Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی كۆنی كورد / بۆ دوو هەزار ساڵە مید و هەزەبانیەکان لە کێشمەکێشی ڕۆم و عەجەمدا چۆنیان گوزەراندووە؟

بۆ دوو هەزار ساڵە مید و هەزەبانیەکان لە کێشمەکێشی ڕۆم و عەجەمدا چۆنیان گوزەراندووە؟

12304548_973963745972626_642577421430085038_o

 

نووسینی: سۆران حەمەڕەش
کە منداڵ بووم کاتێک کە کتێبە کوردیەکانم دەخوێندەوە، زۆر جار وشەی ڕۆم و عەجەم دەهاتە بەرچاوم. دەمبینی شاعیرە کوردەکان هەتاوەکو سەدەی ڕابردووش تورک بەڕۆم ناو دەبەن. ئەو کات دەمویست تێبگەم، بۆ ئەوان تورکیان بە ڕۆمی ناوبردووە؟ ئەمڕۆش کاتێک کە شتێک هەر بڵێن دەبێت و نەبێت، دەڵێین “بوو بە هات هاتەکەی ڕۆم”. لەگەڵ ووردبوونەوەمدا لە مێژووی کورد، لە دێرنی بەکارهێنانی ئەو وشەیە تێگەیشتم و بۆم دەرکەوت کە کورد مێژوویەکی زۆر دێرینی لەگەڵ زلهێزەکانی وەک ڕۆم هەبووە.
دوای ڕووخاندنی دەوڵەتی ئەخمینی لەلایەن ئەسکەندەری مەقدۆنیەوە، هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا گۆڕا. دەوڵەتێکی دوور لە یۆنانەوە ڕووی کردە ناوچەکە و لە نزیکی ٣٣٠ پ.ز دا دەستیکرد بە حوکمڕانیکردن لە بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەو سەردەمەدا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنها ناوچەی ئازەربایجان (ئاتەرپاسیان)، کە لە ژێر دەستی کوردە میدەکاندا بوو، نیمچە سەربەخۆ و دوایی سەربەخۆی تەواو بوو. سەلۆکیە یۆنانیەکان لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا لاواز دەبوون و دەسەڵاتیان لە دەست دەچوو. بۆیە لە ناوچەی دوورە دەستی دەسەڵاتی یۆنانی و لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتی ئەمڕۆی بە ناوئێراندا، دەسەڵاتێک دەرفەتی بۆ ڕەخسا کە گەورە ببێت و لە نزیکی سەدەیەک دوای هاتنی یۆنانەکانەوە، ئەو هێزە بەرەو هەڵکشان دەچوو. لە هەمان کاتدا دەسەڵاتێکی تر لە ڕۆژئاواوە ووردە ووردە شوێنی بە سەلوکیە یۆنانیەکانی لەق دەکرد، کە ئەویش دەسەڵاتی ڕۆمانەکان بوو، ئەوان وەک ئیمراتۆریەتێکی گەورە شوێنی ئەوانیان دەگرتەوە.
بەو جۆرە دەسەڵاتە کوردیەکان زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە کەوتبوونە نێوان دوو هێزی گەورەی نوێوە، ئەشکانی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆم لە باکور و ڕۆژئاواوە. بۆ ماوەیەکی بەرچاویش ئەرمینیەکان توانیان وەک هێزێکی گەورە دەربکەون و هاوکێشەی هێز لە ناوچەکەدا بگۆڕن. کورد ئەو کاتە چەند ناوچەیەکی حوکمرانی هەبوو و هەر یەک لەو ناوچانە نیمچە سەربەخۆ و هەندێک جار سەربەخۆی تەواو بوون. سێ گرنگترینی دەسەڵاتی ناوچەیی کوردی لەو سەردەمەدا بریتی بوون لە ناوچەی دەسەڵاتی میدەکان (ئازەربایجان)، ناوچەی دەسەڵاتی هەزەبانیەکان (هەزەبان) و ناوچەی دەسەڵاتی کوردیان (جەزیرەی ئەمڕۆ). ناوچەی تریش هەبوون بەڵام ئەو سێ ناوچەیە گرنگترینیان بوون.
ئەم سێ ناوچەیە هەرچەندە هەر یەکەیان پاشای خۆی هەبوو بەڵام بەهۆی سنوورداری دەسەڵاتیان کاریگەری دوو دەوڵەتی سەرەکی ڕۆم و ئەشکانیان بە ڕوونی لەسەر بوو. ئەو کاریگەریە لە ئاین، زمان و زۆر ڕووی فەرهەنگیدا ڕەنگی دابووەوە. بۆ نموونە کوردستان ژمارەیەکی باش کڵێسای تێدا بوو؛ بە تایبەت شارەکانی وەک هەولێر و کەرکوک دوو ناوەندی گرنگی ئاینی کریستیان بوون و لە هەمان کاتدا ئاینی زەردەشتیش لە شارەکانی کوردستاندا لە ژێر کاریگەری ئەشکانیەکاندا بڵاوکرابوونەوە. زۆر جار ململانێی نێوان زلهێزەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان لە ململانێی نێوان ئاینەکانی زەردەشتی و کریستیاندا دەردەکەوت. لەبەر ئەوەی وڵاتی کورد شوێنی ململانێی زلهێزەکان بوو، بۆیە چەندین هەوڵی ناوخۆیی کوردی هەبوون بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشی نێوان ئەو ئاینانە. ئاینی مانی تا ڕادەیەکی باش نوێنەرایەتی ئەو بۆچوونە ناوەندیەی دەکرد کە دەیویست بە سوودوەرگرتن لە ئاینەکانی تر ئاینێکی تر دابمەزرێنێت کە خاڵی هاوبەشی هەموویان لەخۆ بگرێت. بۆیە پەیڕەوانی ئاینی زەردەشتی و کریستیان هەردووکیان بە تەواوی دژایەتیان دەکرد و کریستیانەکان بە لادەر لە دین دایان دەنا و پەیڕەوانی ئاینی زەردەشتیش دژایەتیان دەکرد کە لە دواییدا بووە هۆی کوژرانی ئەو پێغەمبەرە.
بە گشتی کاریگەری سیاسی و ئابوری ئەشکانیەکان گەورەتر بوو لەسەر کورد وەک لە کاریگەری ڕۆم. زۆربەی جار دەسەڵاتە کوردیەکان دەبوو باج بە دەسەڵاتی ئەشکانی بدەن و زیاتر ئەوان ڕازی بکەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک دەسەڵاتی ڕۆمیش پشتگوێ نەخراوبوو. ئەو کاریگەریە لە پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانیشدا دەردەکەوت. بۆ نموونە کاتێک کە لە نزیکی کۆتایی سەدەی یەکەمی پێش زایندا میدەکان بێزار بوو بوون لە کاریگەری دەسەڵاتی ئەشکانی، خۆیان دایە پاڵ ڕۆم و ڕێکەوتنامەی دۆستایەتیان لەگەڵ ڕۆم واژوو کرد کە لە سایەیدا کچی پاشای مید درا بە کوڕی سەرکردەی مەزنی سوپاسی ڕۆم، مارک ئەنتۆنی، کە دایکی ئەو کوڕە کلەیۆپاترای شاژنی میسر بوو. ئەوەبوو دوایی ئەشکانیەکان دەرکیان بە مەترسی ئەو ڕێکەوتنە کرد و پەلاماری وڵاتی مید (ئازەربایجان) یان داو پاشاکەیان لە ناوبرد و پاشایەکی دۆستی ئەشکانیان لەوێ دانا. لە هەمان کاتدا زلهێزەکانیش حسابیان بۆ دەسەلاتە کوردیەکان دەکرد. سەرنج دەدرێت کاتێک کە لە سەدەی یەکەمی زاینیدا تیریدادی پاشای ئەشکانی بانگهێشت کرا بۆ ڕۆم، کوڕی پاشای هەزەبانی و میدی وەک نوێنەری دوو دەسەڵاتی گەورەی ناوچەکە لەگەڵ خۆی برد بۆ ئەوێ.
بە هەمان شێوەی میدەکان، هەزەبانیەکانیش دەبوو هەردوو ڕۆم و ئەشکانی ڕازی بکەن. لە سەدەی یەکەمی زاینیدا مەنوبازی هەزەبانی بەهۆی هەڵسوکەوتی ژیرانەیەوە و سەرەڕای هەڕەشەی پەلاماری ئەشکانیەکان، خۆی لە ئەشکانیەکان نزیک کردەوە و توانی ناوچەی دەسەڵاتی زۆر فراوانتر بکات. بەڵام زۆر جار نەتوانراوە ئەو هاوسەنگیە لەلایەن هەزەبانیەکانەوە ڕابگیرێت. بۆیە لە ساڵی ١١٦ ز دا تراجانی قەیسەری ڕۆم، بە سوپایەکی گەورەوە ناوچەی هەزەبان (هەولێر) ی داگیرکرد.هەروەها لە کۆتایی سەدەی دووەمی زاینیدا، کاتێک کە (ناسرای) پاشای هەزەبانی هاوکاریکردنی ئەشکانیەکانی لە جەنگدا لە دژی ڕۆم ڕەتکردەوە، دوای سەرکەوتنی ئەشکانیەکان، هێرش کرایە سەر ناوچەی هەزەبانیەکان و پاشاکەی لەلایەن ئەشکانیەکانەوە کوژرا. ئەم کاریگەریە لەسەر ناوچەی کوردیانیش هەبووە.
زۆر جار ئەوە وایکردووە کە هەر وەک چۆن ئەمڕۆ هەندێک وشەی تورکی، فارسی و عەرەبی لە ناو زمانی کوردیدا خۆی چەسپاندووە، بە هەمان شێوە وشەی زمانی ئەشکانیەکان (پەهلەوی) و زمانی ڕۆمەکان (لاتینی و یۆنانی) بێنە ناو کوردیەوە. دوو وشەی “فەلاقە” و “بێگانە” دوو وشەی نموونەیی ئەو کاریگەریەن. وشەی “بێگانە” ی کوردی لە لە زمانی ئینگلیزیدا بە شێوەی pagan دەردەکەوێت، کە بەکاردێت بۆ ئاماژەکردن بە “کەسێک کە بیروباوەڕێکی هەبێت لە دەرەوەی ئاینە سەرەکیەکانی جیهاندا بێت”. وشەکە لە بنەچەدا ئینگلیزی نیە و لە زمانی لاتینیەوە هاتۆتە ئینگلیزی ناوەراستەوە. لە زمانی لاتینیدا وشەی “paganus” بۆ ئاماژەکردن بۆ (خەڵکی لادێ، خەڵکی دەرەوەی شار) بەکارهاتووە. پێشتر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئاینی کریستیاندا کریستیانەکان خۆیان بە سەرباز ناو دەهێنا و paganus یان بەکاردەهێنا بۆ ئاماژەکردن بە خەڵکانی دەرەوەی ئاینەکە. وا دەردەکەوێت کە ئەم وشەیە لەگەڵ ڕۆمەکان و ئاینی کرسیتیاندا هاتبێتە ناو کوردەوە و کورد تۆزێک ماناکەی گۆڕیبێت بەڵام بێ ئەوەی لە مانا بنەچەییەکە لایدابێت. بەو جۆرە وشەکە بە تۆزێک گۆرانەوە کوردێنراوە و بووەتە “بێگانە”. وشەی ‘فەلاقە” ش لە زمانی ئینگلیزیدا بە شێوەی flog دەردەکەوێت بە مانای “لێدان”. فەرهەنگی ئۆکسفۆرد دەڵێت کە لەوانەیە لە وشەی flagellare ی لاتینەوە هاتبێتە زمانی ئینگلیزیەوە. وەک دەردەکەوێت ئەو دوو وشەیە کە زۆر لە کوردی دەچن، لە بنەچەدا بەهۆی کاریگەری ڕۆمانەکان و زمانی لاتینیەوە هاتوونەتە کوردیە.
بەو جۆرە نزیکی دوو هەزار ساڵە کورد لە نێوان دوو زلهێزی زۆر گەورەتر لە خۆی دەیگوزەرێنێت، بۆیە کاتێک کە تورکەکان شوێنی دوژمنە کۆنەکەیان لە وڵاتی ڕۆمدا گرتۆتەوە، کورد ناوەکەی نەگۆڕیوە و بە تورکی گوتووە “ڕۆم” یان “تورکی ڕۆمی”. ئەم پێگە جوگرافیەی کورد وایکردووە کە دەسەڵاتە کوردیەکان هەتاوەکو ئەمڕۆش هەوڵ بدەن هاوسەنگیی نێوان ئەو دوو دەسەڵاتە ڕابگرن. هێزە کوردیەکانی ئەمڕۆی هەر چوار پارچەکەی کوردستان، کاریگەری و تورک و عەجەمیان لەسەر ئاشکرایە و ئەوەی کە گۆڕاوە ئەوەیە کە لە ڕابردوودا ئەو کاریگەریە لە شێوەی ڕۆم و ئەشکانیدا بووە. دیارە هیچ هێزێک ناتوانێت بمێنیتەوە ئەگەر خوێندنەوە بۆ هێزەکانی دەروبەری نەبێت و ئەوە بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵە دەسەڵاتە کوردیەکان لەو ململانێیەدان، بەڵام لەم سەردەمەدا کە نەخشەی ناوچەکە خەریکە دادەڕێژرێتەوە، ململانێکە بە شێوەیەکی بەرچاو لە هەڵسوکەوت و ڕەفتاری حیزبە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەکەی کوردستاندا دەردەکەوێت و زۆر جار لە شارەکانی وەک کەرکوک و نەینەواو و شنگاردا ئەو ململانێیە هەندێک ڕووی ناشرینی دەردەکەوێت.
وەک ئاماژەی پێکرا، مێژووی ئەو دوو جەمسەرە ناوچەییە دێرینە و لە ڕابردوودا بە شێوەی ڕۆم و ئەشکانی و ئەمڕۆش بە شێوەی تورک و عەجەم دەردەکەونەوە. بەرژەوەندی جیهان لە سەقامگیری ناوچەکەدایە و هەتاوەکو ئێستا پاڵنەری وا بەهێز دەرنەکەوتووە کە بە هۆیەوە جیهان پشتگیری لە لەقکردن و هەڵوەشاندنەوەی هیچ کام لەو دوو جەمسەرە بکات لەبەر ئەوەی ئەوان پێیان وایە کە داهاتووی هەڵوەشاندنەوەی ئەو دوو زلهێزە ناوچەییە ڕوون نیە و مەرج نیە هەڵوەشاندنەوەشیان لە توانای ڕۆژئاوادا بێت. بە دڵنیایی هەتاوەکو دوو جەمسەری تورک و عەجەم یەکێکیان لەق نەبێت، بوونی کیانێکی گەورەی بەهێزی سیاسی سەربەخۆی کوردی ئەمڕۆش وەک ڕابردوو مەحاڵ دەبێت. زلهێزەکانی جیهان دەبێت هەست بە پێویستی هەڵوەشداندنەوەی یەکێک لەو دوو جەمسەرە یان هەردووکیان بکەن بەڵام یەکگرتوویی و وەلاخستنی بەرژەوەندی کاتیی هێزە سیاسیە کوردیەکان دەشێت بتوانێت ئەو هاوکێشە تەمەن زیاتر لە دوو هەزار ساڵە بگۆڕێت. مەخابن لە ئێستادا هیچ هیوایەکی لەو جۆرە لە هێزە سیاسیەکانی کوردستان ناکرێت. بەڵکو ئەوان دوور لە وتارە سیاسیەکانیان بە کردار زیاتر دابەشبوونی کوردستانیان قوڵتر کردۆتەوە و هەتاوەکو ئێستا تروسکاییەک نیە کە بتوانێت نەوەکانی دەوڵەتەکانی مید و هەزەبانی و کوردیان لە سایەیدا، ئەو ناوچەیە بخەنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و ئەو فەرهەنگە مێژووییە بپارێزن. بەو جۆرە ململانێی سەردەمی مید و هەزەبانیەکان لەگەڵ دوو جەمسەری هێزی ناوچەکەدا لەوە ناچێت لە داهاتووی نزیکدا کۆتایی بێت.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبینی: هەموو زانیاریەکانی ئەم وتارە سەرچاوەیان هەیە و لە کتێبی “کورد کێیە؟” ی بەندەدا خراونەتە ڕوو.
وێنەکان: لە ڕاستەوە، وێنەی سەلیم پاشای ئامێدیە لە ساڵی ١٨٤٣، وێنەی دووەم پیاوێکی ئێزدیە لە ساڵی ١٩٢٠ و وێنەی سێیەم پیاوێکی ئاینیی میدیە و وێنەی چوارەم فەرمانبەرێکی دەوڵەتی بابانە لە ساڵی ١٨٢٠ دا.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

1475586543132

خويندنەوەيەكى تر سەبارەت بە نــــەخشە هەڵكۆڵراوەكەى قزقەپــان

‌ه. دكتۆر ج.ج.كامیرۆن لە دانشگای شیكاگۆ وا دەبینێ كە گۆڕی قزقەپان بۆ سەردەمێكی دواتر لە …