Home / بەشی مێژووی كورد / موکریان؛ ناوێکی نوێ یان هەزاران ساڵ دێرین؟

موکریان؛ ناوێکی نوێ یان هەزاران ساڵ دێرین؟

10926264_831126826922986_7992673340781226842_o

نووسینی: سۆران حەمەڕەش
پێم وایە بۆ لێکدانەوەی ناوی ناوچە و شوێنەکانی کوردستان نابێت تەنها پەنا بۆ خەیاڵی خۆ ببرێت و بە زمانی ئەمڕۆ ناوی شوێنەکان لێکبدرێتەوە؛ بەداخەوە لە لێکدانەوەی ناوی ناوچەکانی کوردستاندا هەندێک جار ئەو هەوڵە بەدیدەکرێت. بۆ نموونە دەڵێن “دیجلە” لە “دەچڵە” وە هاتووە، ئەم بۆچوونە دوورە لە ڕاستی و زیاتر لەسەر بنەمای خەیاڵات دانراوە. لە ڕاستیدا بۆ تێگەیشتن لەو ناوانە زۆرجار پێویستمان بە ئاشنایی بە زمانە دێرینەکان و هەروەها سەرچاوەی مێژوویی بۆ ئاماژەکردن بە ناوەکان دەبێت، دەنا زۆر لێکدانەوەمان بۆ ناوەکان زیاتر وەک خەیاڵی شەخسی دەمێننەوە لەبری لێکدانەوەیەکی زانستی. ئەوەی کە بۆ من مایەی سەرنجە، هەموو جارێک لە کاتی لێکدانەوەی ناوی ناوچەکانی کوردستاندا، دێرینی و دەوڵەمەندیی فەرهەنگ و مێژووی کورد دەکەوێتە ڕوو.
ناوی موکریان- یش یەکێکە لەو ناوە سەرنج ڕاکێشانە. “موکریان” ناوی میرنشین و ناوچەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە دووبەش پێکهاتووە (موکر+ یان). پاشگری (یان) پاشگرێکی هوری/میدی/کوردیە، کە مانای (وڵات، شوێن، ماڵ) دەدات. فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە وشەی “یان” بە مانای “جێگەی ئیسراحەتی گشتی” و وشەی “یانە” بە مانای “ماڵ، خانوو، جێی سانەوە”. وشە و پاشگری “یان” لە ڕابردووی دێریندا لە زمانی کوردیدا زۆر بە فراوانی بە مانای (وڵات/ناوچە) بەکارهاتووە، بۆیە لە ناو گوند و شار و دەڤەردا بەدی دەکرێت. ئەو پاشگرە چووەتە زمانی یۆنانیشەوە و یۆنانیەکان پاشگری (ene) بەکاردەهێنن نۆ ئاماژەکردن بە ناوچە.
بۆ نموونە گوندی (ولیان) کە نزیک قەرەداخە، ناوەکەی پێکدێت لە (ول+یان) کە ماناکەی لە کوردیدا دەبێتە (شوێن/ناوچەی گوڵ)، بەشی یەکەمی ناوەکە “ول” وشەیەکی سۆمەری/کوردیە بە مانای “گوڵ” و بەشی دووەمی وەک ئاماژەم پێکرد کوردی/هوری/میدیە. بە هەمان شێوە “گەرمیان” ماناکەی دەبێتە (ناوچە/دەڤەری گەرم). پاشگر و وشەی “یان” بەرامبەر وشەی “بیت” ی ئارامی و “ستان” بەکارهاتووە، بۆیە ناوی “گەرمیان” ی کوردی لە ئارامیدا بووەتە “بیت گەرمای” و “کوردیان” کراوەتە “بیت قاردو/کاردو” و بە هەمان شێوە ناوەکانی “گەرمیان” و “گەرمستان” هەمان مانا دەدەن. وشە و پاشگری “یان” لە کوردیدا زۆر دێرینە و لە سەرچاوەکاندا وادەردەکەوێت کە بەکارهێنانی “ستان” لە کوردستاندا، هێندەی “یان” دێرین نەبێت.
بەشی دووەمی ناوی موکری کە پێکهاتووە لە “موکر” لە ئێستادا وازی لێدەهێنین و سەیری سەرچاوە مێژووییەکان دەکەین. لەوە دەچێت یەکێک لە سەرچاوە دێرینەکان کە ئاماژە بە ناوی موکریان بکات، کارنامەی ئەردەشیری پاپگان بێت. ئەم سەرچاوەیە بە زمانی پەهلەوی لە نزیکی سەدەی شەشەمی زاینیدا نووسراوە و باس لە ڕووداوەکانی سەدەی سێیەمی زاینی دەکات . لە کارنامەدا “موکریان” بە “مۆکریستان” ئاماژەی پێکراوە. لەو سەرچاوەیەدا لە ئاماژە بە هەوڵی ئەردەشیر بۆ کۆکردنەوەی سوپا لە دژی ئەردەوان دا دەڵێت “ژمارەیەکی زۆر سەربازی کۆکردەوە لە مۆکریستان، سپاهان “ئەسفەهان” و ناوچە جیاوازەکانی پارس و هات بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئەردەوان.”
لە ڕاستیدا ئەوانەی کارنامەیان نووسیوە هاتوون پاشگری کوردی/هوری/میدی “یان” یان تەرجومە کردووە بۆ “ستان”، دەنا ناوەکە هەمان ناوە. ئەوەی ئەو سەرچاوەیە پێمان دەڵێت ئەوەیە کە ناوی “موکریان” لە سەدەی شەشەمی زاینیدا هەبووە، کە ئەوە دەیسەلمێنێت ناوەکە لە سەدەی شەشەمی زاینی دێرینترە.
یەکەم هەوڵ بۆ لێکدانەوەی ناوەکە لەلایەن شەرەفخانی بدڵیسیەوە بووە کاتێک کە سەبارەت بە بنەچەی فەرمانڕەوایانی موکری دەڵێت “کابرایەک بە ناو سەیفەدین سەرزنجیرەی سەردارانی موکری بووە و زۆر بە مەکر و داهۆ بووە و بە مەکری ناوی دەرچووە و دەشکرێ مەکرۆی پێ بڵێین. خوا دەزانێ.” هەر لەوێدا مامۆستا هەژار بۆچوونی خۆی لەسەر ئەوە داوە و ئەو بۆچوونەی پێ ڕاست نەبووە و بۆچوونی مامۆستا جەمیل ڕۆژبەیانی لا پەسەند بووە بۆیە دەڵێت “ئەمە ڕاست نیە و ناوی موکری زۆر لە مێژینترە و ڕەنگە لە “مغری” وە هاتبێت؛ واتا ڕێگەی موغان. جەمیل”.
بۆچوونەکەی شەرەفخان و مامۆستا جەمیل، هەردووکیان لێکدانەوەی شەخسین و ناتوانرێت متمانەیان بکرێتە سەر. یەکەمیان هەوڵێکە بۆ پەنابردن بۆ وشەی عەرەبی “مکر” کە کارنامەی ئەردەشیری پاپگان دەیسەلمێنیت ناوەکە پێش کاریگەری زمانی عەرەبی هەبووە و ئەوەی دووەمیشیان لە ژێر کاریگەری بۆچوونی گەڕاندنەوەی فەرهەنگی کوردیە بۆ زەردەشتی و مامۆستا جەمیل نەیتوانیوە پشتگیری تەواو لە بۆچوونەکەی بکات و بەڵگەی بۆ بهێنێتەوە و تەنها بۆچوونێکی بێ پشتگیریە.
لە ڕاستیدا ناوەکە نزیکی سێ هەزار و دوو سەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر تۆمارکراوە، کاتێک کە پاتشای ئاشوری “توکوڵتی- نینورا” هێرش دەبات بۆ ناوچەکە و بە “مات مێخری/مێخرو” ناوی دەبات. دەبێت ئەوە بزانرێت کە وشەی “مات” لە زمانی ئاشوریدا مانای (خاک/ناوچە) دەدات و وشەی “مێخر/مێخرو” ئاماژەیە بۆ “داری سنەوبەر”. بەو جۆرە لەو زمانەدا مانای (وڵات/دەڤەری دارسنەوبەر) ی داوە. ئەوەی کە ئەو بۆچوونە بەهێز دەکات ئەوەیە کە سەرچاوە ئاشوریەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاشور ناسر پاڵ لە هێرشیدا بۆ ناوچەکە لەگەڵ خۆیدا “داری مێخر/مێخرو” ی هێنایەوە بۆ دروستکردنی پەرستگەی عەشتار لە نەینەوا. وا دەردەکەوێت کە کوردە دێرینەکان وشەی “میخری/میخرو” ی ئاشوریان وەک خۆی هێشتبێتەوە و “مات” ی ئاشوریان تەرجومەکردبێت بۆ پاشگری “یان” ی کوردی/هوری/میدی و ناوەکە بە کوردی دێرین کرابێتە “مێخریان”. دوایی ناوەکە زیاتر کوردێنراوە و کراوەتە “موکریان”.
شەرفخان ئاماژەش بەوە دەکات کە “دەشێت مەکرۆی پێ بڵێن.” کە ئەوە دیسان پشتگیری لە بنەچەی وشە ئاشوریەکە دەکات کە “میخرو/میخری” بووە و کورد کردوویەتە “مەکرۆ” و “مەکرۆیان/موکریان”. واتە ناوی “موکریان” نیو کوردی/هوری/میدی و نیوەکەی تری ئاشوریە.
نازانرێت کە ئایا پێش هاتنی ئاشوریەکان ناوچەکە ناوێکی دێرینتری کوردی پەیوەست بە دارسنەوبەری هەبووبێت یان نا، لەبەر ئەوەی کە سەرچاوەکان سەبارەت ناوچەکە هەتاوەکو سێ هەزار و دوو سەد وپەنجا ساڵ لەمەوبەر بڕدەکەن. بەو جۆرە وەک لە ڕێگای سەرچاوەکانەوە ڕوونکرایەوە، ناوی “موکریان” ناوێکی دێرینە و مانای ناوەکە بریتیە لە “وڵات/دەڤەری دارسنەوبەر”، کە بەشی یەکەمی ناوەکە کە “موکر” ه، بنەچە ئاشوریە و کوردێنراوە و کراوەتە “موکر” و بەشی دووەمی ناوەکە بریتیە لە “یان” ی کوردی/میدی/هوری.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
وێنەکە: وێنەی کۆمەڵێک ئافرەتی ناوچەی موکریانە کە لە سەدەی ڕابردوودا گیراوە.
سەرچاوەکان
– بەدڵیسی، شەرەفخان (٢٠٠٦)، شەرەفنامە، دەزگای ئاراس، کوردستان-عیراق
– حەمەڕەش، سۆران (٢٠١٣) کورد کێیە؟، لەلایەن نووسەرەوە چاپکراوە، لەندەن.
– Bruce, T. (2006) The Routledge Handbook of the Peoples and Places of Ancient Western Asia, The Routledge, UK.
– King, L.W. (1904) Studies in Eastern History. Records of the reign of Tukulti-Ninin 1, King of Assyria about 1275 B.C, Luzac and Co., London.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …