Home / بەشی مێژووی كورد / ناوی “کرماشان” و “کرمانشاه” کامیان دروستە و بنەچەی ناوی ئەو شارە کوردستانیە لە کوێوە هاتووە؟

ناوی “کرماشان” و “کرمانشاه” کامیان دروستە و بنەچەی ناوی ئەو شارە کوردستانیە لە کوێوە هاتووە؟

12371096_979097165459284_3021036926525886711_o

نووسینی: سۆران حەمەڕەش
هەندێک لە ناوی گوند و شارۆچکە کوردیەکان گەلێک دێرینن و ماناکانیان لەبیرکراون، بۆیە بۆ لێکدانەوەی ناوەکانیان پێویستمان بە سەرچاوەی مێژوویی و ئاشنایی بە زمانە دێرین و هەندێک جار زمانە مردووەکان دەبێت. بە داخەوە زۆر لە سەرچاوە کوردیەکان هەوڵ دەدەن تەنها بە زمانی ئەمڕۆ ناوی دێرین لەیەک بدەنەوە بێ پەنابردن بۆ سەرچاوەکان، ئەو ڕێگایە زۆرجار بە هەڵەدا دەمانبات. لە هەمان کاتدا هەندێک جار مێژوونوسی کورد هێندە بێ باوەڕە بە زمانەکەی خۆی، دەستبەجێ قبوڵی لێکدانەوە لەسەر بنەمای زمانی نەتەوە داگیرکەرەکان دەکات لەبری لێکدانەوە بە زمانی کوردی و بە تایبەت زمانی دێرینی کوردی. بۆ نموونە هەندێك مێژوونوس بێ هیچ پرسیارێک و گومان دروستکردنێک، ناوی “کرمانشاه” یان قبوڵ کردووە لەبەر ئەوەی کە ئەوە بۆچوونی فارسەکانە لەسەر ناوەکە و بەوجۆرە باڵادەستی سیاسی ئەمڕۆیان لە لایەنی زمانەوانی و مێژوویشدا قبوڵکردووە. لە ڕاستیدا کۆنترین ناوهێنانی شاری کرماشان لە سەرچاوە ئیسلامیەکاندایە و ناوی کرماشان لە سەرچاوە ئیسلامیەکاندا بریتیە لە (قرماسین، قرماشین) و چەند شێوەیەکی تر، نەک (کرمانشاه). بۆ نموونە حەمدوڵای مستەوفی، زیاتر لە شەش سەد ساڵ لەمەوبەر، سەبارەت کرماشان دەڵێت لە کتێباندا بە قرماسین ناوهێنراوە، سەرەڕای دەرخستنی ئەو ڕاستیە، ئەو لەژێر کاریگەری فەرهەنگی فارسیدا، بە (کرمانشاهان) ناوی دەهێنێت. واتە (کرمانشاه) ناوێکی نوێیە و بەڵگەیەک نیە کە بیسەلمێنێت ئەو ناوە دێرینە و هەر وەک مستەوفی ئاماژەی پێکردووە لە بەڵگەنامە دێرینەکاندا، ناوی (قرماسین/قرماشین) ناوە دێرینەکەی ئەو شارەیە نەک (کرمانشاه).
بەپێی سەرچاوەکان بارامی چوارەمی ساسانی، لە سەدەی چوارەمدا ئەو شارەی دروست کردووە. پێشتر لە سەردەمی میدەکاندا ئەو ناوچەیە بەشێکی گرنگی وڵاتی مید بووە، بەڵام ووردەکاری سەبارەت سەردەمی دێرینی ئەو شارە نازانرێت. عەرەبە موسوڵمانەکان لە ساڵی ٦٤٠ ز دا ئەو شارەیان داگیرکرد و خستیانە ژێر دەستی خۆیانەوە. دوای ئەوەی عەرەبە موسوڵمانەکان گەیشتنە کوردستان و ناوچەکە، زۆربەیان لە دوو شاری سەرەکی نیشتەجێ بوون؛ بەسرە و کوفە. عەرەبەکانی بەسرە ناوچەی نەهاوەندیان گرت و عەرەبەکانی کوفە ناوچەی دینەوەریان گرت. داهاتی ناوچە کوردیەکان داهاتێکی زۆر بوو، بەشێک لە داهاتی ناوچەکە درا بە عەرەبەکانی بەسرە و بەشەکەی تری بە کوفە. بۆیە ناوچەی نەهاوەند ناونرا (ماه البصرة) و ناوچەی دینەوەر(ماه الکوفة)، واتە “میدیا بەسرە” و “میدیای کوفە”. واتە بەپێی سەرچاوە ئیسلامیەکان، ناوچەی دینەوەر کە نزیک کرماشان بوو هەر ناوی وڵاتی میدی پێوە مابوو و هەتاوەکو هاتنی عەرەبەکانیش کرماشان بە وڵاتی میدەکان ناسراو بووە.
دەبێت ئەوە بزانرێت کە لەگەڵ هاتنی عەرەبە موسوڵمانەکاندا، دوو زمانی ئارامی و پەهلەوی لە هەموو زمانەکانی تر زیاتر بۆ نووسین بەکاردەهاتن. لە ڕاستیدا ناوی وڵاتی مید هەر لە وشەی (meh) ی پەهلەویەوە هاتووە و وشەکە لە زمانی پەهلەویدا مانای (مەزن) ی کوردی دەدات. دەبێت ئەوە بزانرێت هەتا لە ناوجەرگەی کوردستان بەرەو ڕۆژئاوا دوور بکەویتەوە، هەندێک پیتی (س) لە زاراوە کوردی و زمانە خزمەکاندا دەبێتە (ه). بۆ نموونە (ماسی) کوردی دەبێتە (ماهی) فارسی، (ئاسک) دەبێتە (ئاهو)، بە هەمان شێوە وشەی (مێه) ی پەهلەوی لە کوردی نوێدا بەشێوەی (مەس) دەردەکەوێت کە مانای (مەزن) دەدات. لە زمانی کوردی کۆن/میدیدا وشەی masa مانای (مەزن) دەدات. واتە بە زمانی خەڵکی ناوچەکە و میدەکان خۆیان (ماسە/مەسە) بووە و ئەوەی کە ئەو بۆچوونە دووپات دەکاتەوە ئەوەیە کە لە کارنامەی ئەردەشیری پاپەگاندا ناوی پاشای کوردی میدی بەشێوەی (کوردان شاه ماسی) هاتووە. واتە بەپێی سەرچاوەکان بۆمان دەرکەوت کە میدەکان بە خۆیان گوتووە (ماسە/مەسە) و بە مانای (مەزن) هاتووە و ئەمڕۆش لە کوردی نوێدا وشەکە ماوە (بابەتی ناوی میدەکان لە کتێبەکی “کورد کێیە؟” دا بە ووردی خراوەتە ڕوو).
لە ڕاستیدا ناوی کرماشان لە بنەچەدا بریتی بووە لە (کوردماسان/کوردماسیان) کە وشەکە پێک هاتووە لە (کورد+ماسە+ ان/یان). (کورد) ناوی نەتەوەی کوردە و (ماسە/مەسە) ناوی میدەکانە و پاشگری (ان/یان) لە کوردیدا بۆ شوێن بەکاردێت. سەرچاوە عەرەبیەکان کە لە زمانی ئارامیەوە ناوەکەیان وەرگرتووە و ئارامیەکان خۆیان ناوی کورد دەکەنە (قرد) و دوای ئەوەی کە پیتی (د) لای کورد خوراوە ( لە کوردیدا زۆر جار (کوردستان) دەکرێتە (کورسان))، ئەو ناوە لە زمانی عەرەبیدا کە بۆ سەردەمانێک زمانی دەسەڵات بووە، بە شێوەی (قرماسین/قرماشین) تۆمار کراوە کە لە خەڵکە کوردەکەیان وەرگرتووە و ئەوان بە (کورماسان/کورماسین) ناویان هێناوە. لەگەڵ کاتدا پیتی (س) گۆڕاوە بۆ (ش) کە ئەوە لە زمانی کوردیدا ڕوو دەدات. بۆ نموونە پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر وشەی (شێلان) بریتی بووە لە (سێلان).
بەو جۆرە مانای ناوی کرماشان بریتی بووە لە (شوێنی کوردە میدەکان/ناوچەی کوردە میدەکان) و ناوی (کوردە میدەکان) لە کارنامەی ئەردەشیری پاپەگان کە تەمەنی نزیکی هەزار و پێنج سەد ساڵە و هەروەها لە سەرچاوە ئەرمەنیەکانیشدا نزیکی هەزار ساڵ لەمەوبەر هەر بە هەمان شێوەی (کوردە میدەکان) هاتووە. هەروەها شوێنی شارەکە کە ناوچەیەکی گرنگی میدەکان بووە و سەرچاوەی مێژوویی و زمانی کوردی نوێ و دێرین، پشتگیری لەو بۆچوونە دەکەن. بەو جۆرە گۆڕینی ناوی (کرماشان) بەشێکە لە هەوڵی فارس بۆ گۆڕینی ناوی ناوچەکانی وڵاتی میدیدا. هەوڵی گۆڕینی ناوەکان لەگەڵ زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهڵاتی وڵاتی بە ناو ئێرانی ئەمڕۆدا کراوە. بۆ نموونە شوێنەکانی وەک (دەماوەند، ئەسفەهان، ئەلبورز، ئازەربایجان)، لە ژێر ئەو کاریگەریەدا ناوەکەیان گۆڕاوە.
لە ڕاستیدا ئەوەی تورک و عەرەب کردوویانە بۆ گۆڕینی ناوە کوردیەکانی ناوچەکە، لەلایەن فارسەکانیشەوە کراوە، بەڵام ئەوەی فارسەکان دێرینترە و لە ئەنجامدا بەهۆی دێرینی هەوڵەکانیانەوە خەڵک بێ ئاگا بووە لەو ڕاستیە. ناوی شاری کرماشان لە ئەنجامی ئەو هەوڵەدا لە نووسینی فارسیدا گۆڕاوە.
پێشتر هەوڵی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵات بۆ گۆڕینی ناوە کوردیە ڕەسەنەکانی ناوچەکە لە بابەتێکدا ڕوونکراوەتەوە، هەر وەک لەم لینکەی خوارەوەدا خراوەتە ڕوو.
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=858320540870281&set=pb.100000770292893.-2207520000.1450035369.&type=3&theater
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبینی: لە کتێبی “کورد کێیە؟” دا بابەتی ناوی کرماشان ڕوون نەکراوەتەوە، بەڵام بەشێکی گەورە دانراوە بۆ ڕوونکردنەوەی ناوی میدەکان و ئەوەی کە میدەکان لەسەردەمی حوکمڕانیاندا چ ناوێکیان بە ئاماژەکردن بە خۆیان بەکارهێناوە. سەرچاوەی زانیاریەکانیش هەمووی لەو کتێبەدان.

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …