Home / ئەمرۆ لەمێژوودا / كۆچی دوای ئه‌مین فه‌یزی به‌گ

كۆچی دوای ئه‌مین فه‌یزی به‌گ

كۆچی دوای ئه‌مین فه‌یزی به‌گ

كۆچی دوای ئه‌مین فه‌یزی به‌گ

له‌ساڵی١٨٦٠دا له‌شاری سلێمانی له‌دایكبووه و له شاره‌كه‌ی خۆی له‌ حوجره‌ی مزگه‌وته‌كانی ده‌ستی به‌خوێندن كردووه و ئینجا چووه‌ته قوتابخانه‌ی میریی و قۆناغی سه‌ره‌تایی ته‌واو كردووه‌ و چووه‌ته به‌غدا و قۆنا‌غی خوێندنی ناوه‌ندیی به‌ پله‌یه‌كی به‌رز ته‌واو كردووه‌ و ڕووی كردۆته شاری ئه‌سته‌مبووڵ و له قوتابخانه‌ی سه‌ربازی خوێندوویه‌تی و بڕوانامه‌ی ده‌رچوونی وه‌رگرتووه‌ و به‌پله‌ی مولازم له‌ سوپای عوسمانی دامه‌زراوه‌ و دوای ماوه‌یه‌ك كراوه‌ به “قوڵ ئاغاسی” و به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی سه‌ربازی له به‌غدا و له‌و ده‌مه‌دا په‌رتووكێكی زانستی به ناونیشانی “اجمالی نتائج” نووسیوه، كه پوخته‌یه‌كی پته‌وی زانسته‌كانی بیركاری و فیزیایه‌، چونكه خۆی له‌و دوو زانسته‌دا ده‌ست باڵابووه و له‌هه‌مان كاتیشدا له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری سوپادا گه‌لێك لێهاتوو بووه، بۆیه‌ پایه‌ی سه‌ربازی به‌رزكراوه‌ته‌وه و كراوه‌ به قوماندانی لیوا یه‌ك سه‌رباز له‌ سلێمانی و پله‌ی “میر ئالا”ی پێداروه و ئاسایشی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی به چاكی دابین كردووه و له هه‌مان كاتیشدا له وێژه‌كانی دا گه‌لێك به‌هره‌دار و به‌توانابووه.

بۆیه مامۆستا ڕه‌فیق حیلمی له به‌رگی یه‌كه‌می شیعری و ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا له‌م باره‌یه‌وه گوتوویه‌تی: “ئه‌مین فه‌یزی به‌گ سه‌ربازێكی زانا و وێژه‌زانێكی سه‌ربازی بووه! ئه‌م به‌هره‌‌یه‌ش به ده‌گمه‌ن له كه‌سێکدا كۆده‌بێته‌وه كه زانست و وێژه و كاروباری سه‌ربازی به‌ یه‌كه‌وه بگرێته‌و خۆ”.

ئه‌مین فه‌یزی به‌گی ئه‌فسه‌ر له ده‌ور و به‌ری ساڵی ١٩١٤دا، واته به‌ر له هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی كوردایه‌تی و ناكۆكی له‌گه‌ڵ “پارتی یه‌كگرتن و پێشكه‌وتن”ی فه‌رمانڕاویدا خانه‌نشین كراوه و له شاری ئه‌سته‌مبووڵ ژیاوه و بۆ ساڵی١٩١٥دا چۆته وڵاتی شام و له شاری حه‌ڵه‌ب ماوه‌یه‌ک ژیاوه.

ئه‌مین فه‌یزی به‌گ ئه‌م په‌رتووكه زانستی و وێژه‌یانه‌ی خواره‌وه‌ی به زمانی توركی داناوه:

1- إجمالی نتائج

2- ته‌فره‌قه‌ی ریاضیات (ئه‌مه‌یان له تفاضل و تكامل)ه‌وه‌ ده‌دوێت

3- هه‌وای نه‌سیمی

4- شوعاعات

جگه له‌م به‌رهه‌مانه‌شی په‌رتوكێكی له‌سه‌ر مێژووی وێژه‌ی كوردی به‌ناوی “ئه‌نجوومه‌نی ئه‌دیبان” به كوردی داناوه و له ساڵی 1920 دا له ئه‌سته‌مبووڵ دا چاپكراوه و نرخ و به‌های ئه‌م په‌رتووكه‌ی له‌وه‌دایه كه یه‌كه‌می په‌رتووكی كوردییه‌ له مێژووی وێژه‌ی و وێژه‌ناسانی كورد و شاعیره پێشه‌نگه‌كانه‌وه بدوێ.

پایه‌ی سه‌ربازی و زانستی و وێژه‌ی ئه‌مین فه‌یزی به‌گ وای له شاعیران كردبوو ڕێزی لێ بنێن و ستایشی خۆی و كرده‌وه به‌رزه‌كانی بكه‌ن، یه‌كێک له‌و شاعیرانه شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی بووه.

له‌و كاته‌ی كه ئه‌مین فه‌یزی به‌گ بووه‌ته سه‌ركرده‌ی سوپا له سلێمانی و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ی به‌ر قه‌رار كردووه و به‌م ‌دێڕه شیعره پێشوازی لێكردووه هه‌روه‌ك ده‌ڵێت:

كه ته‌شریفی شه‌ریفی هات ئه‌مین فه‌یزی به‌میوانی

له عوهده‌ی شوكری ده‌رناچم مه‌گه‌ر خۆم كه‌م به قوربانی

شێخ ڕه‌زا، كه ناوداربووه به هه‌جووكردنی كاربه‌ده‌ستان، كه‌چی له‌به‌ر گه‌وره‌یی و چاكه‌خوازی ئه‌مین فه‌یزی به‌گ به‌مجۆره ستایشی كردووه.

ئه‌فسه‌ری پایه‌ به‌رز و زانا و كه‌سایه‌تی ناوداری كورد ئه‌مین فه‌یزی به‌گ له ١٦/٢/١٩٢٥ دا كۆچی دواییكردووه و تۆماری ژیانی ئه‌و ناوداره‌ی كورد پێچراوه‌ته‌وه و چووه‌ته ڕیزی نه‌مرانی كورد و كوردستانه‌وه

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About نورسی گۆران

Check Also

Vintage still life. Vintage compass lies on an ancient world map in 1565.

ئــه‌مڕۆ لـه‌ مــێژوو

ئــه‌مڕۆ لـه‌ مــێژوو هەموو رۆژێک لە ماڵپەرى مێژووى کورد هەموو شتێک بزانە کەوا لەم رۆژە …