Home / بەشی مێژووی كورد / نەورۆز؛ جەژنی کورد یان جەژنێک لە دژی کورد؟

نەورۆز؛ جەژنی کورد یان جەژنێک لە دژی کورد؟

10247217_852753551426980_740190785854584858_n

سۆران حەمەڕەش
ساڵی پار بابەتێکم سەبارەت جەژنی نەورۆز بڵاوکردەوە و وا ئەمساڵ بە متمانەکردنە سەر سەرچاوەی مێژوویی، بەشێوەیەکی قوڵتر جارێکی تر سەبارەت ئەم بابەتە دەنووسمەوە.
کە منداڵ بووم هەموو ساڵێک زیاتر لە مانگێک پێش نەورۆز، لەگەڵ منداڵانی گەڕەک ڕۆژانە دەبوو چەند سەعاتێک دابنێین بۆ کۆکردنەوەی دار و تەختە و تایەی کۆن. هەتاوەکو نەورۆز دەهات لە ماڵاندا بڕێکی باش تایە و دار و تەختە کۆدەکرایەوە. کە ڕۆژی نەورۆز دەهات، هەر ماڵە و تۆزێک نەوتی پێ دەداین و ئەوڕۆژە بۆ ئێمە بوو بووە ئامانجێکی گەورە و بەوپەڕی خۆشیەوە چاوڕوانیمان دەکرد و لەو ڕۆژەدا جلی کوردیمان دەپۆشی و ئاگرێکی گەورەمان دەکردەوە. ڕەفتاری ئەوکاتەی حکومەتی عێراق لە باشوردا دەگۆڕا و ساڵ بە ساڵ بە شێوەیەکی جیاواز بوو. ساڵانی حەفتاکان هەندێک جار تیپی ئاگرکوژانەوەیان دەنارد و ئاگرەکەیان لێ دەکوژاندینەوە. بەڵام کۆڵمان نەدادا، بۆ ئێمە لەو منداڵیەدا ئەو ئاگرە بوو بووە سیمبوڵی زیندوێتی ڕۆحە کوردیەکەمان، بۆیە هەموو هەوڵێکمان دەدا کە ئاگرەکە نەکوژێنرێتەوە؛ بۆ ئێمە نەمانی ئاگرەکە کوژانەوەی ڕۆحمان بوو.
نەورۆز لە فەرهەنگماندا ڕەگێکی قوڵ و دێرینی هەیە، کۆنترین سەرچاوەی کوردی کە بە ووردی باسی ئەو جەژنەی کردبێت، ئەحمەدی خانیە. ئەحمەدی خانی لە مەم و زیندا باس لە نەورۆز و خۆشی و شادی ئەو ڕۆژە لە ناو کورد دا دەکات. ئەم جەژنە بە شێوەیەک لە ناو کورد دا ڕەگی داکوتیوە، کە هەتاوەکو نزیکی چوار سەد ساڵ لەمەوبەر شارۆچکەیەک لە شارەزوور ناوی (مێرکاوە) بووە و هەر بە ناوی کاوەی ئاسنگەرەوە ناونرابوو.
سەرەڕای ئەوانە ئالەم سەردەمەدا زۆر جار کەسانێک کە بیروبۆچوونی ئاینی یان ناسیۆناڵیستیان هەیە، خەریکە لەسەر کۆمەڵێک بۆچوونی بێ بنەما و بۆ داکۆکیکردن لە بیروبۆچوونی خۆیان، ئەو جەژنە مێژووییەمان لێ ناخۆش دەکەن. پێم وایە بەشێک لە هۆکاری ئەم کێشەیە کێشەی داگیرکردن و دەرئەنجامەکانیەتی. نەتەوەی داگیراو زۆر جار ڕقی لە خۆیەتی، هێندە بێ بڕوایە بە خۆی، خەریکە پرسیار لە هەموو شتێکی خۆی دەکات و لە بێ بڕواییدا، لە خۆی بە گومانە و زۆر لایەنی فەرهەنگیی خۆی دەسڕێتەوە لەبری ئەوەی کە خۆشی لێببینێت. بۆ نموونە، نزیکی سێ چوار ساڵە میدیای باشور وازی لە وشەی کوردی “بومەلەرزە” هێناوە و گۆڕیویەتی بە “زەمین لەرزە” ی فارسی، لەبەر ئەوەی کە بە گومانە لەو وشەیە و بڕوا ناکات کە وشەی “بومەلەرزە” دروست بێت. زۆرجار بە هەمان جۆر مامەڵە لەگەڵ نەورۆزدا دەکرێت. جا بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە، بابزانین ئەو جەژنە لە کوێوە هاتووە و تا چەند پەیوەندی بە ئێمەوەیە.
یەکەم سەرچاوە کە ئاماژە بە جەژنی سەری ساڵ بکات لای سۆمەریەکانە. سۆمەریەکان دوو جەژنی سەری ساڵیان لە شاری ور/وار کردووە، یەکێکیان لە یەکەم مانگی بەهاردا و ئەوی تریان لە حەوتەم مانگی ساڵ و لە پایزدا بەڕێوەیان بردووە بە ناوی (یێزن ئەکیتو) کە سەرنج دەدرێت وشەی (یێزێن) ی سۆمەری ئەمڕۆ بە هەمان مانا بووەتە (جەژن) لە کوردی نوێدا. ئەم دوو جەژنە بە شێوە جیاوازەکانی تا سەردەمانێکی نزیک لە ناو کوردەواریدا مابوو؛ یەکێکیان (جەژنی نەورۆز/سەرساڵ) ە و ئەوی تریان (جەژنی کورد). نەورۆز لە مانگی سێدا بەڕێوە دەچێت و جەژنی سەرساڵ- ی ئیزدی وەک سەردەمی دێرینی مێسۆپۆتامیا لە یەکەم چوارشەممەی مانگی چواردا بەڕێوە دەچێت و لە مێسۆپۆتامیادا لە یەکەم ڕۆژی مانگی چواردا ئەو ئاهەنگەیان کردووە. سەبارەت شێوە پایزانەکەی ئەو جەژنە، بەپێی جەیمس مۆریە، هەتاوەکو نزیکی ساڵی ١٨٢٠ لە کۆتایی مانگی هەشت و لە دامێنی چیای (دەماوەند/زەماوەند) دا (جەژنی کورد) بەڕێوە چووە و لەوێدا خەڵک لەسەر سەربانی ماڵان هەموو ساڵێک ئاگریان بە بۆنەی ئەو جەژنەوە کردۆتەوە و جەژنەکەش بە ناوی کوردەوە بووە. واتە شێوە پایزەکەی جەژنەکە تا سەردەمانێک لە دامێنی چیای دەماوەند دا هەر بە ناوی کوردەوە مابوو.
لە ڕاستیدا هەندێک لایەنی تری ئەو جەژنە، بنەچەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش مێژوو، واتە پێش سەردەمی سۆمەریەکان. زۆر لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زوحاک هەر نەمرودە و لەو جیاواز نیە. مێژوونوسی کورد ئیبن ئەسیر نزیکی هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر دەڵێت زوحاک هەر نەمرودە و ئەو لە زمانی ئیبن کەلبی ئەوە دەگێڕێتەوە و ئەم بابەتە لای ئیبن خەلدون دووبارە کراوەتەوە و چەندین سەرچاوەی تری ئیسلامی ئاماژەی پێکردووە.
لە ڕاستیدا هەتاوەکو چوار سەد ساڵ لەمەوبەر کورد کە مێژووی خۆی گێڕاوەتەوە، بنەچەی خۆی گەڕاندۆتەوە بۆ یەکەم پاشای دوای لافاوەکە و بە (کوردوم شا) ناوی هێناوە و کورد دەڵێت ئەو پاشایە شەش سەد ساڵ ژیاوە. ئەولیا جەلەبی دەڵێت “لە دوای تۆفانی نوح یەکەم شوێن شاری جودی ئاوەدان کراوەتەوە، دوای ئەو قەڵای شەنگار و سێیەم مەیفاریقینە. بەڵام خاوەنی شاری جودی کە کوردوم شایە و ئۆمەتی نوح بووە، شەش سەد ساڵ ژیاوە و بە نێو هەموو کوردستاندا گەڕاوە”.
هەمان پاشا کە کورد ئاماژەی پێکردووە، لە تەوراتدا بە نەمرود باس کراوە کە یەکەم پاشا بووە لە جیهاندا و دوای لافاوەکە پەیدا بووە و شەس سەد ساڵ ژیاوە، تەنانەت ناوی شەنگاریش بە شێوەی (شنار) لە تەوراتدا هاتووە. واتە کوردوم شا و نەمرود هەر هەمان کەسن و ئەوانیش هەر زوحاکن. واتە ئەمانە ناون بۆ هەمان پاشا و لەگەڵ سەردەم و لە ناو خەڵکی جیاوازدا ناوەکان گۆڕاوە.
ئەم پاشایە جارێکی تر دەبەسرێتەوە بە کوردەوە. زانا و مێژوونوسی گەورەی جیهانی، ئەبوحەنیفەی دینەوەری کە خەڵکی نزیک کرماشان بووە و یەکەم کەس بووە کە نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر کتێبی تایبەتی لەسەر مێژووی کورد نووسیوە و کتێبەکەی بزرە، لە کتێبێکی تریدا کە ماوە، سەبارەت بە مێژووی جیهان نووسیویەتی بە ناوی (الاخبار الطوال) دا باس لە بنەچەی کورد دەکات. دینەوەری هاتووە چیرۆکی زوحاک دەگێڕێتەوە و ئەویش دەڵێت کە ئەو کەسانەی کە لە دەست زوحاک دەرباز دەکران و ڕوویان دەکردە چیاکان، نەتەوەی کوردیان لێ پێکهات و ئەم چیرۆکە دوایی لای مەسعودی-ش دووبارە بووەتەوە.
ئەوەی کە لە سەرچاوەکاندا دەردەکەوێت ئەوەیە کە ڕاستە چیرۆکی زوحاک وەک ئەفسانە دەردەکەوێت، بەڵام لە پشتی ئەو ئەفسانەیەوە مێژوویەکی دێرین دەردەکەوێت کە تەپوتۆزی سەردەم و فەرهەنگی جیاوازی ناوچەکەی لێ نیشتووە. زوحاک هەر نەمرودە و نەمرود هەر کوردوم شا-یە و یەکێک لە پاشا هەرە دێرینەکانی سەرەتای مێژوو بووە و دەسەڵاتدارێکی بەهێزی زۆردار بووە و هەر لە ناو خەڵکی خۆیدا پاشا بووە. لە ڕاستیدا فارسەکان کاتێک لە تۆماری مێژوودا دەرکەوتوون، کە ئەو چیرۆکە بە شیوەی جیاواز بۆ هەزاران ساڵ بووە لە ناوچەکەدا دەگێڕدرایەوە.
ئەم پاشایە نەبەتی و ئاشوری و عەرەبیش خۆیان کردۆتە خاوەنی و عەرەبەکان زوحاکیان بە خەڵکی یەمەن داناوە و بەپێی سەرچاوە یۆنانیەکان، هەتاوەکو نزیکی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر، ئاشوریەکانیش خۆیان بۆ (نینۆس) گەڕاندۆتەوە، کە (نینۆس) دیسان هەر ناوێکی تری نەمردود بووە کە ئەمڕۆ ناوی شاری (نەینەوا) ی لی دروست کراوە.
سەرەڕای هەوڵی نەتەوە جیاوازەکان بۆ لەبەرکردنی فەرهەنگی نوێ بۆ جەژنەکە، چیرۆکی زوحاک لە سەرچاوەی جیاواز و لە شوێنی جیاوازدا بە ناوی جیاواز و بە شێوەی جیاواز دەردەکەوێت، بەڵام ڕەگە کوردیەکەی چیاکانی کوردستان و خەڵکی کوردی لێنابێتەوە و لە ئەفسانەی دروستبوونی کورد دا لەلای ئەبوحەنیفەی دینەوەری و مەسعویدا دەردەکەوێت و بەوجۆرە چیرۆکی بنەچەی کورد لە سەرچاوەی جیاواز و لەلای خەڵکی جیاواز بە زوحاکەوە بەسراوە. لە هەمان کاتدا بەپێی سەرچاوەکان زوحاک خۆی نەمرود بووە و هەمان ئەو نەمرودە هەتاوەکو چوار سەد ساڵ لەمەوبەر کورد سەبارەت بە بنەچەی خۆی، بە کوردوم شا باسی لێوەکردووە و دیسان بەستوویەتی بە بنەچەی خۆیەوە. لە ڕاستیدا زۆربەی سەرچاوە مێژووییەکان بە هیچ جۆرێک کاوە و زوحاک وەک خەڵکانی سەر بە دوو نەتەوەی جیاواز باس ناکەن و وەک یەک دەیانبینن.
ئەم جەژن و ئەفسانەیە بە دڵنیایی فەرهەنگی ئاشوری، نەبەتی، جویی، فارسی، عەرەبی،…. تێکەڵ کراوە، بەڵام وەک ئاماژەی پێکرا سەرەڕای گێڕانەوەی هەمان چیرۆک لە لایەن نەتەوەی جیاوازەوە و بە ناوی جیاوازەوە، زۆرجار کە تەپوتۆزی مێژوو و بۆچوونی نەتەوە نوێکان دەتەکێنیت، ڕەگە کوردیەکە ڕوون دەبێتەوە و دەردەکەوێت کە چیرۆکە دیرینەکانی چیاکانی کوردستان چۆن هەتاوەکو ئەمڕۆ بە زیندوویی لە ناو فەرهەنگ و نەتەوەی جیاوازدا خۆیان مات داوە. ئەم داستانە کاریگەری نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کەوتۆتە سەر و ئەفسانەی زوحاک زیاتر لە ژێر کاریگەری ئەواندا دروست بووە بەڵام بەرگە کوردیەکەی لێ نەبووەتەوە.
لەوانەیە بگووترێت بۆچی بۆچوونە کوردیەکە ڕەگی ئەفسانەکە بێت و بۆ بۆچوونی نەتەوەکانی تر بنەچەی بابەتەکە نەبێت؟ وەڵامەکەی ئەوەیە کە بۆچوونی کورد لەگەڵ مێژووی ئاسەوارەکانی کوردستان و ناوی شوێنەکاندا گونجاوە. ئەو ناوچەیەی کە کورد ئاماژەی پێ دەکات، کە چیای جودی و مەیفاریقین و شەنگارە، لە نزیک ئەوێدا کۆنترین ئاسەواری مێژوویی هەیە و پەرستگەیەکی تەمەن دوانزە هەزار ساڵەی تێدا دۆزراوەتەوە و ئێستاکەش شەنگاری دێرین هەر شارێکی کوردیە و ناوی نەمرود هەر لە نزیک شاری موسڵی ئەمڕۆ ناوی شوێنێکە. ئەو شوێنەی کە شوێنەوارەکانی دەیسەلمێنێت کە بنەچەی شارستانیەتی مێسۆپۆتامیا لەوێوە هەڵقوڵاوە، کورد بنەچەی خۆی بەوێوە بەستووە و هێشتا ناوە دێرینەکەی کورد، “جودی/گوتی/کوتی” بە شاخەکەوە ماوە.
جا با چیتر ئەم جەژنە دێرینەی چیاکانی کوردستان لە خۆمان تێک نەدەین و با قبوڵی بکەین کە ئەم جەژنە ئەفسانە و بۆچوونی سەردەم و نەتەوەی جیاوازی لێنیشتووە، بەڵام لەبری ئەوەی بێ بنەما جەژنێکی مێژوویی دێرین لە خۆمان بکەین لە خۆمان، با لەگەڵ نەتەوە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێمەش بەپێی بۆچوونی خۆمان ئەو جەژنە بگێڕین و بیربکەینەوە چۆن بە جلی کوردیەوە لە بەردەم ئاگرە دێرینەکەی باوباپیرانماندا خۆشی ببینین، لەبری ئەوەی کە ئەو فەرهەنگە دێرینە بکەینە کێبڕکێیەکی نەتەوەیی بێمانا.
جەژنتان پیرۆز و بێ دوودڵی با هەموومان جەژنی باوباپیرانمان بە خۆشی بگێڕین و لەگەڵ سروشتدا ئێمەش ئەم ڕۆژە بکەینە ڕۆژی زیندووکردنەوە و بوژانەوەی فەرهەنگی کوردی.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
سەرچاوەکان
– ابن الأثير (٢٠١٠) الكامل في التاريخ [ئەنتەرنێت]، موقع الوراق. دەست دەکەوێت لە: <http://www.4shared.com/office/JmKBp7sX/___.htm> [سەردان کراوە لە ١/١٢/٢٠١٠] – ابن خلدون (٢٠٠٠)، تاریخ ابن خلدون، دار الفکر، بیروت.
– – حەمەڕەش، سۆران (٢٠١٣) کورد کێیە؟، لەلایەن نووسەرەوە چاپکراوە، لەندەن.
– الحموي، یاقوت (٢٠١٠) معجم البلدان [ئەنتەرنێت]، موقع الوراق. دەست دەکەوێت لە: < http://search.4shared.com/…/%D9%85%D8%B9%D8%AC%D9%85%20%D8%…>. [سەردان کراوە لە ١٨/١١/٢٠١٠] – الدینوري، ابو حنیفة احمد بن داود (١٨٨٨) الاخبار الطوال، مطبعة بریل، مدینة لیدن.
-سیاحەتنامەی ئەولیا چەلەبی، ١٩٧٨، ئەمیندارێتی گشتی ڕۆشنبیری و لاوان
– المسعودي (٢٠١١) مروج الذهب [ئینتەرنێت]. الموسوعة الشاملة. دەست دەکەوێت لە: <http://islamport.com/d/3/tkh/1/133/2652.hml>. سەردان کراوە لە [سەردان کراوە لە١٣/٨/٢٠١١] – Dietrich, B. C. (2004) The Origins of Greek Religion, Bristol Phoenix Press, UK.
– Garnier (1909) The Worship of the Dead, Рипол Классик.
– Johnston, S. I. (2004) Religions of the Ancient World: A Guide, Harvard University Press, USA.
– Morier, J. J. (1818) A Second Journey through Persia, Armeia and Asia Minor to Constantinople between the years 1810 and 1816, Longman, Hurst, Rees, Orme and Brown, London.

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …