکچی و ئاکۆناریش با بمێنن بۆ دەرفەتێکی تر.

 

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

9695010-72489810-d23a6f7d22e9c64184058eacf6d4ba9398dff9f8-1500-1-1549280593-728-32e9147584-1549363977

چەند زانیاریەک لەسەر ژیانی فیرعەونیەکان کە سەیر و سەمەرەیە

خێزان ئەمەی خوارەوە چەند زانیاریەکە لەسەر ژیانی فیرعەونیەکان کە سەیر و سەمەرەیە: -کۆیلەی تایبەتیان هەبووە کە …