Home / بەشی مێژووی كورد / سورەوەردی، پیرمەندی مەزن و سۆفی گەورەی جیهانیی کە شیعری کوردی لێ بەجێماوە

سورەوەردی، پیرمەندی مەزن و سۆفی گەورەی جیهانیی کە شیعری کوردی لێ بەجێماوە

11894656_928424697193198_4955175983356764222_o

سورەوەردی، پیرمەندی مەزن و سۆفی گەورەی جیهانیی کە شیعری کوردی لێ بەجێماوە و سەعدی شیرازی موریدی بووە و ئەمڕۆ مەرقەدەکەی شوێنەوارێکی دیارە لە شاری بەغدا، کێ بووە؟
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
چەند زانا و کەسایەتیەکی سورەوەردەی هەن کە بنەچيیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەم شارۆچکە کوردیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام دوو کەسایەتی جیهانی گەورەی ئەم شارۆچکەیە کە لە هەموویان ناسراوترن، بریتین لە سورەوەردی فەیلەسوفی خاوەنی فەلسەفەی ئیشراق و ئەوی تریان خاوەنی ڕێچکەی سۆفیگەری سورەوەردی جیهانیە. پێشتر بابەتم سەبارەت بە سورەوەردی فەیلەسوف داناوە و لێرەدا باسی سورەوەردی خاوەنی ڕێچکەی سۆفیگەری سورەوەردی جیهانی دەکرێت.
ناوی تەواوی شەهابەدین ئەبو حەفس عومەری سورەوەردیە. ئەم زاتە لە ساڵی ١١٤٤ ز لە شارۆچکەی سورەوەرد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە و لە ١٢٣٤ ز لە شاری بەغدا کۆچی دوایی کردووە. شەهابەدین لە هەرزەکاریدا ڕوو دەکاتە شاری بەغدا و دەچێتە لای مامە سۆفیە زاناکەی کە ناوی ئەبو نەجیبی سورەوەردیە. هەر بەهۆی مامیەوە دەکەوێتە ناو سوفی و زانا گەورەکانی ئەو سەردەمەی شاری بەغدا و لای شێخ عەبدولقادری گەیلانی و چەندین زانای تری ئەو سەردەمە دەخوێنێت..
لەگەڵ تەمەندا هەموو قۆناغەکانی زانستی لە شاری بەغدا خوێندوە و بووە بە کەسەیاتیەکی دیاری ئەو سەردەمەی بەغدا. هەرچەندە مامی بە دانەری سەرەتاکانی ڕێچکەی سورەوەردی دادەنرێت، بەڵام لەسەر دەستی شەهابەدین دا بوو کە ڕێچکەکە بناغەیەکی پتەوی دانا و هەر ئەمیش کردیە ڕێچکەیەکی جیهانی. کتێبە مەزنەکەی (عوارف المعارف)، بووە ڕێنمایەکی گشتی بۆ سۆفیەکانی سەر بە ڕێچکە جیاوازە عیرفانیەکان و بەناوبانگترین کاری ئەو سۆفیە جیهانیە. سەرەتا ئیبن ئەلجەوزی کە ئەوسا لە دەسەڵاتی عەباسی نزیک بووە و بڕواپێکراویان بووە، بە تەواوی دژایەتی سورەوەردی کردووە و پێی وابووە کە فیکری سورەوەردی خەڵک بەرەو فەلسەفە و لادان لەدین دەبات. سەرەڕای ئەوە بە هۆی زانایی و زیرەکی سورەوەردیەوە، کاریگەری گەورەی کردۆتە سەر خەلیفە ئەلناسری عەباسی (١١٧٩ز-١١٢٥ز) و لە ئەنجامدا ئەو خەلیفەیە پشتی کردۆتە ئیبن ئەلجەوزی و پشتگیری تەواوی سورەوەردی کردەوە. بەو جۆرە ئەم زانا کوردە بووە بە ڕاوێژکاری فەرمی خەلیفە و ئەو پلە و پایەیە لە ئیبن ئەلجەوزی وەرگیراوەتەوە. لە دوای ئەوە سورەوەردی بوو بە گەورەترین سۆفی لە جیهانی ئیسلامیدا و خەلیفە وەک نوێنەری خۆی ناردوویەتی بۆ لای چەندین سوڵتان و میر و پاشای ئەو سەردەمە. بەو جۆرە هەردوو خەلیفە و سورەوەردی سوودیان لەیەکتری وەرگرتووە بۆ ئامانجی خۆیان.
لە ڕاستیدا هەردوو سورەوەردی کورد کاریگەری گەورەیان لەسەردەمی خۆیان و دوای خۆیان هەبووە، جیاوازی سەرەکیان ئەوەیە کە ئەمیان ڕووی کردۆتە دانانی ڕێچکەیەکی سۆفیگەری و ئەوی تریان ڕێچکەیەکی فەلسەفی. سورەوەردی سۆفی توانیویەتی لە ژێر دەسەڵاتی خەلیفەدا ڕێچکەکەی بکاتە ڕێچکەیەکی جیهانی و نزیک لە دەسەڵات و سیاسەتی ئەو سەردەمە. لە کاتێکدا کە سورەوەردی فەیلەسوف زیاتر پابەند بووە بە بیروبڕوای خۆیەو و سەرکێش بووە و هەوڵی نەداوە ئەو گەمە سیاسیەی ئەو بکات، بۆیە لە ئەنجامدا سورەوەردی فەیلەسوف کوژرا و ئەمڕۆ بۆ جوداکردنەوەی لە سورەوەردی سۆفیگەر، پێی دەڵێن ‘شێخە کوژراوەکە’ (الشیخ المقتول).
سورەوەردی چەندین موریدی گەوەرەی هەبووە؛ لەوانە شاعیری گەورەی فارس سەعدی شیرازی و هەر بەهۆی موریدە گەورەکانیەوە ڕێچکە سۆفیگەریەکەی لە وڵاتی هندستان و پاکستاندا بڵاوبووەتەوە، ئەمڕۆ ڕێچکەیە بە تایبەت لەو دوو وڵاتەدا زۆر ناسراوە. تەنانەت مەولانا خالید یەکێک لەو ڕێچکە سۆفیگەرانەی کە ئیجازەی تێدا وەرگرتووە، ڕێچکەی سورەوەری بووە، بۆیە لەسەر ناوەکەی خۆی دایناوە.
وەک ئاماژەئ پێکرا، لە کاتێکدا کە سورەوەردی فەیلەسوف کوژراوە و هەر لە سەردەمی خۆیدا کەس نەیزانیوە تەرمەکەی چی لێکراوە، پیر سورەوەردی سۆفی جیهانی، مەزارەکەی شوێنێکی گەورە و دیارە لە شاری بەغدا (بڕوانە وێنەکە) و ئەمڕۆ یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی سەردەمی عەباسی. ئەو کەسانەی کە ئاشنان بە شاری بەغدا، لەوانەیە بە ‘شەقامی شێخ عومەر’ (شارع شیخ عمر) دا ڕۆیشتبن، کە بە ناوی ئەم پیرمەندە کوردەوە ناونراوە. بەهۆی گرنگی ئەو مەرقەدە لە ڕووی شوێنەوارناسیەوە، لە ساڵی ٢٠١٣ ز دا ڕێکخراوی یۆنسکۆی جیهانی کۆبوونەوەیەکی لە شاری عەمانی پایتەختی ئوردن ئەنجامدا بە مەبەستی نۆژەندکردنەوەی مەرقەدەکە لە شاری بەغدا، بەڵام نازانرێت کە ئایا هەلومەرجی بەغدا هەتاوەکە ئێستا دەرفەتی بەوە دابێت.
ئەمڕۆ بە سەدان لێکۆڵینەوە لە جیهاندا بە زمانی ئینگلیزی لەسەر ئەم سۆفیە کوردە و ڕێچکەکەی کراوە، کەچی وەک هەموو جارێک لە وڵاتەکەی خۆیدا زۆرینەی خوێنەواری کورد پێی نائاشنان. سەرەڕای ئەوەی کە ئەم زانا کوردە لە بنەماڵە و ژینگەیەکی کوردیدا گەورە بووە و وەک زۆربەی زانا کوردەکانی ئەو سەردەمە شافیعی بووە و لە ژێر کاریگەری فیکری کوردیدا بووە، بۆیە ئەویش ئیسلامی بە شێوە عەرەبیەکەی بۆ هەرس نەکراوە و بەرگی فیکری کوردی سۆفیگەری کردۆتە بەر. لە ڕاستیدا کورد ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە بڵاوکردنەوە و دانانی ڕێچکە سۆفیگەریەکاندا کە ئەو کات تاقە دەرفەت بووە بۆ کورد کە بتوانێت بەهۆیەوە ئیسلام بە بەرگێكی کوردیەوە وەربگرێت. ئەوەی کە مایەی سەرنجە، بوونی ئەو شیعرە کوردیەیە کە ئەو زاتە بە زاراوەی هەورامی نووسیویەتی. دڵنیام ئەو و زۆربەی زانا کوردەکانی تر هەموویان شیعریان بە کوردی گوتووە، بەڵام زۆربەیان فەوتاون. خۆشبەختانە ئەو شیعرەی سورەوەردی لە فەوتان ڕزگاری بووە و ئەمەی خوارەوە چەند دێڕێکیەتی:
……………………………………………
هەور و هەواو و مانگ، شەمس و هەساران
بەحر و بەڕ و ئەرز، گوڵزار و ساران
باغات و بۆستان ڕەنگ ڕەنگ نەباتات
ئەشجار و ئەسمار، ڕزق مەخلوقات
جە یومن تۆبێ نە پەردەی عەدەم
ئاوەرد بە وجوود جن چەنی ئادەم
…………………………………..
مەبەست لە دانانی ئەم باباتانە ئەوە نیە کە من لەگەڵ بیر و بۆچوونی هیچ کامێک لەم کەسایەتیانە بم یان دژیان بم. مەبەستی سەرەکیم ئاشنابوون و ناسینی کەسایەتیە کوردەکانە کە لە ڕێگای ئەوانەوە لە پرۆسەی گۆڕانی فیکری کوردی بگەین. بۆیە پێم وایە ناسینی ئەم زانا کوردە بەشێکی تری ئەڵقەی لێکترازاوی فیکری کوردی بەیەکەوە گرێ دەدات و نزیکمان دەکاتەوە لە تێگەیشتن لە بناغە و شێوەی گەشەسەندنی فیکری کوردی و دەتوانێت هاوکاریمان بکات لەوەی کە ڕابردوومان گرێ بداتەوە بەم سەردەمەوە و ئەو بۆشاییەی کە دروست بووە پڕی بکاتەوە. دەبوو ئەمڕۆ لە زانکۆکانی کوردستاندا چەندین ماستەرنامە و دکتۆرا لەسەر ئەم زاتە بکرایە و فەرهەنگی کوردی پێ دەوڵەمەند بکرایە. بەڵام وەک هەمیشە هیواکان وەک خۆیان لەوێدان و لەم کۆمەڵگە بەسیاسی کراوە سەرکوتکراوەدا هەر چاوەڕوانی چەکەرەکردنە.
نووسینی سۆران حەمەڕەش
تێبینی:
ئەوە لینکی بابەتێک لەسەر سورەوەردی فەیلەسوفی جیهانی ناسراو بە ئەمیرەک:
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=575127942522877&set=pb.100000770292893.-2207520000.1440244759.&type=3&theater
– وێنەکەی لای چەپ وێنەیەکی خەیاڵیە و پەیوەندی بە سورەوەردیەوە نیە، وێنەکەی لای ڕاست ئەو گومەزەیە کە لەسەر گۆڕەکەی کە لە سەردەمی عەباسیدا لە شاری بەغدا دروست کراوە.
سەرچاوەکان:
– بۆرەکەیی، صدیق (١٩٩٦) مێژووی وێژەی کوردی، بەشی یەکەم و دووهەم، انتشارات ناجی، بانە.
-Zargar, C. A. (2013) Sufi Aesthetics: Beauty, Love, and the Human Form in the Writings of Ibn ‘Arabi and ‘Iraqi’, University of South Carolina Press, USA.
-Clarcke, P. B. and Beyer, P (2009) The World’s Religions: Continuities and Transformations, Routledge, UK.
-Huda, Q (2005) Striving for Divine Union: Spiritual Exercises for Suhraward Sufis, Routledge, UK.

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …