Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى زەردەشتى / ئایا ئاینی زەردەشتی ئاینێکی کوردیە؟

ئایا ئاینی زەردەشتی ئاینێکی کوردیە؟

10662009_897714913597510_3856269543617034964_o

نووسینی: سۆران حەمەڕەش

زۆر دەمێکە دەمەوێت لەسەر ئەم بابەتە بنووسم و لە کتێبەشمدا بە کورتی لەسەریم نووسیبوو. ئەوەی کە پاڵی پێوەنام کە بیربکەمەوە لە جارێکی تر نووسینی ئەم بابەتە چەند ئامانجێک بوو، یەکەم لای خۆمەوە لە هەوڵدام لەسەر بناغەی زانست و بەڵگە مێژووی کورد بخەمە ڕوو نەک هەست و سۆز و ئایدۆلۆژیای شەخسی. ئەم هەوڵەش بۆ مەبەستی زیاتر تێگەیشتنە لە فەرهەنگی کوردی و ڕزگارکردنی مێژووەکەیەتی لە دەیان ساڵ کاریگەری ئایدیۆلۆجیای سیاسی. دووەم ماوەیەکە بابەتی ئاینی زەردەشتی زۆر هاتۆتە گۆڕێ و کۆمەڵێک بەڕێز لە هەوڵی ئەوەدان کە بگەڕێنەوە سەر ئاینی باوباپیرانیان و ئەوەش لە ئاینی زەردەشتیدا دەبینن. سێیەم زۆر جار پەیوەندیم پێوە دەکرێت و پرسیارم لەسەر ئەم بابەتە لێ دەکرێت، بۆیە سەرەڕای ئەوەی کە ئەم بابەتەم دانابوو بۆ داهاتوو لە ناوکتێبێکی تایبەتدا لەسەر ئاینی کوردی و بە دڵنیایی لە داهاتووشدا زیاتر لەسەری دەنووسم، بەڵام لەبەر ئەو هۆکارە گرنگانەی سەرەوە لێرەدا هەوڵ دەدەم بە متمانە بە بەڵگەنامە مێژووییەکان و بە شێوەیەکی تاڕادەیەک کورت، بۆچوونی خۆم لەسەر ئەم بابەتە گرنگە بخەمە ڕوو.
ناوی زەردەشت لە زمانی یۆنانیدا بە زۆراسترێس ((Zorastres هاتووە کە ئەوە هەر هەمان ئەو ناوەیە کە چووەتە زمانی ئینگلیزی و بووەتە زۆرۆاستەر (Zoroaster) . لە زمانی یۆنانیدا ناوەکە بە مانا جیاوازەکانی (پیاوی ئاینی ئەستێرە، ئەستێرە پەرست، ئەستێرە زێڕین، ڕۆحانی ئەستێرەیی) لەیەکدراوەتەوە کە تەواو جیاوازە لە ناوی (زەرەتوشترا) کە بە مانای (وشتری زێرێن) و چەندین مانای تری پەیوەست بە وشترەوە لێکدراوەتەوە. بەپێی ئەوەی کە هەردوو وشەکانی “زێڕ” و “ئەستێرە” دوو وشەی دێرینن؛ “زێڕ” لە زمانی میدیدا بەکارهاتووە و “ئەستێرە” ش لای هیتیەکان بە شێوەی (هەستێر) هەبووە، بۆیە پێ دەچێت ناوەکە لە بنەچەدا هەر (زەر/زێڕئەستێرە) بووبێت بە مانای (ئەستێرەی زێڕین/ئەستێرە زێڕ) یان مانایەکی تر لە چوارچێوەی ئەو دوو وشەیەدا. ئەوەی کە بۆچوونە یۆنانیەکە بەهێزتر دەکات ئەوەیە کە لێکدانەوەی ئەوان دێرینترە لە سەرچاوەکانی تر و زیاتر نزیکترە لە ڕاستیەوە لە کاتێکدا کە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زەردەشت کەسایەتیەکی ئەستێرەناس بووە و لەو سەردەمەشدا ئەستێرەناسی بەشێک بووە لە ئاین و مرۆڤ پێی وا بووە کە زۆر لایەنی ژیانی مرۆڤ و چارەنووسی بە ئەستێرەکانەوە بەستراوە.
ئەو لێکدانەوەیەی سەرەوە لەگەڵ زانیاریەکانی کتێبەکەی فەیلەسوفی کورد شەمسەدینی شارەزووری زیاتر یەکدەگرێتەوە. شارەزووری نزیکی هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر ئاماژە بەوە دەکات کە زەردەشت خەڵکی ئازەربایجان (ئاتەرپاسیان) بووە و لە منداڵیدا لەگەڵ باوکی ڕووی کردۆتە شاری حەران و لەوێ لای فۆریسی حەکیم فێری زانستی ئەستێرەناسی بووە. بەپێی شارەزووری، زەردەشتیش لەسەر هەمان بۆچوونی مامۆستاکەی بووە. زەردەشت کاتێک کە لای مامۆستاکەی گەڕاوەتەوە و لە وڵاتی خۆی کە ئازەربایجان بووە شوێنی پێ لێژکراوە، ڕووی کردۆتە ڕۆژهەڵات و لەگەڵ خۆی ئامێرێکی ئەستێرەناسی پێ بووە کە لە فۆریسی حەکیم وەریگرتووە.
پێش شارەزووری، نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر زانای گەورەی کورد ئەبوحەنیفەی دینەوەری، کە خاوەنی کۆنترین کتێبە لەسەر کورد، باسی زەردەشت دەکات و بەپێی ڕووداوەکان کە ئاماژەیان پێ دەکات، سەردەمی زەردەشت دەگەڕێنێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی پێش زایین، واتە دوو هەزار و شەش سەد ساڵ لەمەوبەر. ناوچەی بڵاوبوونەوەی ئاینەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکانی وەک سەجستان (سیستان) و خراسان. بەڵگەی دێرینتریش هەیە کە لە ناو کورد دا ناوی زەردەشت بەکارهاتووە. لە سەدەی یەکەمی زاینیدا لە کۆڕی پاشای هەولێردا کەسێک ناوی “زەردەشت” بووە.
دیارە لێرەدا ناتوانرێت هەموو بۆچوونە جیاوازەکان سەبارەت بە ژیانی زەردەشت بخرێنە ڕوو و لایەنی ساڵی ژیانی ئەو پێغەمبەرە بۆچوونی جیاوازی لەسەرە، بەڵام ئەوەی کە بە نزیکی زۆرینە لەسەری ڕێکن و ئەو دوو زانا کوردەش تاڕادەیەک ئاماژەیان پێکردووە، کات و شوێنی بڵاوبوونەوەی ئاینەکە دەستنیشان دەکرێت بە نزیکی سەدەی شەشەمی پێش زایین و شوێنەکەشی نزیک ئەفغانستان و خوراسان و سیستان و کرمانە، هەروەها ڕوون دەبێتەوە کە زەردەشت خەڵکی ئازەربایجانە.
ئاینی زەردەشتی لە ڕۆژهەڵاتی ئێراندا سەری هەڵداوە و ئەو ناوچەیەش ناوچەی ئەشکانیەکان بووە. ئەشکانیەکان کە خەڵکانێکی دێرینی ڕۆژهەڵاتی ئێران بوون لە نزیک خۆراسان و سنووری ئەفغانستاندا بوون و سەرچاوە ئەوروپیەکان بە (پارث Parth) ناویان دەهێنن و تەواو لە فارس جودا بوون و هەتاوەکو سەردەمی ئیسلامیش هەر بە جودا لە فارس مامەڵەیان لەگەڵ کردوون. ئەوان دوای کزبوونی دەسەڵاتی یۆنانی، ووردە ووردە بوونە زلهێزی دووەمی ناوچەکە، بەڵام پێشتریش وەک دەسەڵاتی ناوخۆیی لەو ناوچەیەدا هەر هەبوون. دەسەڵاتی ئەشکانی لە سەدەی سێیەمی پێش زایینەوە دەستیپێکردووە، لەوێوە و لەگەڵ هەڵکشانی دەسەڵاتی دەوڵەتە زلهێزەکەیاندا ئەوان بوونە تاقە هێزی مەزن بەرامبەر یۆنان و دوایی ڕۆمەکان و لەئەنجامدا ئایینەکەیان بەبەرگی فەرهەنگی ئەشکانیەوە بە هەموو ناوچەکاندا بڵاوبووەتەوە. هەموو ناوچەکانی ناو ئاوێستا و بەڵگە مێژووییەکان پشتگیری لەوە دەکەن کە ئاینەکە لە ڕۆژهەڵاتی ئێراندا دەستیپێکردووە. دوایی لە سەردەمی ساسانیەکاندا کە کاریگەری پێج سەد ساڵ فەرهەنگی ئەشکانیان لەسەر بووە، ئاینەکە بایەخی پێدراوە و پەرەی سەندووە، بەڵام لە بنەچەدا ئاینی ئەو ناوچەیە نەبووە. ئاینی زەردەشتی ئاینێکە کە لە ناوچەی ئەشکانیەکاندا داڕێژراوە و لەوێ بڵاوبووەتەوە و بەهۆی مانەوەی دەسەڵاتی ئەشکانیەوە بۆ نزیکی پێنج سەد ساڵ ئاینەکە بەهێز بووە.
زۆرێک لە بۆچوونەکان سەبارەت بە زەردەشت و ئاینەکەی لە ژێر سایەی ئەفسانەی ئاریەکاندا دروست بووە و زۆر ڕووی زانستی لە دەست داوە، بۆیە ناڕوونیەکی زۆر لە ئاینی زەردەشتیدا هەیە لە ڕووی دەستنیشانکردنی سەردەمی نووسینی تێکستەکانەوە. کێشەکە لەوەدایە کە بەڵگەیەکی مادی نیە بیسەلمێنێت ئەو تێکستانە زۆر دێرینن و ڕووداوەکانی ناو ئاوێستاش لەو ڕووەوە هاوکاری ناکەن. لەبەر ئەوەی کە مادەی کۆنترین تێکستی ئاڤێستایی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆیەمی زاینی. هەر ئەوەش نیە، لە ڕاستیدا یەک بەڵگە نیە نیشانی بدات تێکستەکانی زەردەشت لە کاتی خۆیدا نووسراون، ئەو تێکستانە بە دڵنیایی دوای خۆی نووسراون. مانی پێغەمبەر بە ئاشکرا دەڵێت کە زەردەشت هیچ کتێبێکی نەنووسیوە و کتێبەکان لە دوای خۆی نووسراون بێ ئەوەی کە دەستنیشانی سەردەمەکەی بکات. ئەوە دیسان دەیسەلمێنێت کە مانی پێغەمبەر، نزیکی هەزار و حەوت سەد ساڵ لەمەوبەر پێی وابووە تێکستی ئاینی زەردەشتی لە کاتی ژیانی زەردەشتدا نەنووسراوە و گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە.
زۆر ڕووی ئەم ئاینەش، بە هەڵە لێکدراونەتەوە. بۆ نموونە فەروهەر کە سیمبوڵی ئاینی زەردەشتیە (بڕوانە وێنەکەی لای ڕاست)،لە بنەچەدا سیمبوڵێکی بنەچە زەردەشتی نیە و بە سەدان ساڵ پێشتر بە هەمان شێوە لای ئاشوریەکان دەرکەوتووە. ئەو سیمبوڵە لە بنەچەدا خودای (ئاشور) ە کە لە شێوەی پیاوێکی ڕیشندا بووە، لە ناو خۆر و دووباڵ جێگیر کراوە و لە سەدا سەد سیمبوڵێکی ئاشوریە و ئەخمینیە فارسەکان وەک خۆی لە ئاشوریەکانیان وەرگرتووە. شێوە دێرینی ئەو سیمبوڵە سەدان ساڵ پێش ئاشوریەکان و نزیکی چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر، لای هوریەکان شێوەیەکی ڕەسەنتری هەبووە و ئاشوریەکان لە هوریەکانیان وەرگرتووە و گۆڕیویانە. هەر وەک لەو وێنەیەی دەستی چەپدا دەردەکەوێت کە لەسەدەی نۆیەمی پێش زاییندا هەڵکەندراوە و زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئاشوریەکان، لای هوریەکان شێوە ڕەسەنە زاگرۆسیەکەی هەبووە. لە ڕاستیدا فەروهەری زەردەشتیەکان، دەستی سێیەمە و سیمبوڵێکی ئاشوریە کە لە شێوەیەکی تێکدراوی سیمبوڵێکی هوری و ڕەسەنی زاگرۆسەوە وەرگیراوە. هەندێک بۆچوون هەیە کە لە بنەچەدا ڕۆژ و دو باڵەکە میسری بێت، بەڵام چەندین لێکۆڵینەوەی تر پێچەوانەی ئەوەیان سەلماندووە. ئەوەی کە ڕوونە ئەمڕۆ زۆر کەس ئاگاداری ئەوە نین کە ئەو سیمبوڵە بە ناو زەردەشتیە، خودایەکی ئاشوریە کە ئەوان بە زەردەشتی لە قەڵەم دەدەن.
گەر باس لە پەیوەندی کورد و ئاینیی زەردەشتی بکرێت، ئەوا بە دڵنیایی ئاینی زەردەشتی لە سەردەمی ئەشکانیەکان و لە سەدەی سێیەمی پێش زایینەوە ووردە ووردە کوردی پێ ئاشنا بووە و کاریگەری ئەو ئاینەش زۆرجار لە سەر سەنتەرەکانی دەسەڵات و شارە گەورەکاندا دەرکەوتووە. واتە بەدڵنیای ئەو ئایینە کاریگەری لەسەر کورد هەبووە وهەندێک کوردیش بوونەتە زەردەشتی، بەڵام کورد پەیڕەوی هەمان ئەو ئاینە زەردەشتیەی نەکردووە کە لە ڕۆژهەڵاتی ئێراندا دەرکەتووە و هەندێک گۆڕانکاریشی لەو ئاینەدا کردووە بە جۆرێک کە هەندێک جار ئاینەکە لە کوردستاندا جگە لە ناوی زەردەشت بە تەواوی گۆڕانکاری تێدا کراوە لەبەر ئەوەی کە ئاینی هەڵقوڵاوی کوردستان نەبووە و ئاینێکی نامۆ بووە بە کوردستان. دیارە وەک پێشتر ئاژەی پێکرا، سەرچاوە کوردیەکان ئاماژەیان بە زەردەشت کردووە و تەنانەت لە هەندێک لە شیعرە یارسانیەکانیشدا ئاماژە بە زەردەشت کراوە، بەڵام ئەوانە ئاینەکە ناکەنە ئاینێکی کوردی، لەبەر ئەوەی کە شیعرە یارسانیەکان باسی داود و ئیبراهیم و چەندین کەسایەتی و پێغەمبەری ئاینی تری ترێدا کراوە.
ئەی باشە ئەم ئاینە چۆن کرایە ئاینی کوردان؟
مێژووی کورد لەسەر بناغەی زانست و لێکۆڵینەوە دانەڕێژراوە، ئەو مێژووە بەشێکی زۆری لە ژێر سێبەری کاردانەوە و لە توڕەییدا نووسراوە. لە سەدەی ڕابردوودا کە زۆر لە وڵاتەکانی ئەمڕۆ بە مانا نوێکەیان دامەزران، هەر نەتەوە و لە هەوڵدا بوو لە هەموو ڕوویەکی مێژووییی، ئاینی، زمانەوانی… – ەوە نەتەوە و وڵات دابمەزرێنێت و مانای هەمە لایەنە بۆ ئەو بابەتە پێکبهێنێت. کوردیش ئەو کاتە سەرقاڵی ڕەتکردنەوەی دابەشبوون و بەرهەڵستیکردنی نکۆڵیکردن لە ناسنامەکەی بوو، بۆیە زۆر جار هەوڵی داوە کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر بەو نکۆڵی کردنە و لە ئەنجامدا بێ هیچ پرسیارێک گورج ئەو ئاینەی کردۆتە ئاینی خۆی. ئەگەر مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ئەو هەوڵانە بۆی دەردەکەوێت کە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی نەکراوە بۆ ئەوەی کە بسەلمێنرێت ئاینی زەردەشتی ئاینی کورد بووە. ئەوەی کراوە هەوڵ و بڕیار بووە بەو ئاڕاستەیە و ئەنجامەکەشی بۆ ئەو کاتەی کورد مایەی دڵخۆشی بووە. بۆیە زۆرتر ئەو کوردانەی کە لەو بوارەدا هەوڵیان داوە، نەهاتوون پرسیار لە ڕاستی و دروستی ئەو بابەتە بکەن، بەڵکو هەوڵەکە بۆ ئەوە بووە کە هەر شتێک ببینن بە پەلە پەیوەندی بۆ بدۆزنەوە لەگەڵ ئاینی زەردەشتیدا. بۆیە ئەمڕۆ هەر ئاسەواری ئاگردانێک لە کوردستاندا بدۆزرێتەوە، بە پەلە دەکرێتە زەردەشتی بێ ئەوەی کا ئاگاداری ئەوە بین کە ئاگردان لە پەرستگەدا زۆر پێش ئاینی زەردەشتیە. تەنانەت فەیلەسوف و پیاوی ئاینی یارسانی کورد، پیر شالیار، کراوەتە زەردەشتی بێ ئەوەی کە یەک بەڵگە هەبێت کە ئەوە پشتڕاست بکاتەوە جگە لە بەزۆر کردنی بە کەسایەتیەکی زەردەشتی. بەو جۆرە ئەم ئایینە بەزۆر کراوەتە ئاینی کوردی و ئاینی هەڵقوڵاوی کوردستان نیە و ئەو هەوڵانەش کە دەدرێن بە زۆر بۆ کردنی بە ئاینێکی کوردی، زیاتر زیان بە فەرهەنگ و مێژووی کورد دەگەیەنن وەک لە قازانج.
لە ڕاستیدا زۆر گران نابێت کە بتوانرێت بزانرێت باوباپیرانمان زەردەشتی نەبوون و پەیڕەوی ئەو ئاینەیان نەکردووە. گەر سەرنجی زۆرینەی گۆڕە دێرینەکانی کوردستان بدەین، ئەوا بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە باوباپیرانمان بە ڕێوڕەسمی زەردەشتی نەنێژراون و ئەو گۆڕە کوپە گڵێنیانەی کوردسان، کە لەهەموو شوێنێک دەدۆزرێنەوە، دەری دەخەن کە باوباپیرانمان بە ڕێوڕەسمێکی مێژوویی کوردی دوور لە ئاینی زەردەشتی نێژراون. هەندێک جار ڕێوڕەسمی تریش لە سەرچاوەکاندا دەردەکەوێت کە دیسان پێچەوانەی ئاینی زەردەشتیە. لە نزیکی سەدەی یەکەمی زاینیدا پاشای کوردی ناوچەی کوردیان (کوردستان) کە ناوچەی جەزیرە و بۆتان دەکات، تەرمەکەی ئاگری تێپەردراوە و سووتێنراوە، کە ئەو دابوونەریتە و ناشتن لە کوپەدا، بە تەواوی پێچەوانەی ڕێوڕەسمی ئاینی زەردەشتین. جگە لەوە چەندین خەڵکی یۆنانی هاتونەتە ناوچەکە و باس لەوە ناکەن کە خەڵکەکە هەمووی زەردەشتی بووبێتن. واتە بە ووردی ڕوونە کە کورد لە سەدەی ڕابردووەوە بڕیاری داوە ڕابردووی خۆی بە ئاینی زەردەشتیەوە گرێ بدات، کە بڕیاریش درا، ئەوا زۆر ئاسان دەبێت کە لە هەموو شتێکدا لەیەکچوون لەگەڵ ئەو ئاینەدا دروست بکرێت و بەو جۆرە ئەو ئاینەمان بە بڕیار کردۆتە ئاینی خۆمان.
جگە لەو خاڵانەش، ئەمڕۆ یەک زەردەشتی دێرین لە کوردستاندا نیە، زۆرینەی ئەو زەردەشتیانەی کە لە وڵاتی ئێراندا ماون لە وڵاتی ڕەسەنی زەردەشتیەکان کە ناوچەکانی یەزد و کرمانە، ماون. ئەو ناوچانە ناوچەی بنەچەیی ئەو ئاینەن و بە هیچ جۆرێک یەک زەردەشتی لە رابردووی نزیکدا لە کوردستاندا نەبووە. ئاینی زەردەشتی ئاینی کورد نەبووە و ئاینێکە کە هاتۆتە ناو کوردەوە و لە کاتێکدا کە هەندێک کورد بوون بە زەردەشتی، بەڵام زۆرینەی کورد لەسەر ئاینەکانی باوباپیرەی خۆیان ماوەنەتەوە، کە ئەمڕۆ تەواوکەری ئەو ئاینانە، ئاینەکانی یارسانی (کاکەیی)، ئەلەوی، ئێزدی، شەبەک و دروزیە.
بە دڵنیایی من دژی ئەوە نیم لە کوردستاندا پەرستگەی زەردەشتی، بودی (بودی) ، جویی، کریستیانی یان هەر ئاینێکی تر هەبێت و بکرێتەوە، ئەوانیش وەک ئاینی ئیسلام ئاینن و وەک چۆن مافی دروستکردنی مزگەوت هەیە، بە بۆچوونی من دەبێت هەمان ماف بدرێت بە دروستکردنی پەرستگەی هەموو ئاینێکی تر و بە هیچ شێوەیەک ناکرێت ئەو مافە تەنها بۆ یەک ئایین ڕەوا بێت، بەڵام بە تەواوی دژی تێکدانی فەرهەنگی کوردیم و بە هەموو شێوەیەک دژی ئەوەم کە مێژوومان لەسەر بناغەی هەست و سۆز و بیر و بۆچوونی شەخسی بنووسینەوە و ناکرێت کاردانەوەی توڕەییانە لە ڕەتکردنەوەی ناسنامەی کورد وامان لێبکات کە مێژووی کورد و ناسنامەکەی تێکبدەین. ئەو کەسانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ئاینی باوباپیرەیان، هەڵبژاردەیان زۆرە، لەبەر ئەوەی کە ئاینی زیندووی ڕەسەنی کوردیمان ماون و هەر یەک لە ئاینەکانی یارسانی (کاکەیی)، ئەلەوی، ئێزدی، شەبەک و دروزی ئاینی کوردی هەڵقوڵاوی فەرهەنگی کوردین. تەنانەت ئاینی مانی زۆر زیاتر پەیوەندی بە کوردەوە هەیە وەک لە ئاینی زەردەشتی. بۆیە ناکرێت ئەم ئایینە بەزۆر بکەینە ئاینی خۆمان. دەبا ڕێز لە ئاینە کوردیەکان بگرین و هەوڵی پاراستنی پەیڕەوانی بدەین و کۆمەڵگەکەمان پێیان ئاشنا بکەین نەک ئاینێک کە کوردی نیە بە زۆر بکەینە کوردی.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبینی: ئەم بابەتە زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێت. بە بۆچوونی من دەبوو دەهێندە درێژ تر بێت بەڵام هەوڵی زۆرم دا لەبەر ئاسانکاری بۆ خوێنەر کە لێرەدا کورتی بکەمەوە. هەروەها دەبێت ئەوە بڵێم کە وەک هەمیشە هەر بەڕێزێک سەرنجێک دابنێ، ئەوا وەک ڕێزێک بۆ ئەرک کێشانی لایکی سەرنجەکەی دەکەم، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە لەگەڵ بۆچوونەکەی یان دژی بم.
وێنەکان:
وێنەکەی لای ڕاست: ئەو وێنەیە هەڵکەندراوێکی ئاشوریە کە لە سەدەی نۆیەمی زاینی (نزیکی دوو هەزار و نۆ سەد ساڵ لەمەوبەر) هەڵکەندراوە بۆ ئاشوربانیپاڵی ٢ کە دەبینرێت سیمبوڵی خودای ئاشوری تێیدا دەردەکەوێت کە لە ناو ڕۆژ و دووباڵدا جێگیر کراوە.
وێنەکەی ناوەڕاست: ئەو سیمبوڵەیە کە ئەمڕۆ بە زەردەشتی لە قەڵەم دەدرێت و لە بنەچەدا ئاشوریە.
وێنەکەی لای چەپ، وینەیەکی خەیاڵی پێغەمبەر زەردەشتە.
سەرچاوەکان:
حەمەڕەش، سۆران (٢٠١٣) کورد کێیە؟، لەندەن.
الدینوري، ابو حنیفة احمد بن داود (١٨٨٨) الاخبار الطوال، مطبعة بریل، مدینة لیدن.
الشهروزوري، شمس الدین محمد بن محمود (٢٠١٠) نزهة الارواح و روضة الافراح في تاریخ الحکماء والفلاسفة، دائرة المعارف العثمانیة، هند.
Krupp, E. C.(2012) Echoes of the Ancient Skies: The Astronomy of Lost Civilizations, Harper and Row, New York.
Nigosian, S. A. (2003) The Zoroastrian Faith: Tradition and Modern Research, McGill-Queen’s University Press, Qubec.
Voorst, R. V. (2014) RELG: World, Cengage Learning, USA.
Boyce, M., Grenet, F. (1991), Handbuch der Orientalistik: Der Nahe und der Mittlere Osten, Brill.
Potter, D. S. (2014) The Roman Empire at Bay, AD 180–395, Routleg, New York.
D’Adamo, A. (2015) Science Without Bounds: A Synthesis of Science, Religion and Mysticism, CreateSpace Independent Publishing Platform.
Bromiley, G. W. (1988) The International Standard Bible Encyclopedia, Volume 4, B. Eerdmans Publishing Co. Chicago.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

1475586543132

خويندنەوەيەكى تر سەبارەت بە نــــەخشە هەڵكۆڵراوەكەى قزقەپــان

‌ه. دكتۆر ج.ج.كامیرۆن لە دانشگای شیكاگۆ وا دەبینێ كە گۆڕی قزقەپان بۆ سەردەمێكی دواتر لە …