Home / بەشی مێژووی كورد / کێلەشین؛ ناوێکی کوردی زیاتر لە دووهەزار ساڵ دێرین و ئاسەوارەکەی و مەترسی شەڕی براکوژی.

کێلەشین؛ ناوێکی کوردی زیاتر لە دووهەزار ساڵ دێرین و ئاسەوارەکەی و مەترسی شەڕی براکوژی.

11337061_889226287779706_6922728980368553387_o

نووسینی: سۆران حەمەڕەش
ئەو تێکهەڵچوونەی ئەم دواییەی نێوان دوو حیزبی کوردستان لە ناوچەی کێلەشین، زۆر تاکی کوردی خستە دڵە ڕاوکێ و ترسی دەستپێکردنەوەی شەڕی براکوژی. لە ناوچەیەکدا کە مێژوویەکی دێرینی هەیە و سەرچاوەکان هەزاران ساڵ لەمەوبەر ئاماژەیان پێکردووە. بۆیە جگە لەو دڵەڕاوکێیە، ئەو ڕووداوانە بۆ من ڕەهەندێکی مێژووییش لە هزرمدا دروست دەکات.
لە ڕاستیدا هەر بەشێکی ئەم کوردستانە پڕە لە مێژوو و فەرهەنگی دێرین، هەندێک جار ئەو دێرینیە لە چیرۆک و داستانەکان و جاری تر لە ناوی شوێنەکاندا دەردەکەوێت. جا بابزانین باوباپیرانمان کەی ناوی ئەو شوێنەیان ناوە (کێلەشین) و بۆ ئەو ناوەیان پێ بەخشیوە؟
یەکەم جار لە مێژوودا کە باسی ئەو شوێنە کرابێت، زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر لەلایەن جوگرافیناسی گەورە، سترابۆوە بووە. سترابۆ ناوی (کێلەشین) ی وەک خۆی هێناوە و دوایی نزیکی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر پلینی و هەزار و نۆسەد ساڵ لەمەوبەر لەلایەن پتۆڵمی و چەند سەرچاوەیەکی تری یۆنانیەوە باسکراوە. ئەوەی کە دڵنیای دەکات کە مەبەست لە هەمان (کێلەشین) ی ئەمڕۆیە، یۆنانیەکان ئاماژە بەو شوێنە دەکەن لە باکوری ڕۆژهەڵاتی هەولێر و لە هەمان کاتدا سەرچاوەکان وەک شوێنێکی نزیک لە شارۆچکەی (سیدەکان) باسی دەکەن، کە ئەوە دووپاتی دەکاتەوە مەبەستیان هەمان کێلەشینی ئەمڕۆیە. زەینەفۆن نزیکی دووهەزار و چوار سەد ساڵ لەمەوبەر ئاماژەی بە شارۆچکەی (سیدەکان) ی نزیک کێلەشین کردووە، وەک شارۆچکەیەکی مەزن و قەرەباڵەغ. بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئەو نەشارەزا بووە بە ناوچەکە، زیاتر ناوی ئەو شارۆچکانەی هێناوە کە پێیاندا تێپەڕیوە، بۆیە ئاماژەی بە (کێلەشین) نەکردووە، دەنا دڵنیام ئەو کاتەش هەر هەمان ناوی هەبووە.
واتە وەک دەرکەوت زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر ئاماژە بە ناوچەی (کێلەشین) کراوە و بە دڵنیایی مێژووی ئەو ناوە زۆر دێرینتر بووە و دەشێت هاوسەردەمی کێلە بەناوبانگەکەی بێت کە تەمەنی نزیکی دوو هەزار و هەشت سەد ساڵە. بەڵام وەک بەڵگە زیاتر لە دووهەزار ساڵە ناوەکەی وەک ناوێکی کوردی ڕەسەن تۆمار کراوە و ئەمڕۆش نەگۆڕاوە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا بۆ کورد لەو سەردەمە دێرینەوە ناوی ناوە کێلەشین؟
لە ڕاستیدا هەتاوەکو جەنگی عێراق- ئێران کێلێکی نایاب لەو ناوچەیەدا هەبوو، کە مێژووەکەی دەگەڕایەوە بۆ نزیکی ٢٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر. ئەو کێلە نووسراوێکی لەسەر بوو کە باسی ئیشپونی کوڕی ساردوری پاشا و خودای خالدی پەرستگەی (موساسیر) ی کردووە کە ئەمڕۆ پاشماوەکانی ئەو پەرستگە گرنگە لە گوندی (مجێسەر) ماون و لەم دواییەدا ئەو پەرستگەیە دۆزرایەوە. نووسینی سەر کێلەکە لەسەر هەردوو دیویەتی و لە دێوێکی ٤١ دێڕ و لە دیوەکەی تری ٤٢ دێڕە. ئەوروپیەکان لە سەدەی هەژدەیەمەوە ئاماژەیان بە کێلەکە کردووە، بەڵام ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا چەند دێڕی کۆتایی کێلەکەیە کە هەڕەشەیەکی زۆری ئاینی دەکات لە دەستکاریکردنی ئەو کێلە و لەبەشێکی هەڕەشەکاندا دەڵێت:
“هەر کەس ئەم کێلە نووسراوە لە شوێنەکەی لابەرێت یان بیشکێنێت یان هەر کەس هاوکاری کەسێک بکات کە ئەو کارە بکات، ئەوا خودای خالدی وەچەکانی لەناودەبەن”.
لە ڕاستیدا کورد تا سەدەی بیستەم ئەو کێلەی پاراستبوو و دەستکاری نەدەکرد، بە دڵنیایی ئەو هەڕەشە ئاینیەی سەرەوە کاریگەری هەبووە و جگە لەوە وا دەردەکەوێت کە لە ڕابردوودا خەڵک دەستکاری ئاسەوارەکانی نەکردبێت و جۆرێک لە ڕێز بەرامبەریان هەبووبێت. وا دەردەکەوێت کە زیاتر لە سەدەی بیستمەوە زۆر لە وێرانکاریەکان دەستیپێکردبێت، بە تایبەت لەگەڵ ئاسان دەستکەوتنی چەکی نوێ و گولەدا. ئەوەتا لە ساڵی ١٩٥٢ دا کاتێک کە کارتەر زێڵزینک وێنە لەگەڵ کێلەکەدا دەگرێت (بڕوانە وێنەکەی لای ڕاست)، ئاماژە بە جێی گولەکانی سەر بەردەکە دەکات و دەڵێت خەڵک بۆ نیشانەگرتنەوە بەکاریدەهێنن.
لە کاتی جەنگی ئێران- ئێراقدا ئەو کاتەی سوپاسی ئێران دەستیان بەو ناچەیە گەیشت، چیتر هەڕەشە ئاینی سەر کێلەکە کاریگەری لەسەر ئەو سوپایە نەبوو، بۆیە بەردەکەیان لە شوێنەکەی هەڵکەند و بردیانە مۆزەخانەی ورمێ و ئێستاکە لەوێ پارێزراوە. لە ڕاستیدا کێلەبەردێکی تری نووسراویش هەبووە لە نزیک دێی تۆپزاوا کەهاوسەردەمی کێلە بەردەکەی کێلەشینە و ئەمڕۆ لە مۆزەخانەی هەولێر پارێزراوە.
واتە ئەو ناوچەیە بە ناوی ئەو کێلە مێژووییەوە ناو نراوە و دڵنیام کە دوو هەزار و هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر و لە کاتی دانانی ئەو کێلەدا، باوباپیرانمان وەک بۆنەیەکی گەورە لەو ناوچەیەدا گردبوونەتەوە و ئەو بەردە بەجۆرێک کاریگەری لەسەر باوباپیرانمان بەجێهێشتووە، وایلێکردوون کە ناوی کێلەکە ببەخشنە هەموو ناوچەکە.
ئەوەی کە ڕوونە، کورد بۆ هەزاران ساڵە هەندێک لە ناوەکانی وڵاتی خۆی پاراستووە و هەندێک لە ناوەکانمان بە هەمان مانا هیچ گۆڕانێکیان بەسەردا نەهاتووە. لە هەمان کاتدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە شارۆچکەیەکی وەک سیدەکان، دوو هەزار و چوار سەد ساڵ لەمەوبەر بە شارێکی گەورە و قەرەباڵەغ باسکراوە. ئەمڕۆ لەسەر ئەو خاکەدا، دوای هەزاران ساڵ نەمانتوانیوە لە باوباپیرانمان بگەین و ئەو ئاسەوارانە بپارێزین و دەریان بهێنین. نەک هەر ناتوانین ئاسەوارەکانمان بپارێزین، بەڵکو زۆر خوێنگەرمانە لەسەر ئەو خاکە وەک خەڵکی میراتگری ئەو فەرهەنگە دێرینە، خەریکە بێ هیچ سڵکردنەوەیەک و ڕێزێک بۆ فەرهەنگ و مێژوو و نەهامەتیەکانی ڕابردووی نزیکمان، دەستمان بچێتە خوێنی یەکتری و وەک دوژمن مامەڵە لەگەڵ یەکتری بکەین.
هەرچەندە ئەگەری شەڕی براکوژی لە ئێستادا ڕاگیراوە، بەڵام بە دڵنیایی مەترسی ئەو جەنگە نەگریسە لە ئارادا ماوە و لە هەمان کاتدا ئێستاکە هەزاران ئاسەواری کوردستان لەوێدا بێناز و بێ ناسنامە ماونەتەوە و بەو شێوەیە خەڵکێک بزری دوژمن بەیەک و بێ ناسنامەمان لێپێکهاتووە. بۆیە گەر بە ئاگا نەیەین، بە دوور نازانرێت وەک دەیان ساڵی ڕابردوو، دیسان بکەوینە گیانی یەک و خۆمان و فەرهەنگ و مێژوومان بخەینە ژێر مەترسیەوە.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبینی:
وێنەکەی لای ڕاست لە ساڵی ١٩٥٢ دا گیراوە. وێنەکەی ناوەراست لە سەدەی نۆزدەیەمدا کێشراوە و وێنەکەی لای چەپ بەراوری لەسەر نەبوو و دەشێت لە ساڵی هەشتاکاداندا گیرابێت.
سەرچاوەکان:
-Hamawandy, A. J. H (undated) Musasir in Cuneiform Sources, University of Saladin, Kurdistan.
– The Religious Tract Society (1841) History of the Egyptians: From Rollin and Other Authentic Sources, Both Ancient and Modern, Oxford University, UK.
-Maspero (1903) History of Egypt, Chaldea, Syria, Babylonia, and Assyria, Grolier Society, London.
– Sale et al. (1747) An Universal History, from the Earliest Account of Time, Volume 4, University of Michigan, USA.
-Brill, E.J.(1913) First Encyclopedia of Islam, Brill, Leiden.
– Solecki, R.S. (1971) Shanidar: The First Flower People, Alfred A. Knopf Incorporated, USA.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …