Home / بەشی مێژووی كورد / مانایەکان، ئەوانەی کە زیاتر لە سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر و سەدان ساڵ لە پێش میدەکانەوە حوکمڕانی کوردستان بوون و لە ناوچەی موکریاندا بە کوردی دەدوان، کێ بوون؟

مانایەکان، ئەوانەی کە زیاتر لە سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر و سەدان ساڵ لە پێش میدەکانەوە حوکمڕانی کوردستان بوون و لە ناوچەی موکریاندا بە کوردی دەدوان، کێ بوون؟

11838691_940440412658293_6626010611483196272_o

نووسینی: سۆران حەمەڕەش
پێم وایە نووسینەوەی مێژووی کورد لە زۆر ڕووەوە ناهاوسەنگە و گوزارش لە ڕووداوە مێژوویەکان بە دروستی ناکات. هەتاوەکو ئەمڕۆش سەرەتای زۆر کتێبی ئەکادیمی کوردی بە هەقایەتی ئاریەکان و چۆنێتی کۆچکردنی میدەکان بۆ کوردستان دەستپێدەکەن. وەک ئەوەی کە میدەیان کۆچکردو بووبن و مێژووی کورد لە میدەکانەوە دەستیپێکردبێت. ئەمە وایکردووە کە لە هزری تاکی کورد و تەنانەت خەڵکانی ئەکادیمیشدا قورسایی هەموو شتێک بە لای میدەکاندا ناهاوسەنگ بکرێت و هەوڵ نەدرێت کە باشتر لەو مێژووە و ووردەکاریەکانی بکۆڵرێتەوە. یەکێک لە قوربانیەکانی ئەو ئاڕاستەی کارکردنە مانایەکانە.
مانایەکان خەڵکانێک بوون کە زیاتر لە سێ هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا حوکمڕان بوون. ناوەندی دەسەڵاتیان موکریان بووە و ئازەربایجانی ئەمڕۆشی گرتۆتەوە. لەگەڵ ڕووداوەکاندا قەڵەمڕەوی دەسەڵاتیان لە هەڵکشان و داکشاندا بووە و هەندێک جار و لەگەڵ فراوانی دەسەڵاتیاندا قەڵەمڕەوی دەسەڵاتیان شاری سلێمانی ئەمڕۆشی گرتۆتەوە. بە تایبەت پێش ڕوخانی دەوڵەتی ئاشوری، دەسەڵاتی مانایەکان لە ناوچەی ناوەندی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئاشوری نزیک بوو بووەوە.
ناوی مانایەکان: وشەی (مانا) لە زمانی میدیدا واتای (هزر، هۆش) دەدات، لە کوردیدا وشەی (مینە) واتای (توێژینەوە، پشکنین، شیکردنەوە) دەدات و (مانا) واتای (لێکدانەوەی شتێک) دەدات و لە زمانی ئینگلیزیشدا بە شێوەی mean دەردەکەوێت کە هەر هەمان واتای (مانا) ی کوردی دەدات. لەبەر ڕۆشنایی ئەو لێکدانەوانەدا، پێ دەچێت مەبەستی ناوەکە خاوەن هۆش و زانایی و هزر بێت. ئەم ناوە لە ناوی پێغەمبەر مانی (٢١٦ز-٢٧٤ز) دا دیسان دەرکەوتووە. بەڵام ئەوەی کە مایەی سەرنجە لە ناوی مانایەکاندا، ئەو ناوەیە کە بە زمانی ئەکەدی ئاماژەیان پێ کراوە بە شێوەی (مانایکانو). لەبەر ئەوەی کە ئەم وشەیە لە زمانی کوردیدا پێک دێت لە (مانای+ه‌ +ک+ان)؛ (مانی) ناوی خۆیان بووە و (ک) ئامرازی ناسینە و (ان) پاشگری کۆیە لە زمانی کوردیدا.
نووسین: هەتاوەکو ئێستا هیچ تێکستێکی مانایەکان نەخوێنراوەتەوە بەڵام ئەوەی کە دڵنیای دەکات مانایەکان نووسینیان هەبووە، ئەو نوسينه هێرۆگڵیفيه‌يه‌‌ کە لە سەر قاپێکی زێڕین نه‌خشێنراوه‌. ئەو قاپە له‌ ناوچەی زێوێ، لە نزیک شارۆچکەی سەقز دۆزراوەتەوە و شوێنه‌وار و ئاسه‌واری مانایەکان بووە. بەداخەوە ئەو نووسینە نەخوێنراوەتەوە و هه‌تا ئێستا نازانرێت چی لەسەر نووسراوە.
زمانی مانایەکان: وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، نووسینی مانایەکان نەدۆزراوەتەوە بەڵام لە ناو ئەرشیفی ئاشوریدا نامەی دیپلۆماسی نێوان ئاشوری و مانایەکان و تۆماری جەنگەکان و ناوی کۆمەڵێک کەسایەتی و شوێنەکانی ناوچەی مانایەکان ئاماژەیان پێکراوە. لەو ناوانەدا دەردەکەوێت کە مانایەکان نەك بە سەرەتای زمانی کوردی بەڵکو بە زمانێکی زۆر نزیک لە کوردی ئیمڕۆ قسەیان کردبێت. ئەمانەی خوارەوە هەندێک لە ناو و وشەکانیانن:
وەستاڕیبەر: لەوانەیە هەندێک کەس بڵێن کێ دەڵێت ئەو وشە لێکدراوە مانای (وەستاڕێبەر) ی کوردی ئەمڕۆ دەدات، بەڵام خۆشبەختانە لە پەنا ئەو وشەیەدا ماناکەی بەزمانی ئاشوری لێکدراوەتەوە بە مانای (وەستا)، بۆیە وشەکە کوردی ئەمڕۆیە.
ئازا: ناوی پاشایەکیان بووە.
شوانەداوڵ: کە وەک (شوانەدۆڵ) ی ئەمڕۆ دەردەکەوێت و ناوی شوێنێک بووە.
ئاوکانێ: کە وەک (ئاوکانی) ئەمڕۆ دەردەکەوێت و ناوی شوێنیک بووە.
شاکنو: بۆ ئاماژەکردن بە دەسەڵاتدارە ناوچەییەکان بەکارهاتووە کە لەوە دەچێت هەر (شاکان) بووبێت و لە کاتی نووسینی بە زمانی ئاشوری گۆڕانکاری لە وشەکەدا ڕوویدابێت. سەرنج دەدرێت لە کۆتایی زۆر وشە دێرینە کوردیەکاندا پیتێکی (و) هەبووە کەئەمڕۆ نەماوە و لە هەندێک لە لادێکاندا ئەمڕۆ دەنگێک هەیە کە لە شاردا نەماوە و لەوە دەچێت پاشماوەی ئەو دەنگە (و) وە دێرینە بێت .
بەگداتی: ئەم ناوە هەر (بەگزادە) یە. ئەو گۆڕانکاریەی کە ڕوویداوە ئەوەیە کە لە کاتی نووسینیدا بە زمانی ئاشوری پیتی (ز) ی کوردی کراوەتە (د) و پیتی (د) کراوەتە (ت) کە ئەوە زۆر جار ڕوویداوە. ئەوەی کە مایەی سەرنجە هەتاوەکو ئەمڕۆش هۆزی بەگزادەکان هەر لە ناوچەی ورمێ نیشتەجێن کە ناوەندی دەسەڵاتی مانایەکان بووە.
بەگبەرتو: ناوی خوایەکی مانی بووە. وشەی (بەگ) لە زمانی میدیدا یەکێک لە ماناکانی (خودا) بووە کە ئەمڕۆ لە زمانە سلافیەکاندا هەمان مانای ماوە و وشەکەی تر (بەرت/بەرد) ی کوردیە کە لەگەل بیروباوەڕی ئەو سەردەمەدا گونجاو بووە لەبەر ئەوەی لەو سەردەمەدا پێیان وابووە شتە هەمیشەییەکان خودای خۆیان هەیە. بۆیە خوای ڕووبار و ئاسمان و باران… هەبووە و ناوەکە هەر (بەگبەردی) کوردی ئەمڕۆیە.
شێوەی حوکمڕانی مانایەکان و پەیوەندیان لەگەڵ میدەکان:
پاشای مانایەکان بە تەنها حوکمیان نەکردووە و دەسەڵاتی بێ سنوریان نەبووە، بەڵکو دەسەڵاتیان سنوردار بووە و بە به‌شداری دەستەی پیران و کۆمەڵێک لە سەرکردە و ڕاوێژکاران حوکمڕانیان کردووە. دەبینرێت لە یەکێک لە تێکستە ئاشوریەکاندا نوسراوە کە پاشا بەیاوەری “گەورەکان، پیران، ڕاوێژکاران، بنەماڵەی پاشا، حوکمڕانەکان و سەرکردە دەسەلاتدارەکانی وڵاتەکەی بوو”. لە نامەیەکی دیپلۆماسیدا کە پاشای مانایەکان بۆ پاشای ئاشوری ناردووە و هەندێک داواکاری هەبووە، پاشای مانایەکان باسی خۆی بە تەنها ناکات بەڵکو لەگەڵ “گەورە پیاوەکان و ڕاوێژکارانی وڵاتەکەی” دا ناوی خۆی دەهێنێت. ئەمە یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی شێوەی حوکمڕانی مانایەکان بووە. له‌لای میدەکانیش زۆر جار حوکمڕانی هەر بەو شێوەیە بووە و ئەو شێوە حوکمڕانیە لای میتانی و گووتیەکانیش پەیڕەو کراوە.
وەک پێشتر باسکرا ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە هەمیشە یەک پاشای بەهێزی تەواو لەناو مانایەکاندا دەرنەکەوێت بە پێچەوانەی سیسته‌می ئاشوریەکان کە پاشاکان دەسەڵاتيان نیمچە بێ سنوور بووە. هەروەها لە هەندێک حاڵەتدا خەڵکە مانایەکان کە پاشایان بە دڵ نەبووبێت لایان بردووە و هەندێک جار کوشتوشیانە. دەبینرێت پاشایەکی وەک (ئاهشێری) کاتێک کە شێوەی حوکمڕانی بووەتە مایەی ناڕەزایی، خەڵکی ناوچەکە ڕاپەڕیون و پەلاماریان داوە و خۆی و بنەماڵەکەی لە لایەن خەڵکەکەوە لە ناو براون. ئه‌م سيسته‌می حوکمڕانيه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی کە زۆر جار دەوڵەتەکانی دەوروبەری مانایەکان بتوانن لە رێگەی ئەو دەسەڵاتە شلەوە دەست بخەنە ناو کاروباری وڵاتەکەیان و ئاشوریەکان و ئورارتوش زۆر جار بۆ بەرژەوەندی خۆیان سودیان لەم شێوەی حوکمڕانیە وەرگرتووە.
خەڵکی مانایەکان بۆ بژێوی ژیانیان متمانەیان کردۆتە سەر بەخێوکردنی مەڕوماڵات و ئەسپ. شانبەشانی ئەوانە کشتوکاڵیش بەشێکی گرنگی بژێوی مانایەکان بووە و لە ناوچەکەدا ترێ، گەنم، جۆ، هتد. کراوە. بەشێوەیەک کە گەنمی مانایەکان هەندێک سەرچاوەی وەک تەورات ئاماژەی پێ کردووە وەک جۆرێکی نایاب لە گەنم. هەروەها ئەو کەلوپەلانەی کە لە حەسەن لو دۆزراونەتەوە، نیشانی دەدەن کە مانایەکان لە کاری دەستیشدا زۆر بەتوانا بوون و کەلوپەلی کانزایی و گڵی نایابیان دروست کردووە (بڕوانە وێنەکان).
لە هەزارەی یەکەمی پێش زایینەوە مانایەکان پێگەیەکی گرنگیان هەبووە لە ناوچەکەدا به‌ڵام ئەم دەوڵەتە زۆر جار نەیتوانیوە ببێتە کيانێکی زۆر بەهێز، بەشێکی بەهۆی جەنگی بەردەوامی بەرامبەر ئاشوریەکان و ئورارتوەوە بووە. زۆر جار مانایەکان و ئاشوریەکان لەیەک بەرەدا هاوپەیمانی یەک بوون، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەندێک جار دوژمنێکی هاوبەشیان هەبووە کە ئورارتو بووە. لە ساڵی ٧٤٣ پ.ز دا مانایەکان بە هاوکاری ئاشوریەکان توانیان وڵاتە داگیرکراوەکەیان لە چنگی سەردوری دووهەمی پاشای ئوراروتو، ڕزگار بکەن کە پێشتر زۆربەی ناوچەی مانایەکان و بەشێک لە ناوچەی میدەکانی داگیر کردبوو.
دوای فراوانبوونی ناوچەی میدەکان، ناوچەی مانایەکانیش بوو بە بەشێک لە وڵاتی میدەکان. هیچ بەڵگەی مێژوویی سەبارەت به‌ ووردەکاری پرۆسەی تێکەڵبوونی مانی و میدەکانمان لەبەر دەستدا نیە. وا دەردەکەوێت کە له‌ ڕووی زمان وکۆمه‌ڵايتيه‌وه‌ زۆر نزيک بووبن و تەنها دوو زاراوەی کوردی قسەیان کردبێت، بەجۆرێک کە ناوی پاشاکانيان لەوە دەچێت لە سەرچاوە مێژووییەکانیشدا تێکەڵ کرابن. ده‌بينرێت که‌ هیرۆدۆت دیاکۆ بە یەکەم پاشای گەورەی میدەکان دادەنێت، کەچی لە سەرچاوە ئاشوریەکاندا نزیکی سێ سەد ساڵ پێش هیرۆدۆت، دیاکۆ بە پاشایەکی مانی باسکراوە. وا دەردەکەوێت که‌ بنەماڵەی حوکمڕانی مانی و میدەکان بە شێوەیەک نزيک بووبێتن کە ڕابردووی مانی و میدەکان لە سەرچاوەکاندا تێکەڵ بووبن، بۆيه‌ هیرۆدۆت بە میدی ناوی هێناوە. یاخود کە میدەکان بنەچەی پاشاکانی خۆیان بۆ هێرۆدۆت گێڕاوەتەوە، لەوێدا ئەوان هەردوو بنەماڵەی پاشاکانی مانی و میدیان بەیەک داناوە. بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە لە سەرچاوەکاندا جیاوازی نیە لە نێوان سەردەمی هەردوو پاشاکەدا و هەردووکیان لە کۆتایی هەشت سەدی پێش زایندا باسکراون و جیاوازی چەند ساڵێک لە نێوانیاندایە، بە دڵنیایی ئەو دوو پاشایە هەر هەمان کەسن.
مێژوونوسان سەبارەت بە ڕەگەزی مانایەکان زۆر ڕوون نین و زۆر جار بە هوری و هەندێک جار بە گوتی باسیان دەکەن. لە ڕاستیدا (مانای) ناوی میللەت نەبووە، بە هەمان شێوەی میدەکان ناوی بنەماڵەی حوکمڕان بووە. بۆیە زۆر جاریش ناوی مانای، میدی و هوری لەگەڵ گوتیدا تێکەڵ دەکرێن. بە بۆچوونی من ئەو شێوە تایبەتیەی جلوبەرگ و مۆسیقا و قسەکردن کە لە ناوچەی موکریان هەتاوەکو پشدەر و هەولێر بەدی دەکرێن، هەر پاشماوە و کاریگەری مانایەکانە کە هەتاوەکو ئەمڕۆ لەو ناوچەیەدا خۆی دەنوێنێت.
مانایەکان بەشێکی هەرە گرنگی مێژووی دێرینی کورد پێکدێنێن. هۆکاری سەرەکی پشتگوێ خستنیان ئەوەیە کە تێکستی خۆیان نەدۆزراوەتەوە کە بۆچوونی خۆیان سەبارەت خۆیان بخاتە ڕوو، جگە لەوە لەو سەردەمەدا کە یۆنانیەکان مێژووی ناوچەکەیان نووسیوە و ئەمڕۆ بۆ نووسینەوەی مێژوو زۆر سوودی لێ وەردەگیرێت، میدەکان مابوون و مانایەکان نەمابوون. بۆیە میدەکان زانیاری وورد سەبارەیان هەیە و مانایەکان تا ڕادەیەکی زۆر نەناسراون. جگە لەوە پاشماوە و ئاسەواری مانایەکان لە ناوجەرگەی ناوچەیەکی کوردیدایە بۆیە لە وڵاتی بە ناو ئێراندا پشتگوێخراوە.
ئەمڕۆ ئاسەواری زۆر نایابی مانایەکان لە ناوچەی جیاجیای دەڤەری موکریان دۆزراوەتەوە و هەتاوەکو ئەم ساتەی کە من ئەم بابەتە دەنووسم، ئاسەواری مانایەکان لەلایەن خەڵکی ئاسایی دەدۆزرێنەوە. بە داخەوە زۆر جار ئاسەوارەکانیان لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەت بە تاڵانی دەبرێن و هەندێک جار لەلایەن هاوڵاتی کوردەوە، هەندێک بە مەبەستی پاراستنی لە دەوڵەت و هەندێک بەمەبەستی فرۆشتنی تووشی لەناوچوون بوون. لە هەمان کاتدا لە زانکۆ و مۆزەخانەکانی وڵاتی بە ناو ئێراندا بەشێک لە ئاسەواری مانایەکان مۆرێکی داگیکردن (ئێران) ی لیدەدەن و لە ناو ئەو فەرهەنگە سەپێنراوەدا مێژوو و فەرهەنگی کوردی مانایەکان پشتگوێ خراوە و لە ئەنجامدا نە ئێران و نە کورد خۆی بایەخێکی شایستە بە مانایەکان دەدەن.
نووسینی سۆران حەمەڕەش
وێنەکان: وێنەی سێ پارچە ئاسەواری مانایاکانە.
تێبینی: ئەم بابەتە بۆ فەیسبوک کورتکراوەتەوە، درێژەی بابەتەکە لە کتێبەکەی بەندە “کورد کێیە؟” دا بە سەرچاوەکانیەوە خراوتە ڕوو.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …