Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی نوێ و هاوچه‌رخی كورد /   فتواکەی مه‌لای‌ خه‌تێ یان حوسێن حوزنی‌ مۆكریانی‌؟

  فتواکەی مه‌لای‌ خه‌تێ یان حوسێن حوزنی‌ مۆكریانی‌؟

.ئارام مه‌جید شه‌مێرانی‌

ئه‌گه‌ر چاوێك بخشێنین به‌میرنشینی‌ سۆران و سه‌رده‌می‌ زێڕینی‌ میر نشینی‌ سۆران،بابه‌تێك وه‌ك سه‌روه‌ری‌ و شانازی‌ و ئازایه‌تی‌ كه‌سایه‌تیه‌كی‌ وه‌ك (میرمحه‌مه‌د)مان به‌رچاو ده‌كه‌وێت،له‌هه‌مان كاتدا ئه‌گه‌ر دیسانه‌وه‌ چاوێك به‌هۆكاره‌كانی‌ ڕووخانی‌ ئه‌و میرنشینه‌ مه‌زنه‌دا بخشێنینه‌وه‌ ئه‌وا ناوێك به‌ناڕه‌وا بۆماوی‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ وه‌ك سیما و سیمبولی‌ خیانه‌ت لای‌ هه‌ندێك توێژه‌ری‌ نه‌شاره‌زا له‌مێژوو ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌ویش(مه‌لاخه‌تێ)یه‌،وه‌ك ئاشكرایه‌ ئه‌م فه‌توایه‌ی‌ مه‌لای‌ خه‌تێ زیاد له‌پێویست گه‌وره‌ كراوه‌ و زیاد له‌پێویست تۆمه‌ت باركراوه‌،بۆیه‌ به‌باشمانزانی‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی‌ زانستیانه‌ی‌ مێژوویی بۆ ئه‌و فه‌توایه‌ بكه‌ین و مێژووییانه‌ شرۆڤه‌یه‌كی‌ بیلایه‌نانه‌ی‌ بۆبكه‌ین و ئه‌مه‌ش وه‌لاَمێكی‌ گونجاوبێت بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌ناڕه‌وا مه‌لای‌ خه‌تێ تۆمه‌تبارده‌كه‌ن.
حوسێن حوزنی‌ مۆكریانی‌ ده‌ڵێت:(هه‌ركه‌سێك شه‌ڕ له‌گه‌ڵ له‌شكری‌ عوسمانی‌ بكات به‌بێ ئیمان ده‌مرێت و له‌ژیاندا ته‌لاَقی‌ ده‌كه‌وێت)

1. ئه‌گه‌ر مه‌لای‌ خه‌تی‌ فه‌توای‌ دابێت شه‌ڕی‌ نێوان كورد و عوسمانی‌(خه‌لافه‌تی‌ عوسمانی‌) حه‌رامه‌ باشه‌ بۆ له‌سه‌ره‌تای‌ شه‌ڕه‌كه‌وه‌ یان له‌هاتنی‌ سوپای‌ عوسمانی‌ بۆ سه‌رناوچه‌كه‌ فه‌توای‌ ڕاگرتنی‌ شه‌ڕی‌ نه‌دا؟ئه‌گه‌ر شه‌ڕكردن دروست نه‌بێ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ دروست نه‌بووه‌ نه‌ك ئه‌و كاته‌ی‌ فه‌تواكه‌ی‌ تێدا دابێت.جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌ی‌ بۆ به‌فه‌توایه‌ك شه‌ڕی‌ نێوان میرنشینی‌ سۆران و میرنشینه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی‌ حه‌رام نه‌كرد له‌كاتێكدا شه‌ڕی‌ كورد به‌كورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا بوبوو به‌دیارده‌یه‌كی‌ باو،ته‌نانه‌ت گه‌شتبوه‌ ئاستێك باوك له‌سه‌ر كورسی‌ ده‌سه‌لاَت كوڕی‌ ده‌كوشت و ئامۆزا ئامۆزای‌ ده‌كوشت یان كوڕ باوكی‌ خۆی‌ ده‌كوشت.
2. ئه‌گه‌ر شه‌ڕكردن دژی‌ خه‌لافه‌تی‌ عوسمانی‌ حه‌رام بێت باشه‌ ده‌پرسین ئه‌ی‌ بۆ پێشتر له‌كاتی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ سه‌ربه‌خۆی میرنشینه‌كه‌ی‌ میر محه‌مه‌دا مه‌لای‌ خه‌تێ فه‌توای‌ نه‌دا به‌حه‌رامبونی‌ جیابونه‌وه‌ له‌خه‌لافه‌ت بڵێت ئه‌مه‌ دابه‌شبونه‌و دژ به‌دینه‌و حه‌رامه‌،له‌لایه‌كی‌ دیكه‌ كاتێك میر محه‌مه‌د داوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كرد ئیدی‌ ده‌بێت له‌وتاره‌كانی‌ ڕۆژی‌ هه‌ینیدا له‌بری‌ ناوی‌ سوڵتان(خه‌لیفه‌)ناوی‌ میر محه‌مه‌د به‌رن،یان ئه‌وكات سكه‌ی‌ لێدا،ده‌بوایه‌ ئه‌و كاته‌ش مه‌لای‌ خه‌تێ فه‌توای‌ بدایه‌ و بیوتایه‌ ئه‌م كارانه‌ له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌تی‌ پیرۆزی‌ ئیسلامدا ناگونجێت و حه‌رامه‌ به‌لاَم بۆ هیچ فه‌توایه‌كی‌ نه‌دا؟ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی‌ دیكه‌یه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی‌ تۆمه‌ت بۆ زانایانی‌ ئاینی‌ هه‌ڵده‌به‌ستن.
3. له‌كاتێكدا میری‌ سۆران بۆ به‌هێزكردن و چه‌سپاندنی‌ پێگه‌ی‌ خۆی‌ و میرنشینه‌كه‌ی‌ سڵی‌ له‌كوشتن نه‌كرده‌وه‌ ته‌نانه‌ت مامه‌كانی‌ خۆی‌ كوشت،ئه‌ی‌ چۆن ڕێگه‌ی‌ به‌مه‌لای‌ خه‌تێ دا له‌كاره‌كانیدا خۆی‌ هه‌ڵقورتێنێ و ببێته‌ هۆی‌ لاوازی‌ میرنشینه‌كه‌ی‌،تۆ بڵێیت ئه‌و(مه‌لای‌ خه‌تێ) له‌مام و ئامۆزاكانی‌ خۆشه‌ویستتر بێت بۆ میرمحه‌مه‌د؟ئه‌ی‌ پاشاكوێره‌ چۆن له‌وكاته‌دا مه‌لای‌ خه‌تێی‌ نه‌كوشت كه‌زیانی‌ به‌میرنشینه‌كه‌ی‌ گه‌یاند و بویه‌ هۆی‌ لاوازبونی‌ میرنشینه‌كه‌ی‌؟
4. وه‌ك له‌سه‌ر چاوه‌كاندا هاتووه‌ (مه‌لای‌ خه‌تێ و مه‌لایه‌حیای‌ مزووری‌)  هه‌ردوو پێكه‌وه‌ موفتی‌ بوون له‌میرنشینی‌ سۆران و ئه‌ی‌ چۆن له‌كاتی‌ فه‌تواكه‌دا پرس به‌مه‌لا یه‌حیا نه‌كراوه‌،یان چۆن مه‌لا یه‌حیا دژی‌ ئه‌و فه‌توایه‌ هیچ هه‌ڵوێستێكی‌ دیكه‌ی‌ نه‌نواندوه‌ له‌كاتێكدا ده‌بوو پێكه‌وه‌ ئه‌و فه‌توایه‌ بده‌ن و به‌ڕه‌زامه‌ندی‌ هه‌ردوولابێت،به‌لاَم له‌مه‌سه‌له‌ی‌ ئه‌و فه‌توایه‌ ته‌نها په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت و تاوان بۆ مه‌لا خه‌تێ درێژ كراوه‌ و به‌مه‌به‌ست كراوه‌ته‌ ئامانج.
5. ئایا ئه‌و فه‌توایه‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك دراوه‌ و چۆن مه‌لایه‌ك شه‌ڕ حه‌رام ده‌كات له‌كاتێكدا وه‌ك لای‌ هه‌موان ئاشكرایه‌ له‌دینی‌ ئیسلامدا حه‌رام كردن له‌ده‌سه‌لاَت و ویستی‌ خودایه‌،واته‌ ئه‌وه‌ی‌ حه‌رامه‌ تا قیامه‌ت حه‌رامه‌ و ئه‌وه‌شی‌ حه‌لاَڵه‌ تا قیامه‌ت حه‌لاَڵه‌ و هیچ كه‌سێك ناتوانێك حه‌رام به‌ویستی‌ خۆی‌ حه‌رام بكات یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌،به‌تایبه‌ت مه‌سه‌له‌ی‌ فه‌توا كه‌كارێكی‌ تاكه‌كه‌سی‌ نیه‌ و هه‌روا ئاسان نیه‌ كه‌سێك له‌خۆیه‌وه‌ فه‌توایه‌ك بدات به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر مان و نه‌مانی‌ ده‌وڵه‌تێك یان میرنشێك وه‌ك میرنشینی‌ سۆران كه‌ له‌و سه‌رده‌م زۆر به‌ی‌ كودران به‌چاوی‌ ئومێده‌وه‌ له‌ئاسۆی‌ ئه‌و میر و میرنشینه‌یان ده‌ڕوانی‌.
6. وه‌ك ئاشكرایه‌ له‌فه‌تواكه‌دا دوو چه‌مك به‌كار هاتووه‌،ئه‌ویش چه‌مكی‌(حه‌لاَڵ) و چه‌مكی‌(حه‌رامه‌)،ده‌پرسین ئایا هه‌موو شتێكی‌ حه‌رام ته‌لاَقی‌ پێده‌كه‌وێت؟یان ئه‌و دوو چه‌مكه‌ له‌و شه‌ڕه‌دا چ په‌یوه‌ندیه‌كی‌ پێكه‌وه‌ هه‌یه‌؟ده‌پرسین ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌ڕه‌ حه‌رام بێت و ببێته‌ مایه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ته‌لاَقی‌ پێ بكه‌وێت،ئه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئینكاری‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ئه‌و فه‌توایه‌ ڕاسته‌ و دراوه‌ و به‌ڵێ شه‌ره‌كه‌ حه‌رامه‌،چونكه‌ لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر كورد حه‌لافه‌تی‌ عوسمانی و خه‌لیفه‌ی‌ ئیسلامه‌،باشه‌ بۆ ئه‌وانه‌ بۆ جارێكیش بێت به‌مێژوودا ناچنه‌وه‌ و تێنافكرن و بزانن شه‌ڕی‌(جه‌مه‌ل)ی‌ نێوان خه‌لیفه‌ عه‌لی‌ و عائیشه‌ی‌ خێزانی‌ پێغه‌مبه‌ر) و شه‌ڕی‌(سه‌فین)ی‌ نێوان خه‌لیفه‌ عه‌لی‌ و مه‌عاویه‌ی‌ كوڕی‌ ئه‌بوسوفیان)حه‌رام بووه‌ و ته‌لاقیان پێكه‌وتووه‌؟ئه‌گه‌ر به‌پێی‌ تۆمه‌تی‌ دروستكاوی‌ فه‌تواكه‌ی‌ مه‌لای‌ خه‌تێش بێت هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌به‌شداربوون له‌و دووشه‌ڕه‌دا و شه‌هید بوون به‌بێ ته‌لاَقی‌ ڕۆشتوون و ته‌لاَقیان كه‌وتووه‌ و له‌سه‌ر حه‌رامی‌ ڕۆشتتون،له‌كاتێكدا وه‌ك لای‌ هه‌موان ئاشكرایه‌ چه‌ند كه‌سێك له‌وانه‌ له‌و كه‌سانه‌ بوو كه‌(موژده‌ی‌ به‌هه‌شتیان پێدرابوون).ئیدی‌ ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ باسی‌ فه‌تواكه‌ی‌ مه‌لای‌ خه‌تێ ده‌كه‌ن له‌و قسه‌ و تۆمه‌ته‌یان په‌شیمان ببنه‌وه‌ چونكه‌ هیچ كه‌س یان خودی‌ خه‌لیفه‌ش ئه‌و دوو شه‌ڕه‌ی‌ حه‌رام نه‌كردبوو،له‌مه‌شه‌وه‌ بۆمان ده‌ر ده‌كه‌وێت فه‌تواكه‌ی‌ مه‌لای‌ خه‌تێ ته‌نها تۆمه‌ته‌ و هه‌ڵبه‌ستراوه‌ بۆ مه‌و مه‌لایه‌.
7. ئایا مه‌لای‌ خه‌تێ بۆ چ مه‌رام و مه‌به‌ستێك ئه‌و فه‌توایه‌ی‌ داوه‌؟هه‌ندێك ده‌ڵێن له‌پێناو پله‌ و پایه‌ و ده‌ستكه‌وتدا بوو مه‌لا ئه‌و فه‌توایه‌ی‌ ده‌ركد،به‌لاَم ده‌پرسین ئایا دوای‌ نه‌مانی‌ میر محه‌مه‌د مه‌لاخه‌تێ كرا به‌میری‌ میرنشینی‌  سۆران؟ئایا مه‌لای‌ خه‌تێ حه‌سانه‌ی‌ ژیان و پاراستنی‌ ژیانی‌ ماڵ و منداڵی‌ وه‌رگت له‌خه‌لیفه‌؟یان كرا به‌ده‌مڕاستی كورد؟یان خرایه‌ نێو كۆشكی‌ سوڵتانی‌ عوسمانی‌ وه‌ك موفتیه‌ك ڕای‌ وه‌رگیرێت؟یان كرا به‌خاوه‌ن زه‌وی‌ زارا و كۆشك ته‌لارێك شایسته‌ی‌ باسكردن بێت؟به‌لاَم وه‌ك ئاشكرایه‌ مه‌لای‌ خه‌تێ تاكاتی‌ مردنی‌ هه‌ر له‌سنوری‌ میرنشینی‌ سۆران مایه‌وه‌ و ئه‌و سنوه‌ری‌ به‌جێ نه‌هێشت.
8. باشه‌ ئه‌گه‌ر مه‌لای‌ خه‌تێ فه‌توایه‌كی‌ وای‌ دابێت به‌ڕه‌وا بێت یان ناڕه‌وا كه‌به‌قسه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ڕه‌خنه‌ده‌گرن ده‌ڵێن مه‌لای‌ خه‌تێ به‌رپرس بووه‌ له‌كه‌وتنی‌ میرنشینه‌كه‌،باشه‌ بۆچی‌ دوای‌ كوژرانی‌ میر محه‌مه‌د برا و مامه‌كانی‌ میر مه‌لایان نه‌كوشت له‌كاتێكدا خودی‌ مه‌لا هه‌ر له‌نێو میر نشینه‌كه‌ مایه‌وه‌ و هیچ كه‌س ته‌نانه‌ت براكانی‌ میریش په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌تیان بۆ مه‌لا درێژ نه‌كرد و هه‌رگیز پێیان نه‌وت كۆشتنی‌ براكه‌یان و لاوازی‌ میرنشینه‌ به‌هۆی‌ فه‌تواكه‌ی‌ تۆوه‌ بوه‌.
9. ئه‌گه‌ر له‌وه‌ها حاڵه‌تێكدا فه‌توایه‌ك درابێت كه‌ ئه‌و فه‌توایه‌ش له‌خۆڕا نه‌بووه‌ به‌ڵكو به‌بێ به‌ڵگه‌ و كتابێكی‌ ڕه‌سمی‌ نه‌بوو به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای ئایه‌تێك یان حه‌دیسێك دراوه‌،باشه‌ بۆ تائێستا چ له‌نێو به‌ڵگه‌نامه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عوسمانی‌ و ته‌نانه‌ت له‌نێو ده‌ستنوسی‌ (مه‌لیخا)ش نه‌هاتووه‌ و باسی‌ فه‌تواش نه‌كراوه‌،له‌كاتێكدا ده‌بوو ڕاگرتن و حه‌رام كردنی‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌فه‌رمان و كتابێك بوایه‌ و كۆپیه‌ك له‌و به‌ڵگه‌یه‌ بگه‌شتایه‌ته‌ ده‌ست خه‌لیفه‌ی‌ عوسمانی‌،به‌لاَم به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و كاره‌ نه‌كراوه‌.وه‌ك ئاشكرایه‌ به‌شێكی‌ هه‌ره‌زۆری‌ مێژووی‌ كورد ناحه‌زان و كوردناسه‌كان و داگیركه‌رانی‌ دژه‌ كورد و دژه‌ ئیسلام نوسیویانه‌ته‌وه‌ باشه‌ ده‌پرسین بۆ كه‌سێكی‌ بیگانه‌ و گه‌ڕیده‌یه‌ك باسی‌ ئه‌و فه‌توایه‌ی‌ نه‌كرده‌وه‌.
10. ده‌پرسین ئایا به‌ڕاستی‌ سوڵتانه‌كانی‌ عوسمانی‌ خه‌لیفه‌ بوون؟یان مه‌رجی‌ بوون به‌خه‌لیفه‌یان تێدابوو؟یان وه‌ك خه‌لیفه‌ی‌ موسڵمانان ڕه‌فتاریان كردووه‌؟یان له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك چۆن بون به‌خه‌لیفه‌ به‌شورابوو یان به‌پشتاوپشت؟بۆیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڵێم سوڵتانه‌كانی‌ عوسمانی‌ هه‌رگیز خه‌لیفه‌ی‌ ئیسلام نه‌بوون به‌خه‌لیفه‌ش له‌سه‌ر ئیسلام حساب ناكرێن به‌ڵكو ئه‌وانیش وه‌ك پاشاو سوڵتان و قه‌یسره‌كانی‌ دیكه‌ وابوون كه‌ له‌ولاَتانی‌ دیكه‌ هه‌بوون و به‌ناڕه‌واش خه‌ڵكیان كوشتووه‌.
11. ده‌پرسین ئه‌گه‌ر میرنشینی‌ سۆران له‌سه‌رده‌می‌ زێڕینی‌ خۆیدا و له‌سه‌رده‌می‌ میرێكی‌ به‌هێزی‌ وه‌ك پاشاكوێره‌ به‌فه‌توایه‌ك ڕووخابێت و له‌سه‌ر شانۆی‌ سیاسی‌ نه‌مابێت،ئه‌ی‌ میرنشینه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردی‌ وه‌ك(ئه‌رده‌لاَن و بابان و بۆتان…) به‌فه‌توای‌ كام مه‌لا و زانای‌ ئاینی‌ ڕووخان و له‌نێوچوون؟هه‌مان پرسیار بۆ میرنشینه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كورد وه‌ك(شه‌دادی‌ و ڕه‌وادی‌ و حه‌سنه‌وی‌…)به‌فه‌توای‌ كام مه‌لا له‌نێو چوون،له‌كاتێكدا ئه‌وانیش وه‌ك میرنشینی‌ سۆران چاره‌نوسیان له‌ناوچون و ڕووخان بوو،ئیدی‌ بۆ كه‌س له‌ڕووخانی‌ ئه‌واندا په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت بۆ مه‌لایه‌ك درێژ ناكات؟
12. ده‌پرسین بۆچی‌ فه‌توای‌ مه‌لای‌ خه‌تێ له‌دوای‌ نه‌مانی‌ میر محه‌مه‌د یان له‌دوای‌ نیو سه‌ده‌ له‌مردنی‌ مه‌لای‌ خه‌تێ كه‌س باسی‌ نه‌كرد و وه‌ها فه‌توایه‌ك وه‌ك خیانه‌ت له‌ئارانه‌بوو، ئه‌وه‌شی‌ كراوه‌ به‌باس و خراوه‌ته‌ ڕوو به‌رهه‌می نوسه‌ر و كه‌سێكی‌ كورده‌به‌ناوی‌(حسین حوزنی‌ موكریانی‌) نزیكه‌ی‌ 34 ساڵ پاش ئه‌و ڕووداوه‌ له‌دایك بووه‌ و نزیكه‌ی‌ 87ساڵ دوای‌ ئه‌و ڕووداوه‌ ڕۆشتوه‌ته‌ ناوچه‌ی‌ سۆران ؟له‌كاتێكدا وه‌ك ئاشكرایه‌ شاعیرێكی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كوردی‌ وه‌ك حاجی‌ قادری‌ كۆی‌ كه‌هاوسه‌رده‌می‌ مه‌لای‌ خه‌تێ وپه‌روه‌رده‌ی‌ ده‌ستی‌ مه‌لا خه‌تێ بوو نه‌ له‌و سه‌رده‌م و نه‌دواتریش به‌یه‌ك دێڕشیعر باسی‌ ئه‌و فه‌توایه‌ی‌ نه‌كردووه‌؟دڵنیاین ئه‌گه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا وه‌ها فه‌توایه‌ك له‌ئاردابوایه‌ ئه‌و شاعیره‌ نیشتیمان په‌روه‌ر خۆی‌ لێبه‌دوور نه‌ده‌گرت و بێ دوو دڵی‌ به‌شیعرێكیش بێت ئاماژه‌ی‌ بۆ ده‌كرد به‌لاَم ته‌واوی‌ دیوانه‌كه‌ی‌ خاڵیه‌ له‌و مه‌سه‌له‌یه‌.
13. باشه‌ گریمان وادبنێین میرنشینی‌ سۆران به‌فه‌توای‌ مه‌لای‌ خه‌تێ و فه‌توای‌ ئاینی‌ ڕووخابێت،ئیدی‌ ده‌بێت خه‌ڵكی‌ ئه‌و سه‌رده‌م و دواتریش به‌گومانه‌وه‌ له‌ڕۆڵی‌ مه‌لا و زانایی‌ ئاینی‌ بڕوانن و به‌خیانه‌تكار بیانناسێنن،به‌لاَم وه‌ك ئاشكرایه‌ له‌دوای‌ نه‌مانی‌ میرنشینه‌ كورده‌یه‌كان له‌ناوه‌ڕاستی‌ سه‌ده‌ی‌ نۆزده‌دا،ئه‌گه‌ر چاوێك به‌شۆڕش و ڕاپه‌رینی‌ چه‌ند ساڵێك دواتر بخشێنینه‌وه‌ به‌ئاشكرا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وانه‌ی‌ ڕابه‌رایه‌تی‌ شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردیان ده‌كردو هاتنه‌ نێو شانۆی‌ سیاسی‌ تاناوه‌ڕاسته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ بیسته‌م ئه‌وانه‌ كه‌سانی‌ ئاینی‌ بوون وه‌ك(مه‌لاَ و شێخ و سه‌ید)ه‌كان،ئه‌وانه‌ش بریتی‌ بوون له‌(شێخ عوبه‌یدولاَ،شیخ سه‌عیدی‌ پیران،سه‌ید ڕه‌زا،شێخ ئه‌حمه‌د،شێخ عه‌بدولسه‌لام،شێخ مه‌حمود،قازی‌ محه‌مه‌د،مه‌لامسته‌فا)ئه‌مانه‌ هه‌موویان زانای‌ ئاینی‌ و كه‌سانی‌ ئاینی‌ بوون ئه‌مه‌ش وه‌لاَمێكی‌ گرنگه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی‌ هه‌ر له‌خۆڕا پیاوانی‌ ئاینی‌ و ئاینی‌ ئیسلام له‌و باره‌یه‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
14. ده‌پرسین كێن ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ دوای‌ حسین حوزنی‌ كه‌وتوون و هه‌مان تۆمه‌تی‌ ئه‌ویان دوو باره‌كردوه‌ته‌وه‌و شوێن هه‌مان تۆمه‌تی‌ هه‌ڵبه‌ستراوی‌ كه‌وتوون؟یان چ ئایدیاو مه‌زهه‌بێكیان هه‌یه‌؟له‌ڕاستیدا پێمان وایه‌ ته‌واوی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ هه‌مان هه‌ڵه‌یان دووباره‌كردوه‌ته‌وه‌ كه‌سانی‌ سیاسین یان ئه‌دیبن یان كه‌سانێكن شاره‌زاییه‌كی‌ ته‌واویان له‌سه‌ر مێژوو نیه‌ یان مێژوو نوس و توێژه‌ری‌ بواری‌ مێژووی‌ نین و پسپۆڕیان له‌مێژوودا نیه‌،ئه‌گینا چه‌ندان مێژووی‌ نوسی‌ به‌ناوبانگمان هه‌یه‌ كه‌چی‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌نجه‌ی‌ تۆمه‌ت بۆ مه‌لای‌ خه‌تێ دڕێژ ناكه‌ن و هه‌رگیز باسی‌ وه‌ها فه‌توایه‌ك ناكه‌ن و مه‌لاخه‌تێش به‌كه‌سێكی‌ نیشتیمانپه‌روه‌ر و دڵسۆز ناو ده‌به‌ن،ئه‌وانه‌ی‌ زیاتر قسه‌ له‌سه‌ر تۆمه‌تباری‌ مه‌لاخه‌تێ ده‌كه‌ن تیڕوانینی‌ سیاسیان زاڵه‌ به‌سه‌ر تیڕوانینی‌ واقیعی‌،ئه‌وانه‌ به‌گشتی‌ و به‌كورتی‌ قسه‌ده‌كه‌ن له‌سه‌ر بواره‌كانی‌ مێژوو و جوگرافی‌ و ئه‌ده‌بی‌ و ئایینی‌،ئه‌وانه‌ی‌ زیاتر په‌نجه‌ بۆ ئه‌و ته‌مه‌ته‌ هه‌ڵبه‌ستراوه‌ درێژده‌كه‌ن كه‌سانێكن له‌چه‌په‌كانن یان بیری‌ عه‌لمانیان هه‌یه‌و ده‌یانه‌وێت زه‌مینه‌ی‌ فكره‌ و بیری‌ عه‌لمانی‌ كه‌ كوردستان بلاَو بكه‌نه‌وه‌ و ته‌واوی‌ تۆمه‌ته‌كان ئاراسته‌ی‌ مه‌لا و زانیانی‌ ئاینی‌ و ئاینی‌ پیرۆزی‌ ئیسلام بكه‌ن و چه‌واشه‌كای‌ بلاَوبكه‌نه‌وه‌ و نایانه‌وێت ڕاستیه‌كان وه‌ك خۆی‌ ببینن،چونكه‌ كه‌وتنی‌ میرنشینی‌ سۆران زامه‌كه‌ی‌ هێنده‌ به‌سوێیه‌ ئه‌وانه‌ هه‌موو فاكته‌ره‌كانی‌ ناوخۆی‌ وده‌ره‌كی‌ ڕووخانی‌ ئه‌و میرنشینه‌ له‌بیرده‌كه‌ن و به‌ته‌واوی‌ ڕووخانی‌ ئه‌و میرنشینه‌ مه‌زنه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌ به‌ته‌نیان فاكته‌رێك ئه‌ویش فه‌تواكه‌ی‌ مه‌لای‌ خه‌تێیه‌،ئاخر ئه‌مه‌ كورتبینی‌ و تێنه‌گه‌شتویی و شاره‌زای‌ ئه‌وانه‌یه‌ له‌مێژوو كه‌نایانه‌وێت ته‌وای‌ ڕووداوه‌كان وه‌ك خۆی‌ ببینن و ده‌یانه‌وێت له‌یه‌ك گۆشه‌نیگای‌ ته‌سكه‌وه‌ ته‌واوی‌ ڕووداوه‌كانی‌ دنیا ببینن و ئاگایان له‌مێژوونامێنێت ئه‌مه‌یه‌ هه‌ڵه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ دوای‌ ئه‌م فیكره‌ هه‌ڵه‌یه‌ كه‌وتوون.
15. كه‌واته‌ پاش ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ی‌ كران بۆ فه‌تواكه‌ی‌ مه‌لای‌ خه‌تێ ئه‌وه‌ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ (فه‌توای‌ مه‌لای‌ خه‌تێ) ته‌نیا ئه‌فسانه‌یه‌كی‌ هه‌ڵبه‌ستراو و دروستكراوه‌ بۆ مه‌لایه‌كی‌ دڵسۆز و نیشتیمان په‌روه‌ری‌ كورد،ئه‌وه‌ی‌ كراوه‌ زۆر بێ بنه‌ما و نامه‌نتقیه‌ و هه‌موو مێژوونوسێكی‌ به‌ویژدان و بێلایه‌ن ده‌زانێت ئه‌و فه‌توایه‌ هیچ مانایه‌كی‌ ئه‌وتۆی‌ تێدانیه‌ كه‌نزیك بێت له‌ڕاستیه‌وه‌ و هیچ بنچینه‌یه‌كی‌ مێژووی‌ نیه‌،بۆیه‌ پێمان وایه‌ ئه‌گه‌ر مه‌لای‌ خه‌تێ خۆی‌ ئاگاداری‌ ئه‌و تۆمه‌ته‌ هه‌ڵبه‌ستراو و دروستكراوه‌ بوایه‌ كه‌بۆی‌ هه‌ڵبه‌ستراوه‌ ئه‌وا بێگومان شه‌رمی‌ له‌وه‌ها تۆمه‌تێك ده‌كرده‌وه‌ كه‌ زۆر به‌ناڕه‌وا به‌ده‌میه‌وه‌ هه‌ڵبه‌ستراوه‌ بێگومان ده‌یوت ئه‌مه‌فه‌توای‌ حوسێن حوزنی‌ مۆكریانیه‌ نه‌ك مه‌لای‌ خه‌تێ.

1562015116550_8111
خ

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

14485246-660x330

بەژداریکردنی هۆزی هەرکی لە شۆڕشی سمکۆی شکاکدا

  نوح رۆژهەڵاتی هۆزی هەرکی بەدرێژایی مێژووی و کوردستان و ناوچەکە پیاوانی ئازاو سوارچاک و …