Home / ئەمرۆ لەمێژوودا / مێژووی رۆژژمێر

مێژووی رۆژژمێر

مێژووی رۆژژمێررۆژمێر
وەرگێڕانی: حیكمەت مەعروف 

پێشەكی: رۆژژمێر، لە رابردوویەكی زۆر كۆنەوە بەكاردێت، لەگەڵ ژیانی مرۆڤدا سەریهەڵداوە. ئەو شێوەیەی كە ئێستا هەیەتی، لە ئەنجامی چەندین هەوڵی گەلانی سەرزەوی بەپێی سەردەمە جیاوازەكان هاتووەتەكایەوە. ئێمە بەشێوەیەكی روون لەوەئاگادارنین كە مرۆڤی سەرەتایی لە كاتە جیاوازەكاندا چۆن ژیانی خۆی رێكخستووە، بەڵام هەموو ئەگەرەكان بۆئەوە دەگەڕێنەوە كە لەكۆنەوە مرۆڤ بەپێی گۆڕانكارییە سروشتییەكان و جووڵەی تەنە ئاسمانییەكان ژیانی خۆی رێكخستووە.
بێگومان یەكەم ئەو گۆرانكارییە سروشتییانەی كە مرۆڤ بینیویەتی، دووبارەبوونەوەی هەڵهاتن و ئاوابوونی خۆر بووە، لەمەوە یەكەم یەكەی ئاسان و سادەی كات (زمن) كە رۆژە هاتەكایەوە. پاشان تێبینی دووبارەبوونەوەی گۆڕانكارییەكانیتری وەك هەڵكشان و داكشانی ئاوی دەریاكانی كردووە.
لە دەركەوتنی (هلالی) مانگ و زیادكردن و كەمبوونەوەی مانگدا، (شهر القمری) وەك یەكەیەكیتری (كات) داناوە. دیسان تێبینی دووبارەبوونەوەی وەرزەكان و وەرزی دروێنە و كۆچی باڵندە و گیانلەبەرانی كردووە، هەروەها مرۆڤی سەردەمە كۆنەكان تێبینی رۆشتنی (خۆر)ی بە نێو كۆمەڵەیەكی زۆر لە هەسارە لەماوەی ساڵیكدا كردووە و بۆ هەریەكێك لەم هەسارانە ناوی داناوە و خولگەی خۆری بینراوی (مدار الشمس الڤاهری) بەدەوری ئەم كۆمەڵە هەسارانەدا دابەشكردووە. بۆ هەریەك لەم كۆمەڵە ئەستێرە و بورجانە ناوی داناوە، كە لە ناوی گیانلەبەركانەوە وەریگرتووە.
پاشان تێبینی ئەوەی كردووە كە پێوانەكردنی كات بە بورجەكان لە پشتبەستن بە كاتەكانی كشتوكاڵكردن و هاتنی سەرما و گەرما و كۆچی باڵندەكان، وردترە. بە زیاتر وردبوونەوەی مرۆڤ لە دیاریدە گەردوونییەكان و دەستكەوتنی زانیاری زیاتر بەدرێژایی سەردەمانێكی زۆر و چاودێریكردنی جووڵەی خۆر و مانگ و ئەستێرەكان، ئەو توانایەی بە مرۆڤ بەخشی تا كات بەشێوەیەكی وردتر دابەشبكات و رۆژژمێری بۆ دابنێ. هەر لەڕێگەی ئەم رۆژژمێرەوە توانی رۆژ و هەفتە و مانگ و ساڵەكان دیاریبكات. دواتر بۆ پێوانەكردنی كات، كاتژمێری دروستكرد و روانگەی دانا و پێشكەوتنی زۆری لەبواری گەردوونناسیدا بەدەستهێنا، بەڵام بەسەر ئەم هەموو پێشكەوتنەشەوە لەبواری گەردوونناسیدا، تائێستاش لە زۆر ناوچەی سەرگۆی زەوی لەبەر جیاوازی لە بۆچوون و شێوەی بەڕێوەچوونی ژیانیان و مانەوەی بەرژەوەندییەكانیان، وا بەباشتر دەزانن كە دابەشكردنی كات پێویستە لەژێر كاریگەری حاڵەتە ناوچەییەكاندا بێت نەك دیاریدە سروشتییەكان، ئەمەش بۆ ئاسانكردنی دانانی رۆژژمێرەكان و پشتبەستنپێیان بۆ رێكخستنی كاروبارەكان و تۆماركردنی رووداوەكان. رۆژژمێر، جۆری زۆرە، چونكە بەدێژایی مێژوو بەشێوەی جیاوازدا رۆشتووە، بەم هۆیەشەوە چاككردن و گۆڕانكاری و راستكردنەوەی زۆری بەسەرداهاتووە كە لەدرێژەی ئەم بابەتدا باسیانلێوەدەكەین.
گرنگی رۆژژمێر
رۆژژمێر بە مەبەستی زۆر و جیاواز بەكاردێت، لەوانە: یەكەم: دیاریكردنی بەروار، ئەمەش پێویستی بە ئامادەكردنی تۆماری رۆژەكان و مانگەكان و ساڵەكانە، لەگەڵ دانانی رووداوەكان لەكاتی خۆیدا. ئەو بەروارانەی كە تۆماریشدەكرین، چەند جۆرێكن: 1. دیاریدە گەردوونییە سووڕاوەكان وەك بنەمای ساڵەكان و مانگەكان و وەرزەكان، ئەمەش تۆماركردنی رابردوو و داهاتووە.
2. دیاریدە زەمینییەكان، وەك هەڵكشان و داكشانی دەریاكان و گۆڕانی كەش لە رۆژە جیاوازەكاندا.
3. رووداوە دەگمەنەكان، وەك گەردەلوول و بوومەلەرزە و تەقینەوەی بوركانەكان و روودانی مانگگیران و خۆرگیران.
4. رووداوە مێژووییەكان كە لەلایەن مێژووی مرۆڤایەتییەوە تۆماردەكرێن.
5. رووداوە مەدەنییە هاتووەكان، وەك سەرەتای وەرزەكان و چەژنەكان و سەركەوتنەكان.
دووەم: ئامادەكردنی ئەنجامە ساڵانەییەكان، ئەمەش تێكڕای مانگەكانی ساڵ و ناوی رۆژەكانی و ئەو بەروارانەی كە بەرانبەریەتی لەڕۆژژمێرەكانیتردا، هەروەها كاتەكانی پەرستن (نوێژ)و ئەو بۆنە و چەژنانەی كە لەساڵدا روودەدەن.
پێوانەكانی كات (مقایس الزمن)
رۆژ و مانگ و ساڵەكان بە پێوانەیەك پێوانەدەكرێن كە دیاردە گەردوونییەكان دیاریدەكەن كە گرنگییەكی تایبەتی لە ژیانی مرۆڤدا هەیە. رۆژەكان بە خوولانەوەی زەوی بەدەوری خۆیدا لە رۆژئاواوە بۆ رۆژهەڵات دروستدەبن كە ئەمەش جیاوازی نێوان درێژی شەو و رۆژ و جووڵانی هەسارەكانی گەردوونی لێوەدەردەكەوێت. مانگەكان بە سووڕانەوەی مانگ بەدەوری زەویدا دەپێورێن كە لە (هلال) دەمەداسێكی باریكەوە دەستپێدەكات و پاشان وردەوردە دەبێتە مانگی پڕ (بدر) (مانگی تابان)و تاریكی شەو كاڵدەكاتەوە و دیسانەوە وردەوردە مانگە تابانەكە دەبێتەوە بە دەمەداسەكە. ساڵەكان بە سووڕانەوەی زەوی بەدەوری خۆردا دروستدەبن و لەئاكامیەوە وەرزەكان و جووڵەی بینراوی خۆر لەبورجەكاندا دروستدەبێت، بەڵام مانگە خۆرییەكان و هەفتەكان و بەشەكانیتری رۆژ وەك (كاتژێر و خوولەك و چركە)، یەكەی فەرهەنگی كاتن. رۆژ:
لەبەرئەوەی خولانەوەی زەوی بەدەوری خۆیدا، جووڵەیەكی (منتڤم) رێكوپێكە، بۆیە رۆژ دانراوە بەوكاتەی كە زەوی یەكجار بەدەوری خۆیدا دەخوولێتەوە كە دوو جۆرن: رۆژی ئەستێرەیی و رۆژی خۆری كە رۆژی خۆری بە ماوەی (سێ خوولەك و 55،9 چركە) لە رۆژی ئەستێرەیی درێژترە. رۆژی خۆری تەواو لەدرێژیدا جێگیرنییە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی كە خێرایی خۆری بینراو (سرعە الشمس الڤاهریە) لەنێوان ئەستێرەكاندا بەدرێژایی رۆژەكانی ساڵ جێگیرنییە، چونكە خوڵگەی زەوی بەدەوری خۆردا بازنەیەكی تەواو خڕنییە (شێوە هێلكەییە)، بۆیە كەمترین جار روودەدات كە رۆژی خۆری لە شوینێكی سەرزەویدا بەدرێژایی ساڵ هەمان درێژی هەبێت، جگەلەو شوێنانەی كە دەكەونەسەر هێڵی یەكسانی زەوی (خگ الاستوا‌و)، بۆیە ئەم شێوە پێوانەكردنە بۆ پێوانەكردنی كاتێكی یەكسان گونجاونییە، لەبەرئەوە زاناكانی گەردوونناسی خۆرێكی گریمانەییان داناوە كە بەخێراییەكی (رێكوپێك) یەكسان بەدرێژایی ساڵ دەڕوات و لەماوەی ساڵێكی تەواودا ئەوماوەیە دەبڕێت. شەو و رۆژ بەدوای یەكدیدادێن، بەڵام لەنێوان نەتەوەكانی سەرزەویدا بۆئەم بەدوای یەكداهاتنە و دەستپێكردن و تەواوبوونی رۆژە بیروڕای جیاواز هەیە، بۆنموونە لای عەرەبەكان رۆژ بریتییەلە ئاوابوونی رۆژ و هاتنی شەوی دوای ئەو ئاوابوونە و ئاوابوونی رۆژی دواتر، بەڵام لای فەرەنجەكان رۆژ لە نیوەشەوەوە دەستپێدەكات تا نێوەشەوی دواتر و رۆژ دەكەوێتە نێوان هەردوو نێوەشەوەكەوە. مانگی مانگی (الشهر القمری):
بریتییەلەو ماوەیەی كە مانگ دەیبڕێت لە سووڕانەوەی بەدەوری زەویدا، و سێ جۆر مانگمان هەیە: یەكەم: مانگی شەرعی: ئەم مانگە بە بینینی مانگ لە (هلال)ەوە، دەمەداسەوە دەستپێدەكات.
دووەم: مانگی گەردوونی راستی: بریتییەلە تەواوكردنی دەورەیەكی تەواوی مانگ بەدەوری زەویدا.
سێیەم: مانگی فەرهەنگی ناوەندی: ئەم مانگە درێژییەكەی جێگیرنییە، بەڵام تێكڕایی رۆژەكانی بیست و نۆ رۆژ و دوانزە كاتژێر و چل و چوار خولەك و 2،87 چركەیە. بۆ ئاسانكاری حسابكردنی ساڵێكی فەرهەنگی ناوەندییان داناوە كە درێژییەكەی سێسەد و پەنجا و چوار رۆژە لە ساڵی ئاساییدا و سێسەد و پەنجا و پێنج رۆژە لە ساڵی كەبیسەدا. ئەمساڵە ناونراوە بە (ساڵی مانگی ناوەندی) (سنە الوسگیە)، كە نزیكەی یانزە رۆژ لە ساڵی خۆری كورتترە. ساڵی خۆری:
بریتییەلەو ماوەیەی كە زەوی پێویستێتی بۆ سووڕانەوەی بەدەوری خۆردا كە لە خاڵێكی دیاریكراوەوە دەستپێدەكات تا دەگەڕێتەوەسەر هەمان خاڵ. مانگە خۆرییەكان:
مانگە خۆرییەكان بە دوو پێشكەوتندا تێپەڕیوون: یەكەمیان ئەوەبوو كە مانگەكان بە ژمارە ناودەنران وەك مانگی یەكەم و دووەم و سێیەم.. هتد، دووەمیان ناونانی مانگەكان بەناوی كەسایەتییەكان بۆ مانەوەیان بە نەمریی و بەرزڕاگرتنی یادیان، وەك مانگەكانی یۆلیۆ و ئۆگوست یان ناونانی مانگەكان بەناوی خوداوەندەكان یان دیاردەكانیتر كە هەندێك لە نەتەوە كۆنەكان بەكاریاندەهێنان، وەك ئەوەی كە ناوی مانگی تشرینی یەكەمیان ناونابوو (مانگی زەرد) كە لەومانگەدا گەڵای دارەكان زەرددەبێت، هەروەها ئەنگلۆسەكسۆنییەكان مانگی تشرینی دووەمیان ناونابوو (مانگی با یان مانگی خوێن)و لە باشووری ئەڵمانیا و بەشێك لە سویسرا بە مانگی ئەیلولیان دەوت( مانگی دروێنە. سەرەتای ناونانی مانگەكانی ساڵ: 1. مانگی ینایر: مانگێكی رۆمانی یان فەرەنجییە، بەرانبەرە لەگەڵ مانگی( كانونی دووەم) ئەم مانگە یەكێكە لە مانگە سریانییەكان یان رۆمییەكان. رۆمانەكان ئەم مانگەیان ناونابوو بەناوی خوداوەند (یانوس) كە خوداوەندی شەڕ و ئاشتی و دەرگەوانی دەرگەكانی ئاسمان بوو لە لای رۆمانییەكان، وایاندانابوو كە ئەو خوداوەندە وەك مرۆڤ وایە و دوو دەموچاوی هەبوو كە هەریەكێكیان رووی لە شوێنێك بوو، پەرستگەكەی ئەم خوداوەندە لە رۆژانی شەڕدا دەرگەكانی دەكرایەوە و لە رۆژانی ئاشتیدا دەرگەكان دادەخران. 2. مانگی فێبڕایەر: مانگێكی رۆمانییە و بەرانبەرە لەگەڵ (مانگی شوبات) ناوی ئەم مانگە لە وشەی (فبرورا) وەرگیراوە كە بە واتەی (پاككردنەوە) دەهات، چونكە لەم مانگەدا و لە رۆژی پانزەهەمینیدا چەژنێكان هەبوو كە تێیدا رۆحی خۆیان لە تاوان و گوناه پاكدەكردەوە. هەر لەم مانگەدا ماڵەكانیان و كەلوپەلەكانیان پاكدەكردەوە، تائێستاش ئەم عادەتە لە وڵاتانی ئەوروپادا ماوە و پێیدەڵێن (پاككردنەوەی بەهاران. 3. مانگی مارت یان مارس: مانگێكی رۆمانییە و بەرانبەرە لەگەڵ مانگی ئازار، ئەم مانگە بەناوی هەسارەی مەریخەوە ناونراوە كە خوداوەندی شەڕ بووە و سەرخەری رۆمانەكان بووە لەشەڕدا. ئەم مانگە تا هاتنی رۆژژمێری یۆنانی یەكەم مانگی ساڵ بووە، ئەم مانگە بە مانگی یەكەمی ساڵ تا سەدەی هەژدەهەم لە ئینگلتەرا مایەوە. 4. مانگی ئەبریل یان ئەفریل: مانگێكی رۆمانییە و بەرانبەرە لەگەڵ مانگی (نیسان)، بنەڕەتی ناوی ئەم مانگە لە وشەی (ئەبرییر)ەوە هاتووە كە بە واتەی (گوڵكردن) دێت، هەروەها دەڵێن دەگەڕێتەوە بۆ خوداوەند (ئەبریل) كە سەروكاری كردنەوەی گوڵەكانی كردووە لەگەڵ كردنەوەی دەرگەی ئاسمان، تا تیشكی خۆر بێتەوەسەر زەوی دوای كاڵبوونەوەی لە وەرزی زستاندا. 5. مانگی مایو: مانگێكی رۆمانییە و بەرانبەرە لەگەڵ مانگی(ئایار) كە ناوی خوداوەند (مایا)یە، مایا، كچی خوداوەند (ئەتلەس)ە كە هەڵگری زەوییە و لەگەڵ دایكی (عەتارد) كە كارەكەری خوداوەندەكان بووە. مایا، خوداوەندی پیتاندن و گەشە و زۆربوون بووە، رۆمانەكان لە سەرەتای ئەم مانگەدا قوربانییان بۆ (مایا) كردووە. تائێستاش بەشێكی زۆر لە پەرستنەكانی (مایا) وەك عادەت لە وڵاتانی ئەوروپادا ماوە، وەك هەڵبژاردنی جوانترین كچ بۆئەوەی ببێتە شاژنی ئایار. 6. مانگی یۆنیۆ: مانگێكی رۆمانییە، بەرانبەرە لەگەڵ مانگی (حوزەیران) بڕواوایە كە ناوی خوداوەند (جونو) بووە كە ژنی خوداوەند (موشتەری) بووە و گەلێك جوان بووە. هەروەها بڕواوایە كە ئەم مانگە ناوی قەبیلەیەكی كۆنی رۆمانی بووە و ئەم مانگەیان بەناوی ئەوانەوە ناوناوە. 7. مانگی یۆلیۆ: مانگێكی رۆمانییە، بەرانبەرە لەگەڵ مانگی (تەمموز) ئەم مانگە بەناوی قەیسر (كایوس یۆلیۆس) ناونراوە كە لەم مانگەدا لەدایكبووە. كاتێك كە یۆلیۆس رۆژژمێرە بەناوبانگەكەی خۆی دانا، ناوە كۆنەكەی ئەم مانگە (QUINTILIS) كە واتەی (پێنچەم) بوو، بۆ بەرزڕاگرتن و نەمریی ناوی ئەو كرا بە (یۆلیۆس). 8. مانگی ئۆگۆست (أغسگس): مانگێكی رۆمانییە، بەرانبەرە لەگەڵ مانگی (ئاب)، ئەم مانگە بەناوی قەیسەر (ئۆگۆست)ەوە ناونراوە كە پێشتر ناوی (SEXTILIS) شەشەم بوو. ئەم گۆڕانكارییە لەلایەن ئەنجومەنی پیرانی رۆمانەوە كرا بە ئۆگۆست، چونكە لەم مانگەدا یەكێك لە گەورەترین سەركەوتنەكانی بەدەستهێنا. 9. مانگەكانی (سێبتەمبەر، ئۆكتۆبەر، نۆڤەمبەر، دیسەمبەر) ئەم مانگانە ناوەكانی خۆیان پاراست و هیچ گۆڕانكارییەكیان بەسەردانەهات و وەك خۆیان مانەوە كە واتەكانیان دیارە ژمارەن. سێبەتەمبەر، بەرانبەرە لەگەڵ مانگی (ئەیلول) و لە وشەی (SEPTEM) ەوە هاتووە، واتە (حەوت). ئۆكتۆبەر، بەرانبەرە لەگەڵ مانگی (تشرینی یەكەم)و لە وشەی (OCTO) ەوە هاتووە، واتە (هەشت). نۆڤەمبەر، بەرانبەرە لەگەڵ مانگی (تشرینی دووەم)و لە وشەی (NOVEM) ەوە هاتووە، واتە (نۆ). دیسەمبەر، بەرانبەرە لەگەڵ مانگی (كانونی یەكەم)و لە وشەی (DECEM) ەوە هاتووە واتە (دە). لێرەدا پێویستە تێبینی ئەوەبكەین كە ئەم مانگانە ناونراون بەپێی رێكخستنیان لە رۆژژمێری رۆمانی كۆندا، كە (رۆمیۆلس) دایناوە و لەگەڵ رێكخستەنەكانی ئێستادا ناگونجێن، چونكە یەكەم مانگ لەوڕۆژژمێرەدا مانگی (مارس، ئازار) بووە، بۆیە ئەگەر لە مانگی مارسەوە دەستپێبكەین رێكدەبنەوە. لەڕابردوودا زۆر هەوڵدرا بۆئەوەی ناوی ئەم مانگانە بگۆڕن بەناوی ئیمبراتۆڕەكانەوە، وەك (تیباریۆس) بۆ مانگی نۆڤەمبەر و (جرمانۆس یان ئەنتۆنیۆس) بۆ مانگی ئۆكتۆبەر، بەڵام هەموو ئەم هەوڵانە بە هۆكاری سیاسی و حیزبی شكستیانهێنا. هەفتە: هەفتە حەوت رۆژە و هیچ كارێكی بەسەر تەنە ئاسمانییەكانەوە نییە، بەتەواویش نازانرێ كەی هاتووەتەكایەوە. ئەغریق و رۆمانەكان هەفتەیان بەكارنەهێناوە تا سەردەمی قنستەنتین (312- 337م). بۆیە بەكارهێنانی دراوەتە پاڵ جوولەكە كە لەتەوراتدا هاتووە دەڵێت: خوا بە شەش رۆژ دروستكراوەكانی خۆی دروستكرد و لە رۆژی حەوتەمدا پشوویدا و رۆژی پشووی خودایان ناونا (السبت) شەممە و رۆژەكانیتر ناویاننییە، بەڵكو بە ژمارە دانراون وەك (الاحد – یەكشەممە، الاپنین – دووشەممە..)، بەڵام ناوی رۆژەكانی هەفتە لە زمانی ئیگلیزییدا لەوناوانەوە وەرگیراون كە نەتەوەكانی باكوور و دانیشتووانی ئەسكەندەنافیای كۆن بەكاریانهێناون، ئەمانیش ناوی خوداوەندەكانی خۆیانیان بۆ رۆژەكانی هەفتە داناوە. بۆنموونە: رۆژی یەكشەممە (SUN‌s day) بۆ خوداوەندی رۆژ بووە كە یەكێك بووە لە گەورەترین پەرستراوەكانی دانیشتووانی ئەسكەندەنافیا، دووشەممە(MOON‌s day) بۆ مانگ كە ژنی رۆژ بووە و لەپیرۆزیدا لەدوای رۆژەوە هاتووە، سێشەممە (TIW‌s day)ناوی خوداوەند (تیر)ە كە سمبولی خۆبەخشین بووە، دەگەڕێنەوە گورگێكی دڕ لەچیاكاندا بووە و پەلاماری مرۆڤ و گیانداری داوە، بەم هۆیەوە خوداوەندی چیا تووڕەبووە و ویستوویەتی ئەو گورگە زنجیربكات، بەڵام لەم كارەیدا سەركەوتوونەبووە و بۆ دواجار گورگەكە رازیبووە كە لە قەفەس بنرێت بەمەرجێك دەستی یەكێك لە خوداوەندەكانی لەدەمدا بێت! بۆیە خوداوەند (تیر) دەستی خۆی خستووەتەناو دەمی گورگەكەوە تا خراوەتە نێو قەفەسەكەوە، بەڵام لەدوای لە قەفەسنانی گورگەكە دەستی خوداوەند (تیر) دەقرتێنێت. چوارشەممە (WODEN‌s day) ناوی خوداوەند (ئۆدین) بووە كە خەڵكی ئەسكەندەنافیا كۆشكێكیان لە زێر و زیو بۆ دروستكردووە و دوو قەلەڕەشی هەبووە كە هەواڵی هەموو دنیایان بۆهێناوە، هەروەها چەندین حۆری جوانی هەبووە كە دەیناردن بۆئەوەی رۆحی ئەو پاڵەوانانە هەڵبگرن كە گیانی خۆیان بەخشێوە، بۆئەوەی ئەو حۆرییە جوانانە بەخۆشی و شادی لەگەڵیاندا بژین. رۆژی پێنچشەممە (THOR‌s day) بۆ خوداوەند (گا) بووە كە خوداوەندێكی بەهێزبووە و بۆ هەر ژەمێك گوێرەكەیەك و حەوت نەهەنگی خواردووە! رۆژی هەینی (FREYA‌s day) بۆ خوداوەند (فرایا) بووە كە ژنی (ئۆدین)و دایكی خوداوەند (گا) بووە، ئەم رۆژە بەناوی ئەوەوە ناونراوە تا ئیرەیی بە خوداوەند (ئۆین و گا) نەبات و تووڕەنەبێت! ئینگلیزەكان بڕوایانوایە كە رۆژ هەینی، كاتێكی (بێبەختی)ی تێدایە، چونكە تەنیا رۆژی هەفتەیە كە بەناوی خوداوەندێكی مێینەوە ناونرابێت، نەك وەك خەڵاتكردنی بەڵكو لە ترسی ئیرەیی و تووڕەبوونەكەی بووە و لە كاریگەری ئەمەوە هیچ شانۆیەك چیرۆكە شانۆیەكی نوێی لە رۆژی هەینیدا دەستپێنەدەكرد، چونكە بڕوایانوابوو كە سەركەوتن بە دەستناهێنێ. رۆژی شەممە (SETERN‌s day)، بۆ خوداوەند (سترن) كە رۆمانییە، سمبولی دڵڕەقی بووە، چونكە مناڵەكانی خۆی دەخوارد و لەسەر كوشتن و زۆرداری دەژیا. رۆمانەكان لەم رۆژەدا خواردنی زۆریان دەخوارد و شەرابیان بە بڕێكی زۆر دەخواردەوە، هەروەها نەتەوەی عەرەب لە پێش هاتنی ئیسلامدا ناویان بۆ رۆژەكانی هەفتە دانابوو كە ئێستا ئەو ناونانە بەكارناهێنرێن و (‌أول، أهون، جبار، دبار، مۆنس، عروبە، شیار). جۆرەكانی رۆژژمێر 1. رۆژژمێری میسری كۆن یەكەمین رۆژژمێرە كە مێژونووسەكان زانیارییان لەبارەیەوە هەبێت و هەر لەسەر بنەمای ئەم رۆژژمێرە، رۆژژمێری یۆنانی دانراوە و پاشان رۆژژمێری گریگۆری كە ئێستا زۆربەی وڵاتان لەسەری دەڕۆن. میسرییە كۆنەكان بۆیان دەركەوت كە درێژی ساڵ (سێسەد و شەست و پێنچ) رۆژە، ئەمەش لە ئەنجامی تێڕامانیان لە دیاردە سروشتییەكان و بە تایبەتی دەركەوتنی ئەستێرەی سیریوس (SIRIUS) ی بەیانیان پێش هەڵاتنی خۆر بە ماوەیەكی كەم. میسرییەكان ئەم ئەستێرەیەیان ناونابوو سبدت(SPEDT) هەر لەم وشەیەشەوە ناوی سوتیس (SOTHIS)ی یۆنانی وەرگیراوە، هەروەها میسرییەكان تێبینی ئەوەیان كرد دوانزە خولی مانگی روودەدات، بۆیە ساڵیان دابەشكرد بە دوانزە مانگ و هەرمانگێك سی رۆژ و پێنج رۆژیشیان دەخستەسەر كۆتایی ساڵ. پاشان ساڵیان دابەشكردبوو بۆ سێ وەرز كە هەروەرزێك چوار مانگ بووە. وەرزی یەكەمیان ناونابوو (وەرزی لافاو) یەكەم رۆژی ساڵ بوو كە ناوی بە زمانی میسری كۆن ئیخت (EKHET)ە. وەرزی دووەم پێیاندەوت بریت (PRET) بە واتەی دەرچوون كە ئاماژەبوو بۆ گەشەكردنی رووەك و لە زەوی هاتنەدەرەوەیان لەدوای لافاو. وەرزی سێیەمیشان ناونابوو شمو(SHMIW) واتە كەمی ئاو یان وشكەساڵی، بەڵام دوای هێرشەكانی فارس، ناوی مانگەكانیان نا بەناوی خوداوەند و چەژنەكانەوە، هەروەها والێكدراوەتەوە كە میسرییەكان یەكەم نەتەوە بوون رۆژیان دابەشكردبێت بۆ بیست و چوار كاژێر و دوانزە كاژێر بۆ رۆژ و دوانزەكەیتر بۆ شەو. ئەم كاتژێرانە بەكارنەدەهاتن بۆ مەبەستە ئاینییەكان نەبێت، جگەلەوە هیچجۆرە ئامێرێكی وایاننەبوو تا پێوانەی كاژێرەكانیان بەشێوەیەكی رێك بۆبكات. بنەمای ساڵی یەكەم: یەكەمین رۆژی ساڵی یەكەم لەڕۆژژمێرەكانیاندا بە سێ دیاردەی سروشتی جیاكردەوە: 1. فێنكبوونی هەوا لە سەرەتای پایز. 2. گەیشتنی ئاستی لافاو بە بەرزترین ئاست. 3. هەڵهاتنی ئەستێرەی سیروس لەبەرەبەیاندا. ئەم ساڵە كە ماوەكەی سێسەد و سەشت و پێنچ رۆژ بوو بەبێ حیسابكردنی چارەكە رۆژەكەی ساڵ كە لە ساڵی خۆریدا حیسابدەكرێت، بەم هۆیەوە وەرزەكان لە شوێنی خۆیان گۆڕان و وەرزی كەم ئاوی لە وەرزی لافاودا هات، ئەم هەڵەیە، خۆی راستكردەوە پاش تێپەڕینی (1460) ساڵی خۆری. میسرییە كۆنەكان هیچ بنەمایەكیان نەبوو بۆ دانانی بەروار. بەروارەكانیان لە دانانی پادشاكانەوە دادەنا و ئەو ساڵەیان دەكرد بە سەرەتای دانانی بەروار و رووداوەكانی سەردەمی ئەو پادشایە. بە واتەیەكیتر ساڵی پاشایەتیان بەكاردەهێنا. تائێستاش شوێنەوارناسان هیچجۆرە نووسینێك یان نەخشێكیان نەدۆزیوەتەوە تا بەرچاویان روونبكاتەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو ساڵەی كە رۆژژمێری میسری تێدابەكارهاتووە، بەڵام زاناكان بەشێوەیەكی نزیكەیی دایانناوە. لە ساڵی (238) زایینی فەیلەسوفی بیركاری (سنسورینوس) كتێبێكی دانا و روونیكردەوە كە ساڵی (139) زایینی لەگەڵ یەكەم رۆژی ساڵی میســـــری بەرانبەر بووە بەهەڵهاتنی ئـــەستێرەی سیروس لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر. وەك وتمان ساڵی میسری هەموو (1460) ساڵێك بەرانبەر دەبێت لەگەڵ ساڵی خۆری. ئەمەش وادەكات بنەمای كاركردن بە ساڵی میسری بەمشێوەیە بێت: 1460 – 139، بەمشێوەیە نزیكبوەوە: 1460×3= 4380-139 – 4241 ی پێشزایین دەبێتە سەرەتای دروستبوونی رۆژژمێری میسری. 2. رۆژژمێری رۆمانی دانانی ئەم رۆژژمێرە دراوەتە پاڵ (رۆمیولس)ی دروستكەری شاری رۆما، مێژونووسان دەڵێن: شاری رۆما لە 21ی ئەبریلی 753ی پێشزایین دروستكراوە. ئەم بەروارە بوو بە بنەمای رۆژژمێری رۆمانی. سەرەتای ساڵ لای رۆمانەكان دەكەوتە مانگی مارسەوە كە یەكەم مانگی بەهار بووە، هەروەها ساڵ پێكهاتووە لە دە مانگ و درێژی هەموویان (304) رۆژ بووە و لەمانە پێكهاتبوون: مارس، 31 رۆژ. ئەبریل، 30 رۆژ. مایۆ، 31 رۆژ. یۆنیۆ، 30 رۆژ. كونتیلس ( پێنجەم)، 31 رۆژ. سكستیلس (شەشەم)، 30 رۆژ. سێپتەمبەر، 30 رۆژ. ئۆكتۆبەر( (هەشتەم)، 31 رۆژ. نۆڤەمبەر (نۆیەم)، 30 رۆژ. دیسەمبەر (دەیەم)، 30 رۆژ. چوار مانگی سەرەتای ساڵ ناونرابوون بەناوی خوداوەندەكانەوە (لە بەشی یەكەمدا باسمانكردووە). بێگومان ئەم رۆژژمێرە لەسەر بنەمایەی زانستی دانەنرابوو، لەبەرئەوە چەندجارێك چاككاری تێداكراوە. بەنموونە لە سەردەمی نوما(NUMA POMPITIUS) دووەم مەلیكی رۆما ئەم چاككارییانە كراوە: 1. مانگێكی نوێ خرایە پێش مانگی مارس و ناونرا یەنایەر. 2. مانگێك زیادكرا لەدوای مانگی دیسەمبەر و ناونرا فیبرایەر. 3. رۆژەكانی مانگ كرا بە (29 یان 30) رۆژ بەدوای یەكدا و درێژی ساڵ بووە (354) رۆژ وەك ساڵی مانگی. 4. بۆ رێككردنەوەی ساڵی رۆمانی بە ساڵی خۆری، نوما بڕیاریدا هەموو دوو ساڵ جارێك مانگێك بخرێتەسەر ساڵ و درێژی (22 یان 23) رۆژ بێت و یەك بەدوای یەك دابنرێن و هەموو چوار ساڵێك جارێك (45) رۆژ زیادبكرێت كە تێكڕای ئەم زیادكردنە بۆ هەرساڵێك دەكاتە (11) رۆژ و چارەكە رۆژێك بەمەش تێكڕایی درێژی ساڵێك دەبێتە (365) رۆژ و چارەكە رۆژێك. لە ساڵی (452)ی پێشزایین، دووبارە چاككاری تێداكراو مانگی فیبرایەر خرایە دوای یەنایەر. ئەم چاككارییانە لەلایەن پیاوانی ئایینییەوە یاری پێدەكرا لە بەرژەوەندنی خۆیان یان لە بەرژەوەندنی كەسانی خاوەن دەسەڵات. ئەم یاریكردنە بە رۆژژمێر بەردەوامبوو تا سەردەمی (یۆلیۆس قەیسەر. 3. رۆژژمێری یۆنانی لە ساڵی (46)ی پێشزایین یولیوس قەیسەر یەكێك لە گەردوونناسەكانی ئەسكەندەرییەی راسپارد كە رێكخستنێكی جێگیر بۆ رۆژژمێر بكات، ئەو گەردووناسەش (سوسیجینوس) بوو، كە ئەم چاككارییانەی كرد: 1. كاركردنی بە ساڵی مانگی لابرد و ساڵی خۆری كارپێكرد كە درێژییەكەی (365) رۆژ و چارەكە رۆژێك بوو، بەجۆرێك كە سێ ساڵی لەدوای یەك درێژی هەرساڵێك (365) رۆژ بێت و ناوینان (ساڵی ئاسایی)و ساڵی چوارەمی كردە (366) رۆژ و ناوینا (ساڵی پڕ) (سنە كبیسە(. 2. سەرەتای بەرواری یۆنانی كرد بە یەكەم رۆژی مانگی یەنایەری ساڵی 709ی دروستكردنی شاری رۆما كە بەرانبەرە لەگەڵ 1ی ینایەری 45 پێشزایین. 3. مانگە تاكەكانی كردە (31) رۆژ و مانگە جووتەكانی كردە (30) رۆژ، جگەلە مانگی فیبرایەر كە لە ساڵی ئاساییدا (29) رۆژ و لە ساڵی پڕدا (30) بوو. بەم چاككارییانە مانگەكانی ساڵ بەمشێوەیەیان لێهات: ینایەر، 30 رۆژ. فێبرایەر، 29 رۆژ لە ساڵی ئاسایی و 30 رۆژ لە ساڵی پڕ. مارس، 31 رۆژ. ئەبریل، 30 رۆژ. مایو، 31 رۆژ. یونیو، 30 رۆژ. كونتیلس، 31 رۆژ. سكستیلس، 30 رۆژ. سێپتەمبەر، 31 رۆژ. ئۆكتۆبەر، 30 رۆژ. نۆڤەمبەر، 31 رۆژ. دیسەمبەر، 30 رۆژ. ئەوەی كە ئاشكرایە، سوسینجینوس ئەم رۆژژمێرەی دانەهێناوە، بەڵكو لە رۆژژمێری چاككراوی میسرییەوە وەریگرتووە كە لە ساڵی (328) پێشزایینەوە كاریپێكراوە و گوماندەكرێت كە گەردوونناسی یۆنانی (ئۆردۆكس) داهێنەرەكەی بێت. لە ساڵی (44) پێشزایین ناوی مانگی كونتیلس كرا بە یولیو بۆ بە زیندووهێشتنەوەی ناوی لیولیوس قەیسەر. لە ساڵی (8) پێشزایین ئەنجومەنی پیران بڕیاریدا كە مانگی سكستیلس بكرێتە ئۆگۆست بۆ بەرزڕاگرتنی ناوی قەیسەر ئۆگۆست، ئەمە ئەو نازناوە بوو كە (ئۆكتافیوس) وەریگرت لەدوای سەركەوتنی بەسەر (ئەنتۆنیوس) لە جەنگی (ئەكتیوم) لە ساڵی (31) پێشزایین. پاش ماوەیەك دەركەوت كە ئەو مانگەی بەناوی لیولیوس قەیسەرەوەیە 31 رۆژە، بەڵام ئەو مانگەی بەناوی ئۆگۆستەوەیە 30 رۆژە! كە ئەمەش بەرزڕاگرتنی یەكەمە بەسەر دوومەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكی رۆما خۆشیان بە ژمارەی جووت نەدەهات، لەبەرئەوە مانگی ئۆگۆستیشیان كردە 31 رۆژ و رۆژێكیان لە مانگی فێبرایەر كردەوە! بەم هۆیەوە سێ مانگی دوابەدوای یەكی یولیو و ئۆگۆست و سێپتەمبەر 31 رۆژ بوون. بۆ چارەسەری ئەمە هەریەك لە مانگی سێپتەمبەر و نۆڤەمبەر كرانە 30 رۆژ و هەردوو مانگی ئۆكتۆبەر و دیسەمبەر كرانە 31 رۆژ. بەمشێوەیە دابەشكردنی مانگ و رۆژەكانیان بەمجۆرەی لێهات: یەنایەر، 31 رۆژ. فێبرایەر، 28 یان 29 رۆژ. مارس، 31 رۆژ. ئەبریل، 30 رۆژ. مایو، 30 رۆژ. یونیو، 30 رۆژ. یولیو، 31 رۆژ. ئۆگۆست، 31 رۆژ. سێپتەمبەر، 30 رۆژ. ئۆكتۆبەر، 31 رۆژ. نۆڤەمبەر، 30 رۆژ. دیسەمبەر 31 رۆژ. كە تێكڕایی رۆژەكانی ساڵ بووە 365 یان 366 رۆژ. گۆڕینی بنەمای بەرواری یۆنانی بۆ لەدایكبوونی مەسیح: ئەم گۆڕێنە لە لایەن راهبێك بەناوی (دیونیسس ئەكسیجیوس) كرا، كە لە شاری (سیپیا)ی باشووری روسیا لەدایكبووە و كۆتاییەكانی تەمەنی خۆی لە شاری رۆما بەسەربردووە، ئەم زاناییە شارەزاییەكی بەرفراوانی هەبووە لە گەردوونناسی و بیركارییدا. دەڵێن ئەو گۆڕینەی لە ساڵی 532 كردووە و خۆشی لە ساڵی 550 كۆچیدواییكردووە. وەك زانراوە (دیونیسس) پشتی بەو چیرۆكە بەستووە كە دەخرێتە پاڵ (كلیمنت ئەسكەندەری) كە بڕوای وابووە، حەزرەتی مەسیح لە 25ی دیسەمبەری ساڵی (28) لە فەرمانڕەوایی ئۆگۆست قەیسەر لەدایكبووە. كە سەرەتایی فەرمانڕەوایی بە ساڵی 727ی رۆمانی دانراوە، بەمجۆرە ساڵی 28 دەكاتە ساڵی 754 ( 727+27) بەمشێوەیە دەركەوت كە حەزرەتی مەسیح لە ( 25ی دیسەمبەری 754ی رۆمانی) لەدایكبووە، هەروەها دیونیسس یەكەم رۆژی مانگی یەنایەری ئەم ساڵەی كردە بنەمای یەكەم ساڵی زایینی، بەمشێوەیە یەكەم رۆژی مانگی یەنایەری ساڵی یەكەمی زایینی بەرانبەربوو بە یەكەم رۆژی مانگی یەنایەری ساڵی 754ی رۆمانی. بەمجۆرە (رۆژژمێری رۆمانی 753 ساڵ لەپێش ساڵی زایینییەوەیە). ئەوەی كە گرنگە ئاگاداریبین ئەوەیە كە دیونیسس لە حیساباتی خۆیدا كەتبووە هەڵەوە! چونكە ئەو سەرەتایی فەرمانڕەوایی ئۆگۆستی بە ساڵی 727 رۆمانی داناوە، راستییەكەی ئەو ساڵەیە كە (ئۆكتافیوس) نازناوی ئۆگۆستی وەرگرت! بەڵام فەرمانڕەوایەتی ئۆكتافیوس لە ساڵی 723 دەستیپێكردووە! واتە ساڵی 28 لە فەرمانڕەوایەتی ئۆكتافیوس بەرانبەرە بە ساڵی 750ی رۆمانی كە لەڕاستیدا ساڵی 750ی رۆمانی ساڵی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیحە.. بۆیە بەپێی حیساباتی دیونیسس (4) ساڵ لەدایكبوونی مەسیحی پێشخستووە! بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم هەڵەیە راستنەكرایەوە و هەروا مایەوە و تائێستاش كاریپێدەكرێت. ئەوەی ماوە بیڵێن ئەوەیە كە پێویستە ئێمە جیاكاری بكەین لەنێوان لەدایكبوونی مەسیح و بەرواری زایینی، چونكە مەسیح لە 25ی دیسەمبەر لەدایكبووە و بەرواری زایینی بە یەكی یەنایەری ئەو ساڵە دەستپێدەكات كە مەسیحی تێدا لەدایكبووە. گرنگترین شتێك كە پێویستە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە ( ئەو چیرۆكەی كلیمنتی ئەسكەندەری، كە بــەرواری زایینی لەسەردانرا، هیچ جۆرە بەڵگەیەكی نییە و بەهیچ جۆرێك زانستی نییە!!؟). 4. رۆژژمێری گریگۆری: لەڕاستیدا ئەم رۆژژمێرە چاككارییەكیتری رۆژژمێری یۆنانییە بە مەبەستی گونجاندن و راستكردنەوەی هەڵەكانی بووە. ساڵی یۆنانی (365، 25) رۆژە، لەكاتێكدا ساڵی خۆری (365،2422) رۆژە. كەواتە ساڵی یۆنانی بە رێژەی (0، 0078) لە ساڵی خۆری زیاترە، واتە نزیكەی (سیانزە خوولەك و چواردە چركە). راستە ئەم جیاوازییە گەلێك بچووكە، بەڵام بەتێپەڕبوونی كات گەورەدەبێت. لە ساڵی 325 زایینی ئیمبراتۆر قوستەنتین فەرمانیكرد بە كۆمەڵێك لە پیاوانی كەنیسەی شاری نیقیا لە ئاسیای بچووك، تا رێكخستن بخەنەنێو هەندێك لە كاروباری ئایینی و دانانی كاتی چەژنەكان و ئەو بێسەروبەرەییەی كە هەیە نەیهێڵن. لەو ساڵەدا كاتی هەواخۆشبوونی ئەو ساڵە دەكەوتە 21ی مارسەوە بەپێ ساڵنامەی یۆنانی. لە ساڵی 1582 زایینی پاپا گریگۆری سیانزەیەم تێبینی ئەوەی كرد، كە (اعتدال الربیعی) لەو ساڵەدا كەوتووەتە 11ی مارسەوە! واتە هەڵەیەك هەیە كە ماوەكەی (10) رۆژە! ئەم جیاوازییە لەماوەی نێوان ساڵانی 325 تا 1582دا روویداوە. ئەم هەڵەیە هەموو 128 ساڵ جارێك رۆژێك جیاوازی دەكات یان زۆردەبێت لەساڵێكدا! پاپا گریگۆری ویستی ئەم هەڵەیە راستبكاتەوە، بۆئەو مەبەستە (كریستۆفەر كلافیوس)ی راسپارد. كریستۆفەر كلافیوسیش ئەم دوو چاككارییەكەی كرد: 1. دۆزییەوە كە جیاوازی نێوان سالێ یۆنانی و ساڵی خۆری نزیكەی (3) رۆژە بۆ هەموو (400) ساڵێك، بەواتەیەكیتر: 400×0، 0078=3،12 رۆژ، ئەم رۆژانە زیادەكانی ساڵی یۆنانییە لە ساڵی خۆری لەو ماوەیەدا. بۆیە كلافیوس بڕیاریدا (3) رۆژ لە هەر (400) ساڵێك بكاتەوە. 2. بۆ راستكردنەوەی (اعتدال الربیعی) بڕیاریدا رۆژی 21 ی مارس بكاتە رۆژی (اعتدال الربیعی) لەبری 11 ی مارس. كلافیوس بڕیاریدا (10) رۆژ لە ساڵی 1582 بكاتەوە و رۆژی 5ی ئۆكتۆبەری 1582ی كردە رۆژی هەینی بەپێی رۆژژمێری یۆنانی كە بەرانبەر دەبێت لەگەڵ 15ی ئۆكتۆبەری 1582ی ساڵنامەی گریگۆری. لەم بەروارەوە رۆژژمێری گریگۆری كاریپێكرا. بەشێك لە وڵاتانی وەك (فەرەنسا و ئیسپانیا و پرتوگال) لەهەمانكاتدا كاریان بەم رۆژژمێرە كرد، بەڵام هەندێ لە وڵاتانیتر لە سەرەتاوە كاریان بەم رۆژژمێرە نەكرد تا كاتێكی دوورتر لەوانە: بەریتانیا لە ساڵی 1752ەوە كاری پێكرد، بەڵام یابان لە ساڵی 1872و زایین و روسیا لە ساڵی 1912و یۆنان لە ساڵی 1917 و رۆمانیا لە ساڵی 1923و میسر لە ساڵی 1875و لە سەردەمی خدێوی ئیسماعیل كاریان بەم رۆژژمێرە كرد. جۆرەكانی رۆژژمێر: لە مێژووی مرۆڤایەتیدا گەلێك جۆر لە رۆژژمێر داهێنراون و كاریان پێكراوە، زۆربەی رۆژژمێرەكان تا ئێستاش لە ناوچەیەكی دیاریكراو یان لە ناو نەتەوەیەی دیاریكراودا لە پاڵ رۆژژمێری گریگۆری یان كۆچیدا كاریان پێدەكرێت، وەك رۆژژمێری كوردی، كە تا ئێستاش لە كوردستاندا كاری پێدەكرێت، یان رۆژژمێری فارسی كە لە ئێراندا كاری پێدەكرێت، ئەمە جگە لە رۆژژمێری سینی و كۆری كە لە وڵاتانی سین و كۆریادا بە تەواوی كاریان پێدەكرێت. لێرەدا چەند ناوی چەند جۆرێك لە رۆژژمێرەكان ناودەهێنین وەك: میسری، یۆلیانی، سلوقی، مایا، ئەكادی، عیبری، سریانی، سینی، كوردی، كۆری، بێزەنتی، گریــگۆری، كۆچی (هیجری)، فارسی (هجری شمسی)، ئیمامی، بەهائی، هیندۆسی، ئەمازیغی، ئەسیوپی، تەبەری، بەنگالی، هیندی. لەم سەردەمەی ئێستاماندا رۆژژمێری گریگۆری بەشێوەیەكی گشتی لە وڵاتانی جیهاندا كاری پێدەكرێت، جگەلە چەند كەنیسەیەكی رۆژهەڵاتی كە تائێستاش كار بە رۆژژمێری یولیانی دەكەن. ••• سەرچاوە: www.wikipedia.org

About زريان احمد

Check Also

خوێنده‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ په‌یماننامه‌ی هاوكاری و دۆستایه‌تی تاشناقی ئه‌رمه‌نی و پارتی خۆییبوون له‌ 1927 – 1930

گۆڤاری مێژووناسی گۆڤارێكی مێژوویی وەرزییە —————————— ژمارە (1) به‌هاری 2022، ساڵی یەكەم خاوەنی ئیمتیاز/ پ.د. …