ئەبی هیجای هەزەبانی

12466019_990584850977182_4483424566823133176_o

 

ئەبی هیجای هەزەبانی، مێژوونوس و پیاوی دەوڵەت و شاعیری هەولێریی سەدەی سیانزەیەم کە مێژووی داگیرکردنی هەولێر لەلایەن تورکانەوە دەستنیشان دەکات، کێ بوو؟
نووسینی سۆران حەمەڕەش
هەر جارێک بابەتێک لەسەر کەسایەتیەکی مێژوویی کورد دەخەمە ڕوو، لە کۆمێنتدا چاوەڕوانی چەند سەرنجێک دەکەم کە بەڵێنم دابوو وەڵامیان بدەمەوە و لێرەدا وەڵامی هەندێکیان دەدەمەوە. لەبەر ئەوەی کەپێم وایە ئەو سەرنجانە لە بۆچوونێکی فکریەوە هاتوون کە بوونەتە هۆی ئەوەی بە تەواوی خۆمان لە مێژوو و سەردەمێکی دەوڵەمەند و گەشانەوەی فەرهەنگی کوردی داببڕین و لێی بێ ئاگا بین.
زۆر جار کە ئەو کەسایەتیە کوردیەی ئاماژەی پێدەکەم ناوەکەی عەرەبی بێت، هەندێک دەنووسن خۆ ئەوە ناوەکەی عەرەبیە! یان ئەوە چی بۆ کورد کردووە؟ ئەو کەسایەتیە هیچ شتێکی بۆ کورد نەکردووە و هەر خزمەتی عەرەبی کردووە و چەندین بۆچوونی تری لەو جۆرە.
سەرەتا دەبێت بزانین بۆ دەبێت ئەو کەسایەتیە مێژووییانە بناسین. مێژوو نووسین بۆ ئەوە نەکراوە تەنها ئەو کەسایەتی و بابەتانەی لەگەڵ فیکری مێژوونوسدا دەگوونجێت باسبکرێن، مێژوونوسین بۆ تێگەیشتنە لە ڕابردوو و تێگەیشتنە لەو کۆمەڵگەیەی کە ئەمڕۆی لێ دروست بووە. هەموو کۆمەڵگەیەک بیر و بۆچوون و فەرهەنگێکی تایبەتی خۆی هەیە، هەندێک لەو بیروبۆچوونانە بنەچەیان هەزاران ساڵ دێرینە، بۆیە بۆ تێگەیشتن لەمڕۆ دەبێت لە ڕابردوو بگەین بۆ وانە وەرگرتن و خۆناسین.
خۆناسین یەکێک لە بنەما گرنگەکانی کۆمەڵگەی سەرکەوتووە، ئەو کۆمەڵگەیەی کە خۆی دەناسێت، هەنگاوەکانی ژیرانەتر دەبێت و بە گشتی کۆمەڵگەیەکی سەرکەوتوو ترە. جگە لەوە یەکێک لەلایەنەکانی سروشتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، تۆمارکردنی ڕابردووە. لە ڕاستیدا لە سەرەتای شارستانیەتەوە مرۆڤ مێژووی وەک چیرۆک گێڕاوەتەوە و دەماودەم ڕابردوو باسکراوە و نەوەی نوێێ پێ ئاشناکراوە. یەکەم جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە سەردەمی سۆمەریدا بوو کە مرۆڤ مێژووی خۆی بە نووسین تۆمار کرد و لەو ڕۆژەوە مرۆڤ شانبەشانی چیرۆک گێرانەوە، هات ئەو ئەزموونەی ڕابردووی بە نوویسن تۆمار کرد.
جا تۆمارکردنی مێژوو وەک پێکەوەنانی پارچە پارچەی وێنەیەکی گەورەی لەت لەتی بزربووە. دۆزینەوە و پێکەوەنانی پارچەکانی ئەو وێنە گەورەیە پێویستی بەوەیە کە ئەو پارچەیە حەزی لێبکەین یان نا، بیخەینەوە سەر وێنەکە بۆ ئەوەی کە بە ڕوونی بزانین وێنەکە لە بنەڕەتدا چی بووە. بۆیە نووسینەوەی مێژوو بۆ ئەوە نیە تەنها لەسەر ئەو کەسانە بنووسرێت کە لەگەڵ بیروبۆچوونی مێژوونوسدا دەگونجێت. ئەم ئاڕاستە هەڵەیەی کە گرتوومانە، وایکردووە کە ئێمە بۆ نموونە کەسێکی وەک فەیلەسوفی جیهانی، شەمسەدینی شارەزووری نەناسین و هەوڵ نەدەین تەنانەت بزانین کە چی وتووە. بەو جۆرە ئاشنا نەبین بە فیکری کوردیی هەشت سەد ساڵ پێش ئێستای کوردستان. لە ڕاستیدا بەهۆی شارەزووریەوە مرۆڤ دەتوانێت باشتر لە مەولانا خالد و پیر شالیار و سورەوەردی فەیلەسوفی کورد و ئاینی یارسانی و ئێزدی بگات. بەڵام بە داخەوە ڕێگەیەکی ئاسانی بێ ئەرکمان کردۆتە ئەستۆ، بێ هیچ خۆ ماندووکردنێک ئەو کەسایەتیانە ڕەتدەکەینەوە و خۆمان لە گەنجینەی فیکری کوردی بێ بەش دەکەین.
بۆ نموونە بەهۆی ناسینی ئیبن خەلەکانی زانا و فەیلەسوف بەردەیسان و ئیبن ئەسیری مێژوونوس و ئەبی فیدای جوگرافیناسەوە، لە مانەوەی پەیوەندی و گرنگیی شارە هوریە گرنگەکان دەگەین. بەو جۆرە تێگەیشتن لە کەسایەتیە کوردیەکان، بەشێکی گەورەی مێژووی کوردمان بۆ ڕووندەکاتەوە و ئاشنامان دەکات بە سەردەمێکی کۆمەڵگەی کوردی و ئەڵقەی لێکترازاوی فیکری کوردی دەبەستێتەوە بەیەکەوە؛ ئەم هەوڵەی من بۆ ئەو مەبەستەیە. بڕیاردان لەوەی کە ئەوان هیچیان بە کوردی نەنووسیوە بۆچوونێکی بێ بنەما وبێ بەڵگەیە، لەبەر ئەوەی ئەلفوبێیەکی مەزنی کوردی کە لە سەدەی نۆیەمی زاینیدا ئاماژەی پێکراوە، یەک نووسراوی هەتاوەکو ئەم ساتە لێ نەدۆزراوتەوە، ئەی چۆن چاوەڕوانی ئەوە بین کە هەر کام لەو زانا کوردانە بەرهەمیان بە زمانی کوردی لێ بەجێبمێنێت. جگە لەوەش کوردبوون هەر بە زمان نیە و گەر بەو جۆرە بیربکەیەنەوە ئەوا دەمیرتاش دەبێت بە کورد لە قەڵەم نەدەین.
سەیرەکە لەوەدایە لە ئەوروپا لێکۆڵینەوە لەسەر زۆربەیان کراوە تەنها ئێمەی خاوەنی ئەو فەرهەنگە دێرینە بەهۆی ئاڕاستەیەکی فیکری تەسکەوە، خۆمان لەو گەوهەرە دابچڕاندووە و بەو جۆرە تێگەیشتنمان سەبارەت خۆمان لە خۆمان لێڵ کردووە و ئەوروپا هەمیشە بەرەوپێشەوە و ئێمە لە شوێنی خۆماندا قەتیس ماوین.
بابێمەوە سەر بابەتەکە کە باسی مێژوونوس و پیاوی دەوڵەت و شاعیری هەولێری لەبیرکراوی سەدەی سیانزەیەمە کە ناوی ئەبی هیجای هەزەبانیە. ئەم کەسایەتیە ناوی تەواوی بریتیە لە میر عیزەدین موحەمەد کوڕی ئەبی هیجای کوڕی موحەمدی هەزەبانی هەولێریە و لە ساڵی ١٢٢٣ز دا لە هەولێر لەدایکبووە و لە ١٣٠١ز دا کۆچی دوایی کردووە. ئەبی هیجا میرێک بووە لە میرانی بنەماڵەی هەزەبانیەکان. لە ڕاستیدا هۆزی ڕەوەندی کە هۆزی سەلاحەدینی ئەیوبی بووە، تیرەیەکی هۆزی هەزەبانیەکان بووە کە بۆسەدان ساڵ لە ناوچەی هەولێر حوکمڕان بوون و دەوڵەتی هەزەبانی ڕۆڵێکی گەورەیان لە حوکمڕانی ناوچەی هەولێردا بینیوە و لە سەدەی یەکەمی زاینیدا کاریگەری دەسەڵاتیان لە ئازەربایجانەوە هەتاوەکو ئیسرائیل دەرکی پێ دەکرا.
هەزەبانی کەسێکی خوێنەوار و زانا و شارەزا بووە لە مێژوو و زماندا و شاعیرێکی بەتوانا بووە. ئەم کەسایەتیە لەدایکبووی هەولێرە و هەر لەوێ خوێندنی تەواو کردووە و لە گەنجیدا ڕووی کردۆتە شام و لە ساڵی ١٢٨٦ز دا بووەتە والی شام و هەتاوەکو مردنی لە ساڵی ١٣٠١ ز لەو پۆستەدا مابووەوە. بوونی هەزەبانی وەک والی شام، بەشێک بووە لە کاریگەریەکی گەورەی کورد کە بۆ هەزاران ساڵ بووە هەتاوەکو ناوچەی سوریا ڕۆیشتبوو و لە سەردەمی ئەویشدا بەردوام بوو. هەر لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا ئیبن خەلەکان کە ئەویش بە بنەچە هەولێری بووە، قازی گەورەی شام بووە و چەندین کەسایەتی کورد لەوێ ڕۆڵی زانستی و دەوڵەتیان بینیوە.
هەزەبانی هەر لە منداڵیەوە هاورێیایەتیەکی پتەوی لەگەل عیزی زەریری فەیلەسوفی نابینای کورد دا هەبووە و ئەو هاوڕێیایەتیە لە هەولێرەوە دەستیپیکردووە و لە شامیش هەر بەردەوام بووە و هەتاوەکو کاتی مردنی ئەو فەیلەسوفەش، ئەبی هیجا لە پشت سەریدا بووە و چەندین شیعری بەسەر ئەو فەیلەسوفەدا هەڵداوە. دەبێت ئەوە بزانرێت کە عیزی زەریری هەولێری کەسێکی بێ دین بووە و لە سەرچاوەکاندا بە زەندیق لە قەڵەم دراوە. بۆیە لەوە دەچێت نزیکی و هاوڕێیایەتی ئەو دوانە، ئەوە دەربخات کە ئەبی هیجا پاپەندی ئاینیی کز بوو بێت. بەڵام پێ دەچێت ئەو بۆچوونی ئاینی خۆی وێنەی عیزی زەریری فەیلەسوف نەخستبێتە ڕوو، بۆیە هەزەبانی بە زەندیق لەقەڵەم نەدراوە.
سەرچاوەکان باس لە کارامەیی ئەم میرە دەکەن لە بواری شیعر و مێژوودا و ئەمڕۆ کۆمەڵێک شیعر و کتێبێکی مێژووی لێ بەجێماوە بە ناوی “مێژووی کوڕی ئەبی هیجا” (تاریخ ابن ابي الهیجاء) (کە کۆپیەکی لای بەندەیە) لەگەڵ کۆمەڵێک شیعردا. لە کتێبە مێژووییەکەیدا لە کاتێکدا کە باس لە ژیانی پێغەمبەر دەکات، لە هەمان کاتدا خەلیفە فاتمیەکانی میسر بە بە ئیمام ناودەهێنێت.هەندێک سەرچاوە هەوڵ دەدەن کە ئەگەری شیعەگەری بدەنە پاڵ، بەڵام وەک ئاماژەی پێکرا وا دەردەکەوێت ئەو بیروبۆچوونی ئاینی لاواز بووبێت و بێلایەنانە باسی پەیڕەوانی ئەو دوو مەزهەبە ئیسلامیەی کردبێت و لایەنی هیچ کامیانی نەگرتبێت و جیاوازی لە نێوانیاندا نەبینیبێت.
هەزەبانی لە کتێبی مێژووەکەیدا زانیاریەکی گرنگ لەسەر داگیرکردنی هەولێر لەلاین تورکەکانەوە دەخاتە ڕوو. وەک میرێکی هەزەبانی ئاماژە بە ساڵی مردنی دوایەمین میری مەزنی هەزەبانیەکان دەکات، بە ناوی میر ئەبی هیجای کوری ئەبی عەلی مۆسەک کوڕی ئاکۆ/هاکۆ(حکویە) ی هەزەبانی کە ئەوە دوایەمین میری مەزنی دەسەڵاتداری هەولێر بووە و دوای مردنی، کوڕەکەی شوێنی گرتووە بەڵام لەوە دەچێت کوڕەکەی لاواز بووبێت، بۆیە هەر لە هەمان ساڵدا کە ساڵی ١١٢٥ ز، ئەبی هیجای مێژوونوس دەڵێت تورکەکان هەولێریان گرت و کۆتاییان بە حوکمی دەوڵەتی هەزەبانیەکان هێنا.
کتێبئ مێژووەکەی هەزەبانی زۆر ڕووداوی پەیوەست بە کوردی تێدایە و تەرجومەکردنی بۆ زمانی کوردی دەشێت سوودێکی باشی هەبێت بۆ ڕوونبوونەوەی سەردەمێکی کورد کە ئەمڕۆ لە سەرچاوەکاندا ناڕوونە. بۆیە جگە لە ئاشناکردنی ئەو کەسایەتیە بە نەوەی نوێ، دەبوو ئەمڕۆ هیچ نەبێت هۆڵی بەشێکی مێژوو لە زانکۆیەکدا بە ناوی ئەو مێژوونوسە کوردەوە ناوبنرایە یان دوو پەیکەر یەکێک بۆ ئەو و ئەوی دیان بۆ فەیلەسوفە هاوڕێکەی، عیزی زەریر لە هەولێردا دروستبکرایە. بە داخەوە ئەمڕۆ کۆمەڵگەی کوردی لە خەوێکی قوڵدایە و گرانە لە ئێستەدا ئامادەبێت بۆ بوژانەوەی فەرهەنگیی.
نووسینی سۆران حەمەڕەش
تێبینی:
– وێنەکەی هەزەبانی وێنەیەکی خەیاڵیە و بنەمای مێژوویی نیە.
– ئەوە لینکی بابەتێکی تر کە پێشتر لەسەر فەیلەسوف عیزی زەریری هەولێری نووسیومە کە هاوڕێی نزیکی ئەبی هیجای هەزەبانی بووە
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=753004651401871&set=pb.100000770292893.-2207520000.1452281330.&type=3&theater

About دیدار عثمان

Check Also

مێژووی ھەولێر

ئامادەکردنی: لوقمان جلال بازید مێژووی شاری ھەولێر کۆنە و تائێستا دیار نییە بۆکەی دەگەڕێتەوە بەپێی …