Home / بەشی مێژووی كورد / ئایا وەک کورد دەڵێت هەورامی و گۆرانەکان کوردن یان لێکۆڵەرە فارس و ئەوروپیەکان ڕاستن و ئەوان کورد نین؟

ئایا وەک کورد دەڵێت هەورامی و گۆرانەکان کوردن یان لێکۆڵەرە فارس و ئەوروپیەکان ڕاستن و ئەوان کورد نین؟

 

 

10697221_803485106353825_3634225161026247946_o

نووسینی: سۆران حەمەڕەش
لەوانەیە زۆر لەوانەی کە لە نزیکەوە من دەناسن، لایان سەیر بێت کە ئەم پرسیارە دەکەم و بابەتی لەو جۆرەم وروژاندووە و لەوانەیە هەندێک تاکی کوردیش پرسیارەکەیان هەر پێ ناخۆش بێت، بەڵام ئەم پرسیارەتان لا سەیر نەبێت؛ زۆرینەیەک لە ئەکادیمی ئەوروپی و فارسەکان بە گشتی وەڵامەکەیان بۆ ئەو پرسیارە زۆر ئاسایی بریتیە لە “نەخێر” و بە کوردیان نازانن. باشە کە ئەو دوو گروپە زۆرینەیان خۆیان بە کورد دابنێن و کورد بە گشتی گومانی لە کوردبوونی ئەوان نەبێت، ئەی چۆن ئەم گومانە دروست بووە و ئایا لەوەدا ئەکادیمیە ئەوروپی و فارسەکان ڕاست دەکەن یان کورد؟ هەروەها دەبێت بزانرێتن کام بۆچوونەیان لەسەر بنەمای زانستی و بەڵگەی مێژوویی داڕێژراوە؟
لە دوو سەدەی رابردوودا کورد خۆی هێندە کەم بەشدار بووە لە لێکۆڵینەوەی زمانەوانی و مێژوویی سەبارەت بە خۆی، ئەتوانرێت بگووترێت کە کورد خۆی تێدا نەبووە. لە ئەنجامدا بە گشتی لەلایەن خەڵکانی ترەوە لێکۆڵینەوە زمانەوانی و مێژووییە جدیەکان سەبارەت بە مێژووی کورد و زمانەکەی کراوە. بە تایبەتی زمانەوان و مێژوونوسە کوردەکان کاری دەگمەنیان بە زمانی ئینگلیزی نووسیوە بۆیە ئەوروپیەکان خۆیان لە نێوان خۆیاندا بڕیارەکانیان داوە. بە دڵنیایی نکۆڵی لەوە ناکرێت کە بەهۆی ئەوروپیەکانەوە زۆر لایەنی مێژوویی و زمانەوانیی کوردی ڕوونکراتەوە و ئەو شتانەی کە ئەوروپیەکان لە سەردەمی خۆیدا سەبارەت کورد تۆماریان کردووە ئەمڕۆ دەتوانرێت زۆر سوودی لێ وەربگیرێت، بەڵام نووسینەوەی مێژووی نەتەوەیەک و زۆر لایەنی زمانەوانیی ئەو نەتەوەیە بە تەواوی لەلایەن خەڵکانی بێگانەوە، هەندێک جار کێشەی جدی دروست کردووە و بەشدار نەبوونی بەرچاوی کورد لەو لێکۆڵینەوانەدا شوێنەواری زۆر خراپی لەسەر لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر مێژووی کورد و کوردستان و زمانەکەی داناوە. با بزانین سەرەتا چۆن گومان لە کوردبوونی هەورامی و گۆرانەکان دروست بووە.
یەکێک لەو کەسانەی کە سەرەتا بۆچوونی سەبارەت بە گۆرانەکان داوە، گەڕۆکێکی ئینگلیزە بە ناوی (کلۆد جەیمس ڕیچ) کە لە کوردستان بە میستەر ڕیچ ناسراوە. ڕیچ لە نزیکی ساڵی ١٨٢٠ هاتۆتە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێشتا ئەلف و بێی سەبارەت کورد نەزانیوە و هاتووە سەبارەتیان بزانێت، کەچی سەرەڕای ئەو زانیاریە کەمەی کە سەبارەت کورد هەی بووە، هاتووە لە چەند شوێنێکدا زۆر سەرپێییانە گۆرانەکانی بە کورد و لە شوێنی تردا بە نەتەوەیەکی جودا ناوی هێناون بێ هیچ لێکۆڵینەوە یان متمانە کردنە سەر بەڵگەنامەیەکی مێژوویی؛ ئەوە تەنها بۆچوونی خۆی بووە. دوای ڕیچ، مەیجەر سۆن لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا هاتۆتە کوردستان و ئەو کاتە هەر زمانی فارسی زانیوە و کوردی نەزانیوە، کەچی ئەویش بێ شارەزابوونی لەو بابەتەدا و وەک پابەندبوونێک بە بۆچوونەکانی ڕیچ، دیسان هەورامیەکان بە کورد دانانێت. ئەم بۆچوونە لای دوو لێکۆڵەری زمانەوانی وەک مەکەنزی ئینگلیز و گارنیک ئاساتریانی ئەرمەنی کە کوردی و فارسی زانێکی بەتوانا بوون و کارەکانیان زیاتر شێوەی لێکۆڵینەوەی وەرگرتووە، بە تەواوی ئەو تیۆریەیان جێگیر کردووە کە گۆران و هەورامیەکان کورد نین. ئاساتریان کە پرۆفیسۆرێکی ئەرمەنیە، هەر ئەو بۆچوونەی نیە، بەڵکو کورد بە نەتەوە دانانێت و پێی ڕانابینێت کە هیچ ڕابردوویەکی دێرینی هەبێت. هەر ئەوەی نەکردووە بەڵکو بە ئەجێندایەکی سیاسی ئەرمەنی، هاتووە ئێزدیەکانی بە نەتەوەیەکی تر لەقەڵەم داوە بۆ ئەوەی نەوەک ڕۆژێک هەستی نەتەوایەتی ئێزدیەکانی ئەرمینیا ببێتە کێشە بۆ وڵاتی ئەرمینیا. هەندێک لە لێکۆڵەرە نوێ ئەوروپیەکانی وەک ماریا ئۆشیا زۆر ڕاشکاوانە لە کتێبەکەیدا کە بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی دکتۆرا نووسیویەتی لە ساڵی ٢٠٠٤ دا هەورامی و گۆرانەکان دەخاتە دەرەوەی نەتەوەی کوردەوە.
سەیرکەن ماریا ئۆشیا سەبارەت هەورامیەکان چی دەڵێت “نیشتەجێکانی هەورامان کە بە گۆرانی قسە دەکەن، لە ڕابردووەوە خۆیان بە جیا داناوە لە خەڵکی کورد” هەروەها بەردەوام دەبێت و دەڵێت “لە دوای ئەم پەنجا ساڵەوە بەهۆی تێکەڵاوبوونی زیاترەوە بە کورد دانراون”. ئۆشیا ئەم بۆچوونەی لە مارتن ڤان برۆنسنی لێکۆڵەری هۆڵەندیەوە وەرگرتووە کە سەرەڕای شارەزایی و هەندیك کاری زۆر چاکی سەبارەت بە کورد، بەڵام ئەویش لەگەڵ ئەو بۆچوونەیە. لە ئەنجامی ئەم شێوەی لێکۆڵینەوە بێ بەڵگانە و هەندێکیان بە ئەجێندای سیاسی، ئەو ئاڕاستەی بۆچوونەیان سەپاندووە و تەنانەت دەستەواژەی (کورد پرۆپە) “کوردی تەواو” یان داهێناوە و ئەوان تەنها کرمانج و سۆرانەکان بە کوردی تەوا دادەنێن. کەسێکی وەک دکتۆر لیزنبێرگ ئەو بۆچوونەی رەتکردۆتەوە و کەوتۆتە پرسیار لەو ڕێچکە هەڵەیەی کە مەکەنزی گرتوویەتە بەر لەبەر ئەوەی کە بێ لێکۆڵینەوە لە مێژوو و زۆر لایەنی تری کۆمەڵگەیەک، چۆن دەتوانرێت ڕەچەڵەکی خەڵکێک تەنها لەسەر بنەمای ڕێزمان و وشەکاری دابنرێت؟ لە ڕاستیدا لێکۆڵینەوەی لەو جۆرە تەنها سەبارەت کورد کراوە و لە هیچ شوێنێکی جیهاندا لێکۆڵینەوە بەو شێوەیە ئەنجام نەدراوە. ئەم بۆچوونە لە وڵاتی ئێراندا زۆر پشتگیری لێ دەکرێت و زۆر هان دەدرێت بە مەبەستی جیاکردنەوەی گۆران و هەورامیەکان و دانانیان لە دەرەوەی نەتەوەی کورد. دیارە وەک لێکۆڵەرە ئەوروپیەکان دەستەواژەی “کوردی تەواو” یان داهێناوە، دەبوو پێناسەیەکیان بۆ کورد هەبوایە پێش ئەوەی کە ئەو بڕیارە بدەن و “کوردی تەواو” و “کوردی ناتەواو” یان بڕیار لێ بدایە. بەڵام نە پێناسەیان هەبووە و نە سوودیان لە سەرچاوەیەکی مێژوویی بینیوە.
من نامەوێت خۆم بڕیار بدەم ئەوان کوردن یان کورد نین و لە ڕوانگەیەکی ناسیوناڵیستیەوە بە پەلە بە کوردیان دابنێم، بەڵکو بێلایەنانە پەنا بۆ سەرچاوە مێژوییەکان و بۆچوونی کورد خۆی دەبەم لە ڕابردوودا کە لە ڕێگای سەرچاوە مێژووییەکان و شیعرە کوردیە دێرینەکانەوە دەردەکەوێت کە چۆن پێناسەی کوردبوون کراوە. ئێمە هەرچەندە بۆچوونێکی نەرێنی سەبارەت مەسعودی مێژوونوسی عەرەب لەلامان دروست بووە، بەڵام بە بۆچوونی من ئەو مێژوونوسە لە دێڕێکی بچووکدا مانای کورد بوونی زۆر جوان ڕوونکردۆتەوە. مەسعودی لە سەدەی نۆیەمی زاینیدا، واتە نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر، دەڵێت “هەر کام لە جۆری کوردەکان زمانێکی کوردی خۆیان هەیە”. مەسعودی بە دەستەواژە زمانەوانیەکانی ئەو سەردەمە دەیەوێت بڵیت کوردەکان بە زاراوەی جیاواز قسە دەکەن بەڵام هەموو ئەو زاراوەنە کوردین. ئەو بۆچوونە بەشێوەیەکی تر لە سەدەی چواردەیەمی زاینیدا لای ئەلعومەری دووبارە بووەتەوە و ئەلعومەری دەڵێت “کوردەکان هەرچەندە زۆر جۆریان هەیە کە لە بەشەکانی ئەم کتێبەدا باسکراون، بەڵام ئەو بەشانە پێکهاتەی جۆرێکی گشتین”. ئەلعومەری بە دەستەواژە زمانەوانیە سادەکانی ئەو سەردەمە دەیەوێت بڵێت سەرەڕای بوونی گروپی جیاواز لە ناو کورد دا، بەڵام هەموویان کوردن و بەشێکن لە نەتەوەیەک. عومەری باسی کوردەکان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا دەکات و دێتە سەر باسی گۆرانەکان، ئەو بە (کوران) ناویان دەبات، لەبەر ئەوەی نه‌ پیتی (گ) و نه‌ پیتی (ۆ) لە عەرەبیدا نین و دەڵێت “تایفەیەکیان هەیە لە شاخەکانی هەمەدان و شارەزوور پێیان دەگووترێت گۆران، ئەمانە هەموویان لە ناوچەیەکدا نیشتەجێن کە پێی دەگووترێت ڕیاوه‌ست (ریاوست) ی ئەمیر محەمەد، وە شوێنی دووهەمیان پێی دەگووترێت دەرتەنگ و ئەمیرەکەیان ئەمیر محەمەدە”. ئەم بۆچوونە لای ئەلقلقەشەندی لە سەدەی چواردەیەمی زاینی و دوایی لای شەرەفخانی بەتڵیسیش دووبارە بووەتەوە و دیسان نزیکی چوار سەد ساڵ لەمەوبەر لای ئەولیا چەلەبی بە ڕەگەز تورکیش دووبارە بووەتەوە کاتێک کە سەبارەت بە زمانی کوردی دەڵێت ” ئەم خەڵکە لە خۆیانەوە زمانێکیان داهێنا کە نە عەرەبی و نە فارسی و نەعیبری و نە دەریە، ئەمڕۆ بەو زمانە دەڵێن کوردی و لە کوردستاندا بەکار دەهێنرێ. بەڵام زمانی کوردیش دوازدە شێوەیە کە وشەکانیان لە یەکتر ناچێ و بۆ لەیەکتر گەیشتنی تەرجومانیان پێویستە”. کەواتە مێژوونوسان کورد بووبێتن یان بێگانە بە بەڵگەوە لە سەدەی نۆیەمی زاینیەوە، واتە بۆ نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵە، هەموو بەشە جیاوازەکانیان بە کورد داناوە و لای ئەوان کورد بوون پەیوەست نەبووە بە زاراوەیەکی تایبەتەوە و وەک فەرهەنگ و نەتەوەیەک سەیری کوردیان کردووە کە زاراوەی جیاوازی تێدا بووە.
ئەمجا بابزانین هەورامی و گۆرانەکان بە درێژایی مێژوو چۆن سەیری خۆیان کردووە؟ کۆنترین تێکست بە زمانی کوردی و زاراوەی ماچۆ کە هەستی کوردایەتی تێدا دەربڕابێت و مابێت، نزیکی هەزار ساڵ لەمەوبەر لەلایەن بابە سەرهەنگی دەودانی یارسانیەوە دانراوە. بابە سەرهەنگ دەڵێت:
سەرهەنگ دەودان سەرهەنگ دەودان ئەز کە ناممەن سەرهەنگ دەودان چەنی ئێرمانان مەگێڵم هەردان مەکۆشم بەرێ ئایین کوردان
ماناکەی دەبێتە “من کە سەرهەنگی دەودان- م و ناوم سەرهەنگی دەودان-ە، لەگەڵ مریدەکان و هاوەڵانی خۆما بە هەموو شوێن و هەردێکدا ئەسوڕێمەوە، کۆشینەکەشم بۆ ئاینی کوردانە” .
ئەمجا با بێینە لای شاوەیس قولی کە لە نزیکی ساڵی ١٤٠٧ز لەدایکبووە، دەبینرێت هەستی کورد بوون لای ئەو بە شێوەکی زۆر سەرنج ڕاکێش دەردەکەوێت کاتێک کە ئەویش بە زاراوەی ماچۆ دەڵێت:
ئەسڵمەن جە کورد، ئەسڵمەن جە کورد بابۆم کوردەنان، ئەسڵمەن جە کورد من ئەو شێرەنان چەنی دەستەی گورد سلسلەی سپای زەحاک کەردم ھورد
واتە “من بنەچەم کوردە و باوباپیرانم کوردە و لە ڕەگەزی کوردم، من ئەو شێرەم کە لەگەڵ کۆمەڵیکدا سوپای زوحاکمان وورد کرد”. کە ئەوە ئەوپەڕی دەربڕینی هەستی نەتەوەیی و شانازیە بە کورد بوونەوە.
لای خانای قوبادیش کە لە نێوان (١٦٧٢ز- ١٧٣٥ز) دا ژیاوە، دیسان بە ڕوونی هەستی کوردبوون و ڕێزگرتنی زمانی کوردی دەردەکەوێت کاتێک کە دەڵێت: ڕاستەن مەواچان فارسی شەکرەن کوردی جە فارسی بەل شیرین ترەن
پەی چێش نە دەوران ئی دنیای بەدکێش مەعلومەن هەر کەس بە زمان وێش
حاچی نیعمەتوڵا (١٨٧١- ١٩٢٠ ز)، کە یەکێک لە زانا و سەرکردەکانی یارسان بووە و خاوەنی چەند کتێبێکی گرنگە سەبارەت بە ئاینی یارسان و پێش دەرکەوتنی گومان سەبارەت بە ناسنامەی گۆرانەکان بابەتەکانی نووسیوە، دەبێژێت کە ئەو کتێبی (ڕیسالەی تەحقیق) ی بە زمانی کوردی نووسیوە، کە لە ڕاستیدا بە زاراوەی گۆران نووسیویەتی. جگە لەوە دەڵێت زمانی سان سەهاک کوردی بووە کە دیسان مەبەستی لە زاراوەی گۆرانە.
ئەمە لە کەلامە یارسانیەکانیشدا دەردەکەوێت کە سەبارەت بە عابدینی جاف-ن و بە زمانی سۆرانین و به‌ گشتی له‌ که‌ڵامی عابدینی جاف- دا کورد و گۆران یەکن. ئەوەتا کاتێک سان سەهاک پرسیار لە خاتوو شه‌ریفه‌ دەکات سەبارەت بە عابدینی جاف و دەگووترێت “بانگی کرد شەریفە ئەمە کینە؟” خاتوو شەریفە لە وەڵامدا دەڵێت: “ئازیزم ئەمە کوردی لە خۆیت خوێنە” واتە (ئەوە کوردە و لە خوێنی خۆتە). کە دیسان گۆران و سۆران لەوێدا هەردوو خۆیان بە کورد داناوە. (یەکێک لەو کەلامە نایابانەی عابدینی جاف کە بە تەنبور و مۆسیقای ڕەسەنی کوردیەوە چڕاوە و بە زاراوەی سۆرانە، لەم لینکەدا دەتوانرێت گوێی لێ بگیرێت: http://yariyarsan.com/mp3/abdina.mp3 )
مانای کورد بوون لە ناوی زانا کوردەکانیشدا دەردەکەوێت. سۆفیگەر و ڕێفۆرمیستی گەورەی کورد کە لە سەدەی حەڤدەی زاینیدا ژیاوە و ئەمڕۆ چەندین لێکۆڵینەوە لە جیهاندا لەسەر کارەکانی کراوە و خاوەنی پەنجا و حەوت کتێبە لەسەر تەسەوف، دەبینرێت ناوەکەی بریتیە لە “ئیبراهیم کوردی گۆرانی شارەزووری”، پرسیارەکە ئەوەیە کە تۆ بڵێی زانایەکی وەک ئیبراهیم کوردی گۆرانی، هێندەی فارسێک کە دوێنێ شتێک سەبارەت کورد فێربووە یان ئەوروپیەک لە ژوورێکی زانکۆیەکی ئەوروپادا خەریکە، ئاشنای ناسنامەی خۆی نەبێت و ئەمان بتوانن ئەو سۆفیگەر و زانا کوردە ئاشنای ناسنامەی خۆی بکەن؟ لە ڕاستیدا دەستنیشانکردنی ناسنامەی خەڵکێک لەلایەن کەسانێک لە دەرەوەی ناو کۆمەڵگەکەوە، بنەما سەرەتاییەکانی کاری لێکۆڵینەوەی زانستی تێدا نیە، کەچی سەرەڕای ئەوە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر کورد بە ڕەوا دانراوە و قبوڵیش کراوە.
هەر وەک بەڵگە مێژوویەکان دەری دەخەن، مێژوونوسە ئیسلامیەکان لە سەدەی نۆیەمەوە، واتە زیاتر لە هەزار و سەد ساڵە هەموو زاراوە کوردیەکانیان بە کوردی داناوە و لای ئەوان گۆرانەکانیش لە کورد بووندا هیچ جیاواز نەبوون. لە هەمان کاتدا وەک لە شیعرە کوردیە دێرینەکاندا دەردەکەوێت، گۆران و هەورامیەکان شانازیان بە کوردبوونی خۆیانەوە کردووە و دێرینترین بەڵگەی دەربڕینی کوردبوون کە ئەمڕۆ لەبەردەستدایە، لای ئەوان بووە نەک سۆران و کرمانجەکان و ئەو دەربڕینە لای ئەوان زۆر ڕوون و دێرینترە. وەک لە سەرەوە بە ڕوونی خرایە ڕوو، ئەو گومانەی کە دروست بووە بەهۆی نەشارەزایی و نائاشنایی لێکۆڵەران بە سەرچاوە مێژوویەکان و هەڵەی هەندێک لە لێکۆڵەرە ئەوروپیەکانەوە هاتۆتە کایەوە، بەڵام لە دوای دابەشکردنی کوردستان ئەم بۆچوونە لەو وڵاتەی کە ئەمڕۆ پێی دەڵێن ئێران، لە ژێر دەستەواژەی داگیرکردندا کە ناویان لێناوە “ئێران” دیسان پشتگیری لەو بۆچوونە هەڵەیە کراوە بە مەبەستی جوداکردنەوەی ئەو بەشە گرنگە لە نەتەوە و فەرهەنگی کوردی. زازاکی کە ئەویش زاراوەیەکی زۆر نزیکە لە ماچۆ و لە باکوری کوردستان قسەی پێ دەکرێت، نزیکی چوار سەد ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ئەولیا چەلەبی بە ڕەگەز تورک، بە کورد دانراون. کەچی ئەمڕۆ هەوڵێکی زۆر داڕێژراو لەلایەن حکومەتی تورکی لە ئارادایە بۆ ئەوەی کە بە هەموو شێوەیەک زازاکان لە کورد جودا بکرێنەوە و دیسان هەندێک لە ئەوروپیە نەشارەزاکان، ملیان بۆ ئەو بۆچوونە تورکیە داوە و بڕیاریان داوە کە ئەوان لە کورد جودا بکەنەوە، دیسان بێ ئەوەی یەک بەڵگە هەبێت کە کوردبوونیان ڕەت بکاتەوە.
لە ڕاستیدا ئەمڕۆ دەوڵەمەندترین بەشی ئەدەبی دێرینی کوردی بە زاراوەی ماچۆیە و بە هەزاران شیعری دێرین هەن بەو زاراوەیە کە بەشێکی زۆریان ئاینین و بۆ ئاینی پیرۆزی یارسان (کاکەیی) گووتراون. هێشتا زۆرینەمان شتێکی ئەوتۆ سەبارەت ڕێزمان و ئەدەبی زاراوەی ماچۆ نازانین، بەڵام وەک ڕوونکرایەوە هەورامی و گۆرانەکان لە مێژ تر و ڕوونتر کوردبوونیان خستۆتە ڕوو. لەبەر ئەوە بە دڵنیایی هەتاوەکو کورد ئاشنای ئەو زاراوەیە و ئەدەبەکەی نەبێت ئەوا ناتوانێت بە تەواوی ئاشنای ئەدەب و فەرهەنگی دێرینی خۆی و مانای کورد بوون ببێت.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبینی: سوپاسی کاک ڕزگار بەهادوڕ دەکەم کە هەندێک ڕوونکردنەوە و لینکی ئەو کەلامە دەنگیەی بۆ ناردم کە لەگەڵ بابەتەکدا دانراوە.
سەرچاوەکان
– حەمەڕەش، سۆران (٢٠١٣) کورد کێیە؟، لەندەن.
– بۆرەکەیی، صدیق (١٩٩٦) مێژووی وێژەی کوردی، بەشی یەکەم و دووهەم، انتشارات ناجی، بانە.
– Asatrian, Garnik (2009) Prolegomena to the Study of the Kurds, Iran and The Caucasus , vol. 13, no. 1, pp. 1-57, Brill, Netherlands.
– Leezenberg, Michiel, Gorani Influence on Central Kurdish: Substratum or Prestige Borrowing? [Internet], ILLC – Department of Philosophy, University of Amsterdam. Available from: <home.hum.uva.nl/oz/leezenberg/GInflCK.pdf> [Accessed: 15/02/2009].
-MacKenzie, D.N.(1999) The Origins of Kurdish, Iranica diversa, Volume 2, Volume 84 of Serie orientale Roma Iranica Diversa, Istituto italiano per l’Africa e l’Oriente, Italy.
– Minorsky. F (1960) , Ahl-i Hakk, 1:260:62; and idems, Sotes la Secrete des Agle-Haqq, 8 and 17.
– O’Shea, Maria T. (2004), Trapped Between the Map and Reality: Geography and Perceptions of Kurdistan, Routledge: New York.
– Rich, C. J. (1836) Narrative of a residence in Koordistan : and on the site of ancient Nineveh; with journal of a voyage down the Tigris to Bagdad and an account of a visit to Shirauz and Persepolis, James Duncan, London.
-Soane, E.B. (1912) To Mesopotamia and Kurdistan in Disguise: With Historical Notices of the Kurdish Tribes and the Chaldeans of Kurdistan, Boston Small, London.

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …