ئەلجەزەری

1052230_673410406054129_1342947758_o

ئەلجەزەری

دەربارەی ژیانی ئەم زانایە کەمێک زانراوە زۆربەی زانیارییەکان لە کتێبەکەی خۆیدا کە ناوی (کتێبی فێربوونی ئامێرە گرنگە میکانیکیەکان)ە هاتووە. ناوەکەی لە شوێنی لەدایکبوونەکەیەوە هاتووە پێی دەڵێن جەزیرەی بۆتان لەسەر ڕووباری دیجلە. ئەمیش وەکو باوکی ئەندازیار بووە لە کۆشکی ئارتوکلو کە شوێنی بنەماڵەی ئارتوکلوی شاری ماردین بووە کە ئەم بنەماڵەیە حوکمی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵیان کردووە لە ژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی زەنگی لە مووسڵ و دواتریش لە ژێر دەستەڵاتی سەڵاحەدینی ئەیوبیدا بوون. جەزیری لە تۆر لەدایکبووە کە ئێستا ناوچەیەکە سەر بە جەزیرەی بۆتان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا.
جەزیری یەکێک بوو لە پیشەزانان و هونەر زانان و زیاتر لە ئەندازیارێکی چالاک دەچوو تا لە داهێنەرێک. کتێبەکەی بە ناوی (کتێبی فێربوونی ئامێرە گرنگە میکانیکیەکان) زۆر بەناوبانگ بوو کە تیایدا باسی لە چەندین ئامێری پێشکەوتوو کردووە وە هەروەها چەندین جار وتوویەتی کە لەو کتێبەیدا تەنها باسی لەو ئامێرانە کردووە کە خۆی درووستی کردوون. هەروەها کتێبەکەی زیاتر بە شێوازێکی مۆدێرن نووسراوە و زیاتر لە کتێبێکی پراکتیکی دەچێت.
هەندێک لەو ئامێرانەی کە درووستی کردوون بیرۆکەکەیان لە ئامێرە کۆنەکانەوە هاتووە ، بۆ نموونە ئامێری (کاتژمێری ئاوی) کە بنیات نراوە لەسەر یاسای (Pseudo-Archimedes).
لە کاتێکدا کە داهێنانەکانی جەزیری لەم سەردەمەدا بە شێوەیەکی کەم نرخ دەردەون ، بەڵام ڕووی گەورەی ئامێرەکانی جەزیری پێکهاتوون لە شێواز و بنچینە و بیرۆکە و ڕێگا و هەروەها شێوازی دیزاین و کارپێکردنی.
کاتژمێری فیل (ئاوی)
ئامێری کاتژمێری فیل یان ئاوی لە ساڵی ١٢٠٦ز لەلایەن جەزیری باسکراوە و ڕوونکراوەتەوە وە هەروەها درووستیشی کردووە سەرەڕای ئەوەش چەندین داهێنان و نوێخوازی تێدا بەدی کراوە. ئەم ئامێرە پێکهاتووە لە فیلێک کە ئاو بە شێوەیەکی بەهێز پاڵی پێوە دەنرێت و بەناویدا تێپەڕ دەبێت. یەکە جیوازەکانی ئەم کاتژمێرە دەکەونە سەر فیلەکە ، ئەمانە بۆ ئەوە درووستکراون کە نیو کاتژمێر جارێک بجووڵێن و دەنگێک درووست بکەن.
ئەلجەزەری بەپشت بەستن بە ڕۆڵی شارستانیەتە جۆراوجۆرەکان لە گەشەپێدانی ئامێرەکانی کاتدا توانی ئەم کاتژمێرە سەرنج ڕاکێشە دروست بکات. بنەمای پێوانەکردنیشی بریتیە لە سەتڵێکی ئاوی کونکراو کە وردە وردە نقوم دەبێت. ئەمەش بنکەی سەرەکی ئەم ئامێرەیە بۆ پێوانەکردنی کات. لەناو سکی فیلەکەدا عەمبارێکی ئاو ھەیە کە سەتڵێکی کونکراوی تێدایە. ئەم سەتڵەش بەشێوەیەکی ھێواش و وردە وردە نقوم دەبێت، لە ھەمان کاتدا سێ گوریس بە سەتڵەکەوەن کە دەبنە ھۆی جوڵە پێکردنی ئامێرەکان. سەرەتا جوڵە بەو (٣٠) گۆیە دەکات و دانەیەکیان دەخاتە خوارەوە، پاشان جوڵە بە ئەژدیھاکان و دواتریش ڕۆبۆتی نوسەر و ئینجا سەتڵەکە دەردێنێتەوە تاوەکو ھەمان کردار دووبارە ببێتەوە.
لێزانی و وردی ئەلجەزری لەوەدایە سەتڵەکەی بەجۆرێک کونکردووە کە لە ماوەی نیو کاتژمێردا نقوم ببێت و پاشان ھەڵکێشرێتەوە بۆ نیوەی دووەمی کاتژمێرەکە. لەگەڵ نقومبونی سەتڵەکەدا دەنگی زقزقەی مەلێک دێت و باڵندەی عەنقاکەش بەدەوری خۆیدا ئەسوڕێتەوە، ھەروەھا بازنەکانی شریتە چەماوەکەی پشتی سوڵتانیش کاتەکان پیشان ئەدەن، پاشان ھەڵۆکە یەکێ لە گۆکان دەخاتە دەمی ئەژدیھاکە و بەھۆی قورسی گۆکەوە ئەژدیھاکە بەرەو خوار شۆڕ دەبێتەوە، ڕۆبۆتی نوسەریش بە گۆچانەکەی دەستی دەقیقەکان دەپێوێت، بە کەوتنە خوارەوەی گۆکەش بۆ ناو دەفری پشتی فیلەکە، فیل سوارەکە دەستەکانی دەجوڵێنێ و گۆکەش بەکەوتنە خوارەوەی بۆ ناو گوڵدانەکە دەنگێکی لێوە دێت. شریتە چەماوەکەی سەرەوەی قەڵاکەش ئاماژە دەدات بەڕۆیشتنی کاتەکە. بەدرێژایی ڕۆژێک، ئەم کردارە لەھەموو نیو کاتژمێرێکدا دوبارە دەبێتەوە. ئەم کاتژمێرە لەڕۆژێکدا دووجار ڕێکدەخرێ، لەگەڵ خۆرھەڵاتن و خۆرئاوابوندا، لەگەڵیشیدا (٣)گۆ کانزاییەکە دەخرانەوە شوێنی سەرەکی خۆیان.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …