Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى مەسیحى / بەردەیسان؛ فەیلەسوفەکەی سەدەی دووەمی زاینی کوردستان کێ بوو؟

بەردەیسان؛ فەیلەسوفەکەی سەدەی دووەمی زاینی کوردستان کێ بوو؟

11010583_873015426067459_7627845496097500875_o

نووسینی: سۆران حەمەڕەش
لە منداڵیدا یەکێک لەو شتانەی کە لەسەر کورد خوێندمەوە و زۆر پێی دڵخۆش بووم، گەشتەکەی زەینەفۆن بوو بە کوردستاندا. هیچ نەبێت لە ڕێگای ئەو کتێبەوە هەستم کرد ئێمەی کورد لە سوچێکی مێژوودا هەبووین. بۆ من شتێکی گەورەبوو کە لەو تەمەنەدا بزانم هەزاران ساڵ لەمەوبەر باوباپیرانمان بە تیروکەوان شەڕیان کردبوو. دەمهێنایە بەرچاوی خۆم کە بەجلی چەرم و قژی درێژەوە بە ڕم و تیروکەوان شەڕیان دەکرد.
هەرچەندە خوێندنەوەی ئەو زانیاریانە لە منداڵیدا دڵخۆشی کردبووم و تۆزێک زامی بزربوون و هەتیویی فەرهەنگی ساڕێژ کردبووم، بەڵام ئەو کتێبانە لە هزرمدا ڕوخسارێکی تایبەتیان بۆ کورد دروست کردبوو. باوباپیرانم وەک جەنگاوەرێکی دڕندە دەهاتە بەرچاو و شتێکی تری ئەوتۆ نەبوو کە بتوانێت ڕوخسارێک لەوە زیاتر لە هزرمدا دروست بکات. لە ڕاستیدا ئەو ڕوخسارە هەر لای منی زارۆکدا دروست نەبوو بوو، بەڵکو بە گشتی کە کتێبە مێژووییەکانت سەبارەت بە کورد بخوێندایەتەوە، لە زۆرینەی ئەو کتێبانەدا هەر ئەوە دووبارە دەبووەوە. بەڵام لەگەڵ تەمەندا کە چوومە قوڵایی مێژووەوە، بۆم دەرکەوت کە ئەو ڕوخسارە لە ئەنجامی نائاشناییمان بە خۆمان دروست بووە و بۆم دەرکەوت کە چەند بە هەڵە لە خۆمان گەیشتووین و خۆمان ناناسین.
ئەمڕۆ زۆر جار لە ناو مەزنیی گەنجینە و دەوڵەمەندیی فەرهەنگ و مێژووی کورد دا، ئەو ماوەیەی کە لە تەمەنم ماوە، هێندە لەلام کورت دەنوێنێت، ماتەمی دامدەگرێت. خەممە تەمەنم بەشی ئەوە نەکات لەسەر ئەو هەموو بابەتانە بنووسم کە بە نیازم لەسەریان بنووسم و ئەو هەموو گەوهەرە لەوێدا بێ خاوەن بمێنێت. ئەم فەرهەنگە هێندە دەوڵەمەندە سەدانی وەک من بە شێوەیەکی بەردەوام لەسەری بنووسن هێشتا بەش ناکات. لە ڕاستیدا ئا لەو سەردەمەی کە زەینەفۆن بە کوردستاندا تێپەڕ بوو بوو، خەڵک لێرە گفتوگۆیان لەسەر گەردوون، چارەنووس و مانای ژیان دەکرد. بۆیە زۆرجار ژیانی هەندێک لە پیرمەند و فەیلەسوفەکانی ڕابردووی کوردستان، پەنجەرەیەک لەسەر دنیای فیکریی باوباپیرانمان دەکەنەوە.
یەکێک لەو زانا و فەیلەسوفە جیهانیانە، ناوی (بەردەیسان) بووە. بەردیسان نزیکی هەزار و نۆسەد ساڵ لەمەوبەر لە کوردستاندا ژیاوە و لە ساڵی ١٥٤ ز دا لە دایکبووە و لە نزیکی ٢٢٢ ز دا کۆچی دوایی کردووە. واتە نزیکی چوار سەد ساڵ پێش هاتنی عەرەبەکان ئەم فەیلەسوفە لە کوردستاندا ژیاوە. بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر بنەچەی خێزانیی ئەم فەیلەسوفە، هەندێک دەڵێن ئەشکانی بووە و هەندێک دەڵێن ئارامی بووە. هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەردەیسان هاوشێوەی مانی پێغەمبەر بە زمانی ئارامی نووسیویەتی و لە ڕابردووشدا زۆر جار هەر خەڵکێک کە ناسراو بووبێت، خراوەتە پاڵ نەتەوەی باڵا دەست یان نەتەوەی خاوەنی ئەو زمانەی کە پێی نووسیوە، لەو سەردەمەشدا دەسەڵاتی ئەشکانی لە دەسەڵاتی کوردی گەورەتر بووە و زمانی ئارامیش زمانی نووسینی زۆرینە بووە، بۆیە بە ئەشکانی و ئارامی لە قەڵەم دراوە. هەندێک جاریش لەبەر ئەوەی کە کتێبێکی لەسەر مێژووی ئەرمینیا نوسیوە، بە ئەرمەنی لە قەڵەم دراوە. لە ڕاستیدا بنەچەی ڕەگەزیی باردەسیان- ی فەیلەسوفیش وەک مانی پێغەمبەری لێکراوە.
بەردەیسان بەشی زۆری ژیانی لە شاری ئورفەی باکوری کوردستان بەسەر بردووە بەڵام هەندێک ئاماژە هەیە کە پەیوەندی بە ناوچەی گەرمیانیشەوە هەبێت، هەرچەندە ئەو پەیوەندیەش زیاتر وەک پەیوەندی فیکری و فەرهەنگی دەردەکەوێت وەک لە بنەچەی خێزانی. لە تێکستێکدا کە لەلایەن نەیارێکیەوە بە ناوی (سەینت ئیفریم)، کە دوای زیاتر لە سەد ساڵ لە مردنی بەردەسیان نووسیویەتی، لە پلاردان لە بەردەیسان و لە ئاماژەکردندا بەو دەڵێت “هاتووە شتی هێناوە لە زاراوەی گەرمیان (بیت گرمای) و زاراوەی ئێدێسا (ئورفە)……..”. واتە بە ڕوونی بنەچەی فیکری باردەسیان بەستراوە بەو دوو ناوچەیەوە.
گرانە ئەمڕۆ لە سەدا سەد بزانرێت کە ئەم فەیلەسوفە سەر بە کام ڕەگەزە و لە ڕاستیدا زۆر ئەگەری ئەوە هەیە کە کورد بووبێت، بەڵام ئەوەی کە هیچ گومانی تێدا نیە ئەوەیە کە بەردەیسان خەڵکی کوردستانە و زۆربەی ژیانی لەوێدا بەسەر بردووە و کاریگەری بیروبۆچوون و فەرهەنگی کوردستانی ئەو سەردەمەی لەسەر بووە و وەک فەیلەسوف و کەسایەتیەکی جیهانی، کاریگەری گەورەشی لەسەر دەوروبەرەکەی هەبووە.
ئەم فەیلەسوفە لە خێزانێکی دەوڵەمەند دا گەورە بووە و بەهۆی ئەوەوە توانیویەتی خوێندنێکی باشی هەبێت و لەلای کابرایەکی ئاینیی خۆماڵی لە ڕۆئاوای کوردستان لە شاری (مونبج) ی نزیک حەلەب خوێندوویەتی. بەردەیسان کابرایەکی میانڕەو بووە لە فیکردا و وەک هەندێک لە فەیلەسوفەکانی تر تەرکی دنیای نەکردووە و ژنی هێناوە و منداڵیشی هەبووە. ئەم فەیلەسوفە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئاینی کریستیاندا ژیاوە بەڵام وەک خەڵکێکی ڕەسەنی ناوچەکە، ئاینە نوێکە کە ئاینی کریستیانە بەرگی ئاینە، دێرینەکانی کوردستانی لەبەر کردووە و بەو بەرگە نوێیەوە قبوڵی کردووە و خستوویەتیە ڕوو.
ئەم کەسایەتیە هاوشێوەی زۆر لە پیرمەندەکانی تری کوردستان، لەبەر ئەوەی کە لە ناوچەیەکدا ژیاوە کە لە نێوان دەسەڵاتی سەرەکی ئەو سەردەمەی ئەشکانی و ڕۆمدا بووە، بۆیە لە بیروباوەڕی ئاینیدا کاریگەری فیکریی ئەو دوو فەرهەنگە و ئاینە بنەچە دێرینەکانی ناوچەکەی لەسەر بووە و ئەوانەش لە بیروبۆچوونی ئاینی و فەیلەسەفی ئەودا ڕەنگیان داوەتەوە. ئەمانەی خوارەوە ناوی هەندێک لە بەرهەمەکانین:
– تاریکی و ڕۆشنایی.
– سروشتی ڕۆحانی حەق (ڕاستی).
– جێگیر و ناجێگیر.
– سەبارەت بە چارەنووس.
– کتێبی یاسای وڵاتان.
جگە لەو بەرهەمانەی سەرەوە، چەندین بەرهەمی تری هەبوون. بە داخەوە زۆربەی بەرهەمەکانی بزرن و جگە لە پارچەی بچووک نەبن، دەنا بەرهەم و بابەتەکانی زیاتر لەلایەن خەڵکانی دوای خۆی باسکراون. بەردەیسان بە تایبەت بە دانەری یەکەم شیعری گۆرانی ئاینیی کریستیان دادەنرێت لە مێژوودا. ئەم شیعرە ئاینیانە، کە بە ئاوازەوە دایناون و ژمارەیان سەد و پەنجا شیعری ئاینی بووە، بە سەدان ساڵ دوای خۆی گووتراون.
بەردەیسان سوودی وەرگرتووە لە فەلسەفەی یۆنانی دێرین بەڵام هێرشی کردۆتە سەر فیکری فەیلەسوفەکانی دوای ئەرستۆ لەبابەتی چارەنووسی پێش بڕیاردراودا و هەروەها سوودی لە دواڵیزم و زانستی ئەستێرەناسی کلدانی وەرگرتووە بۆ داڕشتنی بیروبۆچوونی و بە ووردی بۆچوونی خۆی سەبارەت بە خودا، چارەنووس، هێزی تاریکی، …. داوە.
دوای مردنی، باردەسیان لەلایەن هەندێک کریستیانەوە بە لادەر لە ئاینی کریستیان دانراوە و سەینت ئیفریم کە خەڵکی هەمان شارەکەی خۆی بووە، بە دوورودرێژی بابەتی دژی ئەو فەیلەسوفە و مانی پێغەمبەر نووسیوە و هێرشی زۆری کردۆتە سەریان. هەردوو بەردەسیان و مانی پێغەمبەر، سەرەڕای جیاوازی نێوانیان، بنەچەی فیکریان دەگەڕێتەوە بۆ یەک ڕەگی فیکریی کوردستان و هاوشێوەیی فیکری لە نێوانیاندا بەدی دەکرێت.
ئەمڕۆ بە سەدان لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لە ڕۆژئاوا لەسەر بیروباوەڕ و فیکری ئەم فەیلەسوفە هەیە. لە هەمان کاتدا وەک هەموو جارێکی تر، زۆرینەی خوێندەواری کورد ئاشنای فەیلەسوفێکی مەزنی سەر خاکی خۆی نیە، فەیلەسوفێک کە بە دڵنیایی کاریگەری گەورەی لەسەر زانا کوردەکانی دوای خۆی بەجێهێشتووە. فیکری بەردەیسان ئەڵقەیەکی تری بزر بووە لە زنجیری فیکری کوردی ترازاو و بە دڵنیایی تێگەیشتنمان لە فەلسەفە و فیکری ئەو فەیلەسوفە هەوڵێکە بۆ گرێدانەوەی ئەو زنجیرە بچڕاوە.
نووسینی سۆران حەمەڕەش
تێبینی: وێنەکەی بەردەیسان وێنەیەکی خەیاڵیە و بنەچەی مێژوویی نیە.
سەرچاوەکان:
-Drijvers , H. J. W. (2007) The Book of the Laws of Countries: Dialogue on Fate of Bardaiṣan of Edessa, Gergias Press LLC, New Jersey.
-Apocalyptic Thought in Early Christianity (Holy Cross Studies in Patristic Theology and History)
– Robert S.J. Daly, J.(2009) Apocalyptic Thought in Early Christianity (Holy Cross Studies in Patristic Theology and History), Baker Books, USA.
– Hegedus, T. (2007) Early Christianity and Ancient Astrology, Peter Lang Publishing, New York
– Reinink, G.J. (1999) After Bardaisan: Studies on Continuity and Change in Syriac Christianity in Honour of Professor Han J.W. Drijvers, Peeters Publishing and Department of Oriental Studies Bandgenotenlaan, Louvian.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

1475586543132

خويندنەوەيەكى تر سەبارەت بە نــــەخشە هەڵكۆڵراوەكەى قزقەپــان

‌ه. دكتۆر ج.ج.كامیرۆن لە دانشگای شیكاگۆ وا دەبینێ كە گۆڕی قزقەپان بۆ سەردەمێكی دواتر لە …