Home / ناوداران / سه‌عید نورسی

سه‌عید نورسی

220px-Said_Nurs

سه‌عید نورسی
سه‌عید نورسی له‌ساڵی 1876دا گوندی نورسی سه‌ر به ‌ناوچه‌ی “Xîzan” له باژێری “Bidlîs” له دایك و باوکێك کورد هاتۆته ژیانه‌وه. تا ناوه‌ندی 1920 ناوی سه‌عیدی کوردی بووه و دواتر گۆڕاوه بۆ نورسی. له کۆتایی ته‌مه‌نی ئیمپڕاتۆرێتی عوسمانییه‌کان و دروستبوونی کۆماری تورکیادا سه‌‌رکرده‌یه‌کی ئایینی کوردی بووه. به دامه‌زرێنه‌ری بزوتنه‌وه‌ی “Nurculuk” ده‌ناسرێت.
باوکی له خێزانێکی زاده‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه، هه‌رچه‌نده سه‌عید نورسی بانگهێشتی ده‌کرد، که بارهه‌ڵگربووه. له ته‌مه‌نی نۆ ساڵیدا به مه‌به‌ستی خوێندنی ئایینی له ناوچه‌کانی “Bidlîs” و “Wan” ڕه‌وانه‌ی چه‌ند “مه‌دره‌س”ه و “ته‌کیه‌”یه‌کی جیاواز ده‌کرێت؛ له ” Norşin” و “Müküs” و “Arvas”.
دوای سێ مانگ له خوێندنی به‌رده‌وام له‌لای شێخ “Muhemmed Celalî” له “Bazîd” نازناوی “مه‌لا” وه‌رده‌گرێت.
هه‌ر له ته‌مه‌نی گه‌نجیدا نازناوی “Bedîuzzeman” (=مامۆستای سه‌رده‌م). سه‌عید نورسی توانیوێتی له‌ته‌ك کوردی و تورکیدا به عه‌ره‌بی و فارسی ئاخافتن بکات.
له “Bidlîs” لای “عومه‌ر پاشا” مایه‌وه و دواتر له‌ساڵی 1894دا ڕوویکرده “Wan” و ڕۆیشت لای پارێزگاری ناوچه‌ی “Wan”. له په‌ڕتووکخانه‌ی پارێزگاری “Wan”دا چاوی به چه‌ندان کاری له‌سه‌ر زانستی نوێ که‌وت، که له‌کاتی خوێندنی له مه‌دره‌سه‌کان و ته‌کییه‌کاندا له‌باره‌یانه‌وه هیچی نه‌بیستبوو.
له‌ته‌ك گرنگیدانی به “زانست بۆ ئایین”‌ و “ئایین بۆ زانسته سروشتییه‌کان” نورسی بیری له کردنه‌وه‌ی زانکۆکێك له ڕۆژهه‌ڵاتی ئێمپڕاتۆرێتی عوسمانی ده‌کرده‌وه. نورسی ده‌یویست له‌و زانکۆیه‌دا زانسته سروشتییه‌کان له‌گه‌ڵ زانسته ئیسلامییه‌کان بخوێنرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ساڵی 1907 به‌ره‌وو ئه‌سته‌نبوول ڕۆیشت و له سه‌رای “سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دوو” داوای پشتگیریکردنی کرد. به‌ڵام سوڵتان هیچ گرنگییه‌کی به بیرۆکه‌که‌ی نه‌دا.
له‌ساڵی 1908دا “Jön Türkler” کۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی سوڵتان هێنا و سه‌عید نورسی یه‌كێك له لایه‌نگرانی ئه‌م گه‌نجانه بوو و هاوکات بووه ئه‌ندامی “إتحاد و ترقى جمعيتی”.
سه‌عید نورسی له‌ساڵی 1908دا بووه ئه‌ندامێکی چالاك له یه‌که‌مین ڕێکخراوی کوردی به‌ناوی “Kürt Teavün ve Terakki Cemiyeti”، که له ئه‌سته‌نبوول هاته‌ ئاراوه.
هه‌روه‌ها بووه ئه‌ندام له ڕێکخراوی “Itthihad-i Muhammadi”، که ئامانجی پشتگیرکردنی شه‌ریعه‌ی ئیسلامی بوو.
له‌ساڵی 1909دا خۆی به “gharib” (=نامۆ) ناوبرد، چونکه پێیوابوو، که ئه‌و جیاوازتر له‌ که‌سانی دیکه بیر ده‌کاته‌وه.
پاش ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 1910دا یه‌که‌مین په‌ڕتووکی خۆی بڵاوکرده‌وه، ئه‌سته‌نبوولی به‌ره‌وو ڕۆژهه‌ڵات ‌به‌جێهێشت. له‌ته‌ك “Wan” سه‌ردانی چه‌ندانی شاری دیکه‌ی وه‌ك “Mûş” و “Bidlîs” و “Çolamêrg” و “Amed” و “Rihayê” ده‌کات. له‌به‌هاری 1911دا ڕێگای پێده‌درێت، له “جامع بني أمية الكبير” له دیمه‌شق چه‌ند وتارێك بخوێنێته‌وه. له هاوینی هه‌مان ساڵدا هاوه‌ڵی “Mehmed V. Reşad” ده‌کات، که له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سانێکی دیکه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی عوسمانییه‌کاندا به‌ره‌وو به‌لقان ده‌ڕۆن. به‌ڵینی پێدرابوو، که یارمه‌تی ده‌درێت، تا “Medreseya Zehra” له “Wan” بکاته‌وه.
کاتێك جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م هه‌ڵگیرسا، سه‌عید نورسی یه‌كێك بوو له‌و چه‌کدارانه‌ی، دژی ڕووسیا له به‌ره‌کانی قۆقاز ده‌جه‌نگا. به‌پێی نووسراوه‌کان نورسی توانیوێتی ژیانی 1500 ئه‌رمه‌نی له مردن ڕزگار بکات، که پێشتر له‌لایه‌ن سه‌رکرده‌‌ی عوسمانییه‌کانه‌وه فه‌رمانی پێدرابوو، ئه‌و ئه‌رمه‌نیانه بکوژێت. به‌ڵام نورسی ئه‌رمه‌‌نییه‌کانی ئاودیوی هێڵه‌کانی ڕووس کردبوو.
له‌ 1916دا ده‌ستگیر ده‌کرێت و له کۆسترۆمای باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی مۆسکۆ ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌کرێت. له‌ئاکامی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر له‌به‌هاری 1918دا هه‌ڵدێت و له ڕێگای به‌رلین، ڤیینه‌نا، هه‌نگاریا و بولگاریا ده‌گه‌ڕێته‌و ئه‌سته‌نبوول. له‌وێش ده‌بێته ئه‌ندامی “Dar ül-Hikmet al-islamiye”. هه‌ر له ئه‌سته‌نبوول چه‌ند په‌ڕتووکێك ده‌نووسێت و بڵاویان ده‌کاته‌وه.
پاش داگیرکردنی ئه‌سته‌نبوول له‌لایه‌ن هێزه‌کانی به‌ریتانیاوه، یه‌كێك ده‌بێت له‌و مامۆستا ئایینیانه‌ی بانگهێشت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێزه‌کانی به‌ریتانیا ده‌کات.
له‌ساکی 1918دا ده‌بێته ئه‌ندامی له “Kürdistan Teali Cemiyeti”.
سه‌عید نورسی ساڵی 1922 به‌هۆی ناودارێتی و جێگای دیاری له کۆمه‌ڵگادا، هه‌روه‌ها ناسراوێتی وه‌ك مامۆستایه‌كی ئایینی بۆ ئه‌نقه‌ره بانگهێشت ده‌کرێت، تا له دامه‌زراندنی ڕۆڵی خۆی بنوێنێت. به‌ڵام به وتاره‌کانی که‌مالیستییه‌کان بێزار ده‌کات. مسته‌فا که‌مال به په‌یڤه‌کانی نورسی بێزار ده‌بێت.
له‌ساڵی 1923دا سه‌عید نورسی بۆ “Wan” ده‌گه‌ڕێته‌وه، تا خۆی به خوێندنه‌وه‌ی ئایینه‌وه سه‌رقاڵ بکات. به‌هۆی ڕاپه‌رینه‌که‌ی 1925 وه‌ك سه‌رۆك خێڵه‌کان و پیاوه ناسراوه‌کانی دیکه‌ی کورد دوور ده‌خه‌رێنه‌. ده‌رئه‌نجام نورسی ڕه‌وانه‌ی “Burdur” ده‌کرێت. ساڵی 1927 ناچار ده‌کرێت، به‌ره‌وو گوندی “Barla” له‌ناوچه‌ی “Isparta” بڕوات. له‌وێ نورسی له خانویه‌کی ته‌خته‌دا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات و به‌ڕۆژیش ده‌چێت بۆ کێوان، تا خه‌ڵوه‌تی خۆی بکات. ده‌رئه‌نجامی ئه‌م خه‌ڵوهت‌نشینه‌ش نووسینی “رسائل النور” ته‌واو ده‌کات و ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌کی ئایینی بۆ قورئان. له گوندی “Sava” به نووسینی عه‌ره‌بی ده‌نووسرێته‌وه و به‌ناو هه‌موو ئه‌نادۆڵدا دابه‌ش ده‌کرێت.
له‌ساڵی 1935دا له ” Eskişehir” ده‌درێته دادگا و به‌هۆی کاره ئایینیه‌کانه‌وه سزای 11 مانگ به‌ندکردنی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت. دوای ئازادبوونی بۆ “Qestamonu” دوورده‌خرێته‌وه. له پایته‌خته‌ی ئه‌م شاره‌دا ئامۆژگارییه‌کانی ده‌بێته جێگای گرنگی زانایان.
له پڕۆسه‌ی دادگاییکردنی له‌ساڵی 1943 له “Denizli” سزا نادرێت، چونکه له نووسینه‌کانیدا هیچ هاندانێك بۆ نائارامی نادۆزرێته‌وه. دواتر ناچار ده‌بێت له “Emirdag” له‌ته‌ك “Afyon” بژی.
له‌ساڵی 1948دا بۆ دواجار سه‌عید نورسی له “Afyon” دادگایی کرایه‌وه‌: به‌هۆی دروستکردنی ڕێکخراوێکی ڕامیاری دژ به ڕژێم سزادرا. نورسی و چه‌ند قوتابییه‌کی ده‌برێنه بۆ دادگایکردن ده‌برێنه به‌رده‌م دادوه‌ر. پڕۆسه‌ی دادگاییکردنه‌که‌ش تا ساڵی 1956ی خایاند. به‌ڵام دواتر مه‌رجه‌ ڕامیارییه‌کان گۆڕان، هه‌ربۆیه‌ هیچ سزایه‌کی به‌سه‌ردا نه‌سپێنرا.
له دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م و دوای ساڵی 1946 سه‌عید نورسی پشتگیری فه‌ره‌قه‌واره‌ی ڕامیاری کرد، هه‌ربۆیه دوای له لایه‌نگرانی کرد، که پشتگیری پارتی دیموکراتی به‌سه‌رۆکایه‌تی “Adnan Menderes” بکه‌ن. نورسی چاوه‌ڕێی ده‌کرد، که ئه‌م سه‌رکرده‌یه بتوانێت دیموکراتی و ئازادی و پێشکه‌وتن بۆ وڵات بگه‌ڕێنێته‌وه و کۆتایی به هه‌ڵکوتان سه‌ر و سزادانی خه‌ڵکی بهێنرێت. پارتی ناوبراویش له‌ساڵی 1950دا به کۆی ده‌نگ له “Türkiye Büyük Millet Meclisi” سه‌رکه‌وتنی ته‌واوی به‌ده‌ستهێنا.
ساڵی 1951 سزای دوور خستنه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵگیرا و توانی به‌سه‌ربه‌ستی به وڵاتدا بسووڕێته‌وه و خۆی له “Isparta” جێگیر کرد. دواتر ڕێگای به لایه‌نگرانیدا نووسینه‌کانی به پیتی لاتینی چاپ بکه‌ن. ساڵی 1956 په‌رمانی بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی نووسینه‌کانی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه وه‌رگرت.
سه‌عید نورسی نامه‌ی له‌گه‌ڵ پاپا و پاتریکی یۆنانییه‌کاندا ده‌گۆڕییه‌وه.
ماوه‌یه‌ك به‌ر له مردنی بڕیاریدا بۆ شاری “Riha” بڕوات. له‌وێ سه‌دان له لایه‌نگره‌کانی پێشوازیان لێکرد و له یه‌كێك سه‌ردانی یه‌كێك له میوانخانه‌کان کرد. نورسی هه‌مان شه‌و، 1960.03.23، ماڵئاوایی له ژیان کرد. دواتر قوتابییه‌کان و لایه‌نگرانی له مزگه‌وت تا کازیوه‌ی به‌یان نوێژیان له‌سه‌ر لاشه‌که‌ی کرد. دواتر به ‌خاکیان سپارد. پاش ئه‌وه‌ی له ئایاردا سوپا کوده‌تای به‌سه‌ر “Adnan Menderes”دا کرد، له ته‌ممووزدا له‌شکرێك له سوپا گۆڕه‌که‌ی “سه‌عید نورسی”یان هه‌ڵدایه‌وه و لاشه‌که‌یان بۆ شوێنێکی نادیار له ناوچه‌ی “Isparta” برد و له‌وێ به‌ خاکیان سپارد.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About نورسی گۆران

Check Also

1516611239wefayi

وه‌فایی

جام کوردی: میرزا عەبدوڕە‌حیم سابڵاغی ناسراو به وەفایی شاعیری به ناوبانگی کورد، ساڵی ١٢٦٤ی ھەتاوی …